ئارەزوو مەحمود نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دەنێرێت

ئارەزوو مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر دۆسیەی ئاو، نامەیەکی کراوە ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە نامە کراوەکەی ئارەزوو مەحموددا هاتووە: "بەھۆی ئەوەی دۆسیەی ئــاو یەکێکە لە دۆسیە گرنگەکانی نێوان عێراق و ئێران داوا لە بەرێزتان دەکەم کە لە سەردانی ئەمجارەتان بۆ ئێران تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانتان بێت، بەتایبەت لە سنوری رۆژئاوای ئێران و رۆژھەڵاتی عیراق واتا سنوری نێوان "سەردەشت- قەڵادزێ" و ئاوی زێی-ی بچووک ، کە ماوەی سێ ساڵە لە رێگەی بەنداوی "کۆڵەسە" ەوە ئێران ئاوەکە دەگرێتەوە".

 

وتوشیەتی: "بەڕێز سەرۆک وەزیران ئەم نوسینەی بۆت دەنووسم تەنها چەند دێرێکی ئاسایی نیە بۆیە دەمەوێت خەمی هەزاران خێزان لەبەرچاوبگریت کە لە نیعمەتی خوا و سەرچاوەی ژیان بێ بەش دەکرێن".

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، دانیشتوانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی "راپەرین"  لە پارێزگای " سلێمانی" کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٤٢٠ هەزار کەسە تووشی بێ ئاوی بوون و سەرەرای لەناوچونی باخ و کشتوکاڵ و ئاژەڵ و مەترسی لەناو چوونی ژیان لەو ناوچەیەدا دەبێتە کارەساتێکی واقعی سروشت ئەگەر بە جددی چارەسەری ئەم دۆخە نەکرێت لە گەڵ ئێران، "بۆیـە بەپێویستی دەزانم بڵێم بۆ مێژوی خـۆت لەم چەند ڕۆژەی تەمەنی کەمی کابینەکەت بە چارەسەرکردنی ئەم گرفتـە هەزاران خێزان و جوتیار ڕزگاردەکەیت و ژیان دەگەڕێنیتەوەبۆ سروشتی جوانی ناوچـەکەمان".

 

ئارەزوو مەحمود ڕاشیگەیاندوە، تەواوی دۆسیەکەش دەتوانرێت بەپێ دەستور و یاسا و ڕێکەوتنە جیهانیەکان سەبارەت بەپشکی یەکسانی ئــاو لە نێوان وڵاتـان چارەسەربکرێت و ئومێد دەکەین بەهەوڵی ئێوە بتوانرێت کۆتایی بەم پرسـە هەڵواسراوە بهێنرێت.