ئەفغانستان، قەیرانی مرۆیی دەستی پێکردووە

لە پاش کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، دۆخی هاوڵاتیان ڕوو لە خراپ بوونە بەتایبەت ڕۆژنامەنووسان و لەنێویاندا ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان و شارەزایانی بواری مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لە پاش دەست بەسەرداگرتنی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە، وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی گەورە بووەتەوە.

 

بابار بەلوج، وتەبێژی UNHCR ڕایگەیاندووە، ئەمساڵ زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئەفغانی ئاوارە بوون، قەیرانی زۆر ڕووی لە ئەفغانستان کردووە، ژنان و منداڵان بە ڕێژەی لە٨٠٪ زیانیان پێگەشتووە، جەختی کردەوە ڕێگری دەکەن لەوەی کارەسات لەناو ئەفغانستان ڕووبدات.

باسی لەوەشکرد هیچ کات ئەو ڕێژە زۆرەی ئاوارەبوون نەبووە کە ئەفغانیەکان بپەڕنەوە بۆ سنورەکانی پاکستان و ئێران.

 

هەروەها لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی ٣ی ئەیلول لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە ڕایانگەیاندووە، "پێویستە وڵاتان پارێزگاری لە میدیاکاران و ڕۆژنامەنوسانی ئەفغانی بکەن چونکە لەوساتەی تاڵیبان هاتووەتە ئەفغانستان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە بە تایبەت ژنانی میدیاکار".

 

لە ڕاگەیەنراوەکەشدا هاتووە لەم چەند مانگەی دواییدا ڕاپۆرتی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی خێزانەکانیان، هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان هەروەها هەڕەشەو تۆقاندن لەو ناوچانەی ژێر دەستی تاڵیبان زیادی کردووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت پێشتریش ئەفغانستان یەکێک بووە لە مەترسیدارترین وڵات بۆ ڕۆژنامەنووسان.

 

لە ڕێگەی بەیاننامەکەوە شارەزایانی مافی مرۆڤ جەختیان لەوە کردەوە چیتر ڕێگە نەدرێت مافی هاوڵاتیان و لە نێویاندا ڕۆژنامەنووسان پێشێل بکرێت و ڕێکاری جیاواز بگرنە بەر.

 

هەروەها جەختیان لەسەر ڕۆڵی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کردەوە و داوایانکرد، هەموو هەوڵەکان لە پێناو پاراستنی دەستکەوتە سەختەکان و ئازادی میدیاکاراندا بێت بە تایبەت ژنانی میدیاکار و ڕۆژنامەنووس.