هێمای شۆڕش بە شۆڕشی ژنان ڕازێندرابووەوە: هێڤا عەرەبۆ
هێڤا عەرەبۆ کە لە ٢٧ی کانوونی دووەم لە ڕانیە لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا کرایە ئامانج، بوو بە هێمای شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. زەکیە عەرەبۆ دایکی هێڤا دەڵێت: شانازی بە کچەکەمەوە دەکەم.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250214-jpgc0a8d0-image.jpg)
پەروین ئامارا
قامیشلۆ- شۆڕشەکان لەلایەن کەسایەتی نموونەیی بونیاد دەنرێن کە گیانی خۆیان لە پێناو ئازادیدا بەخت دەکەن، شۆڕشی ڕۆژئاوا کە پڕ بوو لە نموونەی ئەو ژنە کەسایەتیانە کە لە پێناو ئازادی گەلەکەیان و ئازادی هەموو ژناندا تێکۆشان، بۆتە ئیلهامبەخشێک بۆ ئازادی و سەرکەوتن بۆ هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، شۆڕشی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە خەبات و پێشەنگایەتی ئەو ژنانە ناسراوە کە بێ دوودڵی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ژیاون، هەموو تەمەنیان بۆ ڕزگارکردنی ئەم خاکە تەرخان کردووە، لەژێر پێشەنگایەتی ژناندا کە دەنگ و ڕەنگەکانیان شۆڕشی ئەمڕۆ ئاشکرا دەکەن، دەستکەوتەکانی ئەم گەلە پارێزراو بوون.
هەنگاو بەرەو شۆڕش
هێڤا عەرەبۆ کە بە ساڵیحە ڤیان ناسراوە، یەکێک بوو لەو ژنانە پێشەنگانە. لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری دێربەسی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایکبووە، بە هۆی نیشتمانپەروەری بنەماڵەکەیەوە لە تەمەنێکی گەنجیدا فێری خەباتی ئازادیخوازی کوردستان بووە و بەم ئایدۆلۆژیایە گەورە بووە، چوارەم منداڵی خێزانەکە بووە و بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە خوێندنگە خوێندوویەتی. تەمەنی تەنها ١٦ ساڵ بوو کاتێک دەستی بە چالاکییە سیاسییەکان کرد، بەشداری لە کار و چالاکییەکانی ڕێکخستنی خەڵکدا کرد، بۆ ئەوەی ببێتە کەسایەتییەکی پێشەنگ و خاوەنی ناسنامەی ژنی ئازاد، ساڵی ٢٠٠٠ بەرەو چیاکانی کوردستان ڕۆیشت، لە ڕێگەی تێکۆشان و قوربانیدانی ساڵانێکەوە بوو بە نموونە بۆ هەموو هاوڕێ ژنەکانی.
"بە فیداکاری خۆی بوو بە نموونە بۆ هەموو ژنان"
ساڵیحە ڤیان هەروەها لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوادا هەوڵ و فیداکارییەکی زۆری دا، لە سەرەتای شۆڕشدا چەندین کار و چالاکی گرنگ و بەنرخی بۆ ژنان ئەنجامدا، وەک ژنێکی کورد نەک تەنها بۆ ژنانی کورد، بەڵکوو بۆ ژنانی عەرەب کاری زۆری کردووە، کە دوای ئازادکردنی ناوچەکانی مەنبەج، ڕەققە، تەبقا و دێرەزوور، ناسنامەی خۆیان هەبێت و دان بە ئیرادەی خۆیاندا بنێن. یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئیدارەی خۆسەر، کار بۆ ناسنامەی هەموو پێکهاتەکان دەکات. هەروەها بەشداری لە لیژنەی ژنانی کانتۆنی جزیرە کردووە و ڕۆڵی هاوسەرۆکی کانتۆنی جزیرەی وەرگرتووە. لەم دواییانەدا لە کۆنگرەی ستار دەستی بە کارکردن کردووە و لە دوایین کۆنگرەدا وەک ئەندامی کۆردیناسیۆن هەڵبژێردرا. لەو هەوڵانەدا ماندوونەناسانە بۆ ئایندەی هەموو ژنان کاری کردووە و بە خۆبەخشی و خۆنەویستی خۆی جێگەی خۆی لە دڵی هەموو ژناندا بەدەستهێناوە، ڕۆژی ٢٧ی کانوونی دووەم، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە شارۆچکەی چوارقوڕنە کە بەشێکە لە ڕانیە لە باشووری کوردستان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە هێڤا عەرەبۆو دوو هاوڕێی کرانە ئامانج.
خەونی هەمیشە ئەوە بوو کە ببێتە ژنێکی پێشەنگ
دایکی و هاوڕێکانی بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد سەبارەت بە کەسایەتی و ژیانی، زەکیە عەرەبۆ دایکی هێڤا عەرەبۆ باسی لە ژیان و خەباتی کچەکەی کردو وتی: ئەو ڕۆژەی کچەکەم لەم بزووتنەوەیە ئاگادار بوو، هەموو خەونێکی ئەوە بوو ببێتە ژنێکی پێشەنگ، ئەویش خەونەکەی بەدیهێنا، ساڵیحە کەسێک بوو کە ڕەوشتی هەرگیز لە ژیاندا نەلەرزی، بەهۆی نیشتمانپەروەری بنەماڵەکەوە زۆرجار هاوڕێیان لەگەڵمان دەهاتن و دەچوون، ساڵیحە کاتێک هاوڕێکانی دەبینی، ئەوەندە دڵخۆش بوو، هەستی دەکرد باڵی هەیە. جارێک پێم وت سەیری خوێندنەکەی بکات، ئەویش پێی وتم، کاتێک هاوڕێکانم دەبینم، خوێندنم لەبیر نییەو دەمەوێت بەشداری بکەم.
"داواکارییەکانی لەسەر ژیان زۆر گەورە بوون"
زەکیە عەرەبۆ باسی لەوە کرد کە ساڵیحە ڤیان تەنانەت لە منداڵیدا ویستێکی زۆر گەورەی هەبووە و وتی:: تەنانەت لە تەمەنێکی بچووکیشدا ویستەکانی بۆ ژیان زۆر گەورە بوون، تەنانەت پێش ئەوەی پەیوەندی بەوەوە بکات، وتی "متمانەم بە خۆم هەیە، دەتوانم مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکەم" گەنج بوو، بەڵام ئارەزووەکانی زۆر گەورە بوون، وەک دایکی دەڵێم بەهۆی ئەو و شەهیدبوونی سەرم بەرز بووەتەوە و هەرگیز پەشیمان نەبووینەتەوە لە ڕۆیشتن بەم ڕێگایەدا.
هاوڕێکەی: میراسێکی گەورەی بۆ ژنان بەجێهێشتووە
ئەمینە عومەر کە هاوڕێی ساڵیحە ڤیانە هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە کاتی دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا یەکتریان بینیوە و بەم قسانە باسی خەبات و فیداکاری ئەوی کردو وتی: یەکەمجار ساڵیحەم بینی، یەکسەر جێگەی خۆی لە دڵتدا گرت، دوو ساڵ لە لیژنەی ژنان پێکەوە کارمان کرد، ڕۆحی دۆستایەتی لەگەڵ هەڤاڵ ساڵیحە زۆر بەرز بوو، هەمیشە بە بەرپرسیارانە لە هەموو هاوڕێکانی نزیک دەبووەوە و ئەزموونەکانی لەگەڵ هەموو هاوڕێکانی دەوروبەری خۆیدا باس دەکرد، هاوڕێیەک لە ژیاندا مۆڕاڵی بەرز و وزەیەکی زۆر بەهێزی هەبوو، مۆڕاڵی بەرزی ئەو کاریگەری ئەرێنی لەسەر کارەکانمان هەبوو، میراسێکی گەورەی بۆ ژنان بەجێهێشتووە.
"شوێنی ئەوان بە بەتاڵی ناهێڵینەوە"
ئەمینە عومەر ڕایگەیاند کە لە ژیانیدا ڕێبازی هەڤاڵەکەی ساڵیحە ڤیان دەگرێتە بەر و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کەسایەتی وەک ساڵیحە هەم مایەی خەمن بۆ ئێمە و هەم ئەو بەرپرسیارێتییەی کە دەکەوێتە سەر شانی ئێمە وەک ژن هێندەی تر قورستر دەکەن، مێژوویەکی پڕ لە خەباتی لەدوای خۆی بەجێهێشت، شەهید بوونی ئەو جۆرە هاوڕێیانە کە هەموو ساتێکی ژیانی خۆیان لە پێناو خەبات و ئازادی ئەم گەلەدا بەخت کرد، دڵتەنگمان دەکات، بەڵام هەمیشە لە ژیانماندا شوێنکەوتووی ئەوان دەبین، هەرگیز ناهێڵین ئەو ماندووبوون و خەباتەی ئەوان لەبیر بکرێت.