بۆ پشتیوانی دەستگیرکراوانی بادینان، لە سلێمانی گردبوونەوە کرا

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای سلێمانی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و مامۆستایانی ناڕازیی بۆ پشتیوانیی دەستگیرکراوانی بادینان گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست

.

سلێمانی

 

ئازاد حەمە فەرەج، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بەیاننامەی گردبوونەوەکەی خوێندەوە کە تێیدا هاتووە: "ئێمە وەک دەنگی ڕاستەقینەی ناڕازی لە هەرێمی کوردستان، ساڵانێکە بۆ گەڕاندنەوەی مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، چەندین ڕێگاو شوێنی مەدەنی و جۆراوجۆرمان گرتەبەر، بەڵام هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە جیاتی بەدەنگەوە هاتنمان، خراپترین مامەڵەیان لە بەرامبەرمان هەڵبژارد، بە دروستکردن و هەڵبەستنی چەندین تۆمەتی ناڕەوا، بە تایبەت بەرامبەر مامۆستا بەدەل بەرواری و هاوڕێکانی".

 

هەروەها لە بەیاننامەکەدا داوای دادگاییەکی بەپەلە و ئاشکرا دەکەن بۆ سەرجەم گیراوانی بادینان و داواکارن لەوە زیاتر شکۆی یاسا و دادگاکان نەکرێنە قوربانیی چەند کەس و گروپێک لەناو حزبی دەسەڵاتدا.

 

دەشڵێن: "نیگەرانیی قوڵمان لە وەزیری پەروەردە و یەکێتی مامۆستایان دەردەبڕین، کە دەبوو بەفەرمیی نوێنەران لە دادگا و دانیشتنەکان ئامادەبووایە، بۆ داکۆکیکردن لە مامۆستا بەدەل بەرواریی و مامۆستایانی هاوڕێی".

 

هەر لە بەیاننامەکەدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان و هێز و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کرا، هەڵوێستی خۆیان لە ئاستێکی باڵادا لەسەر دۆسیەی گیراوانی بادینان ڕابگەیەنن، بەپێچەوانەوە بێ هەڵوێستیی و بێ دەنگبوونیان لە چوارشەممەی داهاتوو ئاشکرا دەکەن