"ئۆجالان بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن ڕێبەرە"
ژنانی شاری کۆبانێ سەرنجیان بۆ بیرۆکە و پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاکێشا لە گۆڕینی هزری پیاوان و ڕایانگەیاند، ئۆجالان نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن، ڕێبەرە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250214-jpga5cbc6-image.jpg)
نورشان عەبدی
کۆبانێ- لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ پرۆسەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد دەستیپێکرد، ئامانج لەم پیلانگێڕییە کە بە هاوکاریی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەستیپێکرد، لەناوبردنی تێڕوانینە فەلسەفیەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و پڕۆژەی ئاشتی جیهانی بوو، قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە بە فشار بۆ سەر سووریا دەستیپێکرد و داوای کرد ئیدارەی شام ڕێبەر لە سووریا دەربکات، دوای ئەوەی ڕێبەر ئۆجالان لە ٩ی تشرینی یەکەم سووریای بەجێهێشت، پیلانەکە بە تەواوی جێبەجێ کرا و لە ئەنجامدا لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە کینیا ڕفێندرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرا، لەو ڕۆژەوە ڕێبەری گەلی کورد لە دوورگەی ئیمرالی زیندانی کراوە و لەژێر گۆشەگیریی تونددایە.
دوای چەندین ساڵ لە گۆشەگیری، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا بنەماڵەکەی و پارێزەرانی و شاندی دەم پارتی ڕێگەیان پێدرا لەگەڵیدا کۆببنەوە، ئەم گەشەسەندنە بۆ ئەو ژنانە مانای گەورەی هەیە کە بیری ئەویان هەڵبژاردووە و بووەتە هیوایەک بۆ ئازادی جەستەیی. ژنانی شاری کۆبانێ لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند، ئەمساڵ لە ڕووی پرسی کوردەوە جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو، چاوەڕێی ئازادکردنی فیزیکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و هەوڵەکان بۆ ئاشتیین.
"ئۆجەلان نەک تەنها بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن ڕێبەرە"
هەدلە حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کۆبانێ (تەڤ-دەم) ڕایگەیاند، ئۆجالان تەنیا بۆ گەلی کورد نا بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کە بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن ڕێبەرە، وتیشی: بیرۆکەکانی لەلایەن ملیۆنان ژنی سەرتاسەری جیهانەوە قبوڵکراون، ئەو ڕێبەرێکی دیموکراتیکی مرۆڤایەتییە. فەلسەفەکەی ڕێگەی چارەسەری هەموو قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵیاندا لەڕێگەی پیلانێکی نێودەوڵەتییەوە بیر و فەلسەفەی ئۆجالان لەناوببەن بەڵام شکستیان هێناو وتی: ئەوان دەیانویست بیرو فەلسەفەکەی لەناوببەن بەڵام پیلانەکەیان ئیرادە و خەباتی ئێمەی گەورەتر و بەهێزتر کرد، دەیانوت بە گرتنی ئۆجالان خەباتی گەلەکەمان لاواز دەکەن بەڵام ئەوە ئۆجالان بوو، ئێمە زیاتر پەیوەست بووین بە خەباتەوە و بەهێزتر بووین ئێمە بە ئیرادەتر لە جاران بەردەوامین لە خەباتەکەمان بۆ ئەوەی پیلانەکە بە تەواوی پووچەڵ بکرێتەوە.
"هەموومان چاوەڕێی بیستنی دەنگی ئەوین"
هەدلە حسێن ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی ئەو گەل و ژنانەی کە باوەڕیان بە بیری عەبدوڵا ئۆجالان هەیە، ئازادی جەستەیی ئۆجەلانە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەبێت گۆشەگیری توند و بێ یاسایی بەرامبەر ئۆجالان لە ئیمرالی کۆتایی پێبێت، ١٥ی شوبات چیتر نابێت وەک ڕۆژێکی ڕەش لەبیر بکرێت، بەڵکو دەبێت ڕۆژی ئازادی جەستەیی ئۆجالان و سەرکەوتنی خەباتەکەمان بێت، هەمووان چاوەڕێی گوێگرتن لە دەنگی ئەون.
کاریگەری بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر تەڤگەری ژنان
بێریڤان جومعە، ئەندامی نوسینگەی ژنانی تەڤ-دەم، کاریگەریی بیروڕای ڕێبەری گەلی کورد لەسەر ژنان و کۆمەڵگە هەڵسەنگاندو ڕایگەیاند، فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگایەکی گرنگی لە خەباتی ئازادیی ژنان خۆش کردووەو وتی: هێزە نێودەوڵەتییەکان، بە گرتنی ڕێبەر ئاپۆ و گۆشەگیرکردنی، ویستیان بیروڕاکانی سنووردار بکەن، بەڵام لەم بابەتەدا شکستیان هێنا. چونکە بیری ڕێبەر ئاپۆ لە دڵی ژن و گەلدایە، ئەو مۆدێلەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروستکراوە، لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی ئەو دامەزراوە، ئێمەش لەم ئاراستەیەدا بەردەوامین لە خەباتەکەمان.
بیریڤان جومعە ئاماژەی بەوەشکرد، بیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری زۆری لەسەر گۆڕینی بیرکردنەوەی پیاوان هەبووە، ئەمەش گۆڕانکاریی ئازادی ژنانی خێراتر کردووە، وتی: بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ ئازادی ژنان، بەڵکو لە ڕووی گۆڕینی بیرکردنەوەی باڵادەست لە کۆمەڵگادا بە گشتی شۆڕشێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەمڕۆ ژنان ئەو فشارانەیان شکاندووە کە بەسەریاندا سەپێندراوە، لەم فشارانە ڕزگاریان بووە، ژنان دەتوانن بە ئازادی بیروڕاکانی خۆیان دەرببڕن و بەرگری لە مافەکانیان بکەن و ناسنامەی خۆیان بپارێزن، فەلسەفەی ئەو ڕێگەی بە ژنان دەدا خۆیان بناسێنن.
ترس لە بیری ڕێبەر عەبدولا ئۆجالان و بەرخۆدان لە بەرامبەر پیلانگێڕی
بێریڤان جومعە لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە هۆکاری پیلانگێڕیی دژی ڕێبەری گەلی کورد ترسە لە فەلسەفەکەی و وتی: بیری ڕێبەر ئاپۆ بووەەتە سەرچاوەیەکی گەورەی ئیلهام لە خەبات بۆ ئازادی گەلان لە سەرانسەری جیهاندا، فەلسەفە و سیاسەتەکەی مۆدێلێکی ڕاستەقینەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دەوڵەتە پیلانگێڕەکان ئازادی جەستەیی ئەویان ناوێت، بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەمساڵ جیاواز دەبێت لە ساڵانی پێشوو، هەروەها ئەگەری ئەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالیەوە بانگەوازی پێکهاتەکان بکات، مایەی هیوایەکی گەورەیە بۆ ئێمە.