دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کۆبانێ" لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو
دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کۆبانێ" لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی چیرۆکی، ئەنیمەیشن و بەڵگەفیلم لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. ناوه ندی هه واڵ

دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کۆبانێ" لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی چیرۆکی، ئەنیمەیشن و بەڵگەفیلم لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
ناوەندی هەواڵ
دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کۆبانێ" بە ئامادەبوونی هەندێک لە سینەماکارانی کوردیی دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا و هەروەها ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی "گەشەپێدان و ئاشتی" ئەڵمانیا GIODP لە شاری "گلیزێن کێرشێن" لە وڵاتی ئەڵمانیا بەشێوەی ئۆنڵاین و بە ڕەچاوگرتنی ڕێکارە تەندروستییەکان بەڕێوەچوو.
فیلمی کۆبانێ لە دەرهێنانی دەرهێنەری ژن "ئەڤین بەرازی"یە، لە فیستیڤاڵەکەدا براوەی بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی چیرۆکی ئەنیمەیشن و بەڵگەفیلم دەستنیشانکرا.
لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا، کورتە فیلمی "گۆرانی شکاو" لە دەرهێنانی "جان باپیر" نمایشکرا و پاشان ئەو فیلمانەی هەڵبژێردرابوون بۆ پێشبڕکێکە بە شێوەی ئۆنڵاین بۆ ئامادەبووان نمایشکرا.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کۆبانێ" لە ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن "مێهران عەبدۆ" دامەزراوە، هەروەها ئەندامانی لیژنەی دادوەری بۆ دووەمین خولی فیستیڤاڵەکە بریتیبوون لە: "پشتیوان عەبدوڵڵا دەرهێنەر"، "نەجاح ئیبراهیم نووسەر و ڕەخنەگری سینەمایی هەروەها سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە هەرێمی کوردستان و دەرهێنەر لە وڵاتی سووریا"، "نەجیب ئەلئەسەد، دەرهێنەر لە وڵاتی مەغریب و خاتوو "مریەم حەلاسی" دەرهێنەر لە وڵاتی توونس.
براوەی خەڵاتەکان بۆ بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵەکە بەم شێوەیە ڕاگەیەنرا:
خەڵاتی باشترین ئەکتەری ڕۆڵی یەکەمی ژن بە "ئانجێلا موراد" ئەکتەری لوبنانی کورتە فیلمی Ta’a Al-Tannis بەخشرا.
خەڵاتی باشترین سیناریۆ بە "مەروە مستەفا" بۆ نووسینی سیناریۆی "یاڕەماسی" Potato لە دەرهێنانی "محەمەد بەدری" بەخشرا.
خەڵاتی باشترین دەرهێنان بە "محەمەد دەربەندیخانی" بۆ دەرهێنانی کورتە فیلمی "نیشتمانی قەلەڕەشەکان" The Crows land لە هەرێمی کوردستان بەخشرا.
خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی بە "ڕۆژێکی زۆر ئاسایی" لە دەرهێنانی "ئەنەس ئەلزەواهیری" بەخشرا.
خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم بە "هێمی ئارمی" لە دەرهێنانی "کەماڵ قادر" بەخشرا.
خەڵاتی باشترین ئەنیمەیشن بە کورتە فیلمی "بابەتی بازنە" Reel Thread لە دەرهێنانی "ئایەت فوئاد مەکی" بەخشرا.
خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بە "مستەفا فەرمانی" بۆ وێنەگرتنی کورتە فیلمی "شەپۆلی کۆتایی" The last Wave بەخشرا.
خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانیش بە بەڵگەفیلمی "ئەمانی" لە دەرهێنانی "فازل مەحموود" بەخشرا.
٢٢ فیلم گەیشتنە قۆناغی کۆتایی لە پێشبڕکێی فیستیڤڵەکەدا
زیاتر لە ١٠٠ کورتە فیلم لە فیلمسازانی کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەفریقیا، وڵاتانی عەرەبی و هەروەها سینەماکارانی کوردستان، خوازیاربوون بەشداریی لە خولی دووهەمی ئەم فێستیڤاڵە بکەن، لە کۆتاییدا ٢٢ فیلم گەیشتنە قۆناغی کۆتایی.
فیستیڤاڵەکە بە پێشکەش کردنی گۆرانی و پارچە موزیک جوانی کوردی لە لایەن موزیکزانی ناوداری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا "بیرادێرًێ موزیکی" کۆتایی هات.
لە دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کۆبانێ"، دەرهێنەری کورد"جینکۆ شەریف" ، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی "مستەفا زەیدان"، بەرپرسی لێژنەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان "ئەحمەد ئەحمەد"، هەروەها دەرهێنەری کورد "راڤی دیار" و دەرهێنەری کورد"محی الدین عبدالعزیز" ئەندامانی لێژنەی هەڵبژاردنی ئەم فیستیڤاڵە سینەماییە بوون.