فیگەن یوکسەکداغ بانگەوازی لە هەموو کۆمەڵگە کرد بۆ ئاشتیی دەسپێشخەریی بکەن

فیگەن یوکسەکداغ بانگەوازی لە هەموو کۆمەڵگە کرد، بۆ ئاشتیی دەسپێشخەریی بکەن و وتی: داخوازیمان ئەوەیە، هەلومەرجی خەباتی بەڕێز ئۆجالان بڕەخسێنرێت، تا ڕۆڵی چارەسەری خۆی بە شێوەیەکی کاریگەر بگێڕێت..

 

ناوەندی هەواڵ

 

فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان "هەدەپە"  لە زیندانی کاندیرای کۆجالی، پاش سەردانی شاندی دەم پارتی کە پێکهاتبوو لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو سڵاوی بۆ هەمووان هەیە و جەختی لەوەکردەوە، لەم قۆناغەدا گەل زیاتر پێویستی بە دادپەروەریی و دیموکراسییە.

 

وتی: لەم ساتە مێژووییە چارەنووسسازەدا، هەوڵی دەسپێشخەریی بەڕێز ئۆجالان بەنرخ و یەکلاکەرەوەیە. لەپشتی ئەم هەوڵ و ئیرادەی چارەسەرە دەوەستین. گرنگ نییە لەکوێ بین. دەکرێت لە ناوخۆ یان دەرەوەبین و خاوەنی بیروڕای جیاواز بین. ئەمە ڕێگر نابێ بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانمان. ئامادەین بۆ ئاشتی شکۆمەند و چارەسەری دیموکراتیک بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجی بکەین.

 

" ئێمەی ژنان نابێت درێغی بکەین"

ئاماژەی بەوەشکرد، گەلانی تورکیا و کرێکاران و هێزە ئازادیخوازەکان و ژنان، پێشەنگی ئاشتیین. بۆیە دەبێت هەموو دینامیکەکانی کۆمەڵگە دەسپێشخەریی بکەن بۆ خوشک و برایەتی گەلان و ئاشتی، ڕێگای گەیشتن بە مافە دیموکراسیەکان و کار و نان بەم دەستپێشخەرییەدا تێدەپەڕێت، ئێمەی ژنان نابێ درێغی بکەین لە پەرەپێدانی بزووتنەوەی چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد.

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا وتی: ئێمە هاوکار و پشتیوانی هەموو ئەو کەسانە دەبین کە هەوڵ دەدەن. داخوازیمان ئەوەیە، هەلومەرجی خەباتی بەڕێز ئۆجالان بڕەخسێنرێت و تاوەکو ڕۆڵی چارەسەری خۆی بە شێوەیەکی کاریگەر بگێڕێت. نزیکایەتی بەرچاو و ئەرێنی لە چارەسەری ئەم پرسە مێژووییەدا، دەبێتە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە. بەهیوام پێکەوە پێشوازی لە بەهاری گەلان و ئاشتی و یەکسانی بکەین