پەیڕەوکارانی ئاینی: داوا لە سەرجەم باوەڕداران دەکەین پشتگیریی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن
پەیڕەوکارانی ئاینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم باوەڕداران کرد، هاوهەوڵوێست و پشتگیریی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە بارەگای نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان، پەیڕەوکەرانی ئاینە جیاوازەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە.
لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، محەمەد عەلی، ئەندامی نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان وتی: لە ئیستادا ئەوەی دەبینرێت کورد بووەتە بابەتێکی سەرەکی لە بوارەکانی سیاسی و دیبلۆماسییدا، ئەم چالاکییانەی کە لە باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت نیشانەی یەکگرتوویی کورد دەردەخات و هاوڵاتییانی ڕۆژئاواش ئەم هەڵوێستانە بەرز دەنرخێنن.
هەروەها مامۆستا مەلا نادر وتی: بەناوی خوشک و برایانمان لە ئاینە جیاوازەکان پشتیوانی خۆمان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم باوەڕداران دەکەین هاوهەوڵوێستمان بن و پشتگیریی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن لەو زوڵمەی بەرمابەر بە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت و لەم وەرزی سەرمایەدا لە ماڵی خۆیان وەدەردەنرێن.