"تورکیا پێویستی بە هەنگاوێکی سیاسی بەهێز هەیە کە هەنگاوی یەکلاکەرەوە لەخۆبگرێت"

ئائیشە گوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان ''دەم پارتی''، جەختی لە گرنگی گوێگرتن لە لیژنەکە بۆ ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان کردەوە و هیوای خواست کە لیژنەکە سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکات و هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد.

ئەنقەرە

 

 ئایشە گوڵ دۆغان داوای لە هەموو لایەک کرد بەرپرسیارێتی خۆیان بە ڕاستی وەربگرن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لیژنەی پەرلەمانی دەستپێشخەری بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسەی کە پەیوەندی بە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەوە هەیە بەبێ ئەوەی بوار بۆ ناڕوونی یان ناکۆکی بهێڵێتەوە.

 

ئائیشە گوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان ''دەم پارتی''، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوێنێ لە بارەگای پارتەکە بەڕێوەچوو، دوای کۆبوونەوەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندی ''م.ی.ک''، هەڵسەنگاندنەکانی خۆی خستەڕوو.

 

ئایشە گوڵ دۆغان لە لێدوانەکەیدا سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان ''هەدەپە''، بڕیارەکەی بە پێشینەیەکی گرنگ بۆ سیاسەتمەدارانی دیکە ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە، کە تەواوی دۆسیەکە دەکەوێتە چوارچێوەی تۆڵەسەندنەوەی سیاسییەوە، وتیشی: "هەر لەسەرەتاوە گوتمان ئەمە دۆسیەیەکی تۆڵەسەندنەوەیە کە لەسەر بنەمای هیچ ڕوونکردنەوەیەکی یاسایی و دادوەری نییە، هیچ تاوانێک نییە، تەنانەت گومانی مەعقولیش نییە، بە هیچ شێوەیەک هیچ شتێک نییە،  دەکرێت چی بێت کە بوونی نەبێت؟ دەکرێت تۆڵەی سیاسی بێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، هەروەها ڕای گشتی، ڕەوایەتی ئەم هەڵسەنگاندنە پشتڕاست دەکەنەوە، پرسیاری ئەوەی کردووە، "چاوەڕوان دەکرێت چی زیاتر بکرێت بۆ ئازادکردنیان؟ بۆچی ئەوانەی ساڵانێکە بە ناڕەوا و نایاسایی زیندانیکراون، ئازاد ناکرێن؟"، جەختیشی لەوە کردەوە، کە دۆسیەکە تەنیا سیاسییە و پێشتر ڕێنمایی سیاسی دەرچووە،  هەروەها "ئەمە نایشارینەوە، بەڵکو بە ئاشکرا دەیڵێین، بەداخەوە دەسەڵاتی دادوەری لەم وڵاتە بە پێی ڕێنماییە سیاسییەکان کاردەکات و تا ئەمڕۆش بەم شێوەیە بووە".

 

ئایشە گوڵ دۆغان جەختی لەسەر پێویستی دادپەروەری کردەوە، وتی: ''تەنها دادپەروەری دەمێنێتەوە، دەبێت هیوا لەم ڕووەوە بەهێز بکرێت، هەروەها دەبێت ڕووبەڕووی ئەو لێدانانە ببینەوە کە سیستەمی دیموکراسی بەدەستی هێناوە، دەتوانین لە ڕێگەی دادپەروەرییەوە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بەدەست بهێنین، چۆن دەتوانین قەرەبووی ئەم کاتە لەدەستچووە بکەینەوە؟ بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی یاسا، هەروەها ئاساییکردنەوەی دۆخی تورکیا و دامەزراندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی پەیوەستە بە پابەندبوون بەم یاسایە، ئێمەش هەمیشە وتوومانە کە ئەم بابەتە چیتر بارگرانیمان لەسەر دروست ناکات و هەرگیز ناشیبێت''.

 

''ئەو توێژینەوانە چین کە پەیوەندییان بە ژێرخانی یاساییەوە هەیە؟''

ئایشە گوڵ دۆغان ئاماژەی بە بانگەوازی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و کۆنفرانسی پارتی کرێکارانی کوردستان و مەراسیمی داماڵینی چەک و کشانەوەی لە تورکیا کرد و ڕەخنەی لە نەگرتنی هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی گرت سەرەڕای ئەو ماوەیە دوور و درێژەی کە بەسەر ئەو دەستپێشخەرییانەدا تێپەڕیوە،وتی: "لەم دواییانەدا پشتڕاستمان کردەوە کە بەڕاستی ئەم پێشهاتانە ڕوودەدەن، بەڵام هیچ شتێک لەسەر زەوی ناگۆڕێت، ئێمە تەنها دەتوانین بە هەنگاوی یاسایی کۆنکرێتی ڕاستی بسەلمێنین، بەڵام لە ڕاستیدا چی ڕوودەدات؟ لە کون هەوڵەکان بۆ بونیاتنانی پێکهاتەیەکی یاسایی؟ نە ڕای گشتی و نە ئێمە دەزانین، هێشتا لیژنەکە کۆنەبووەتەوە".

 

"دەبێت هەنگاوی بوێرانە بنرێت"

ئایشە گوڵ دۆغان لە لێدوانەکانیدا، سەرنجی بۆ بانگەوازەکانی هەردوو سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی دەوڵەت باخچەلی و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕاکێشا، بۆ ئەوەی لیژنەکە گوێ لە هەموو لایەنەکان بگرێت، هەروەها هۆکاری کۆنەبوونەوەی لیژنەکە یان ڕەچاونەکردنی کارنامەی پێشنیارکراوی سەرەڕای گرنگی و پێشهاتە خێراکانیشی خستە ژێر پرسیارەوە، دووپاتی کردەوە، کە پێداگریی ئەوان لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان تەنیا دامەزرێنەری تەڤگەری ئازادی کوردستان نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی سەرکردایەتییەکی کاریگەر دەکات کە سەرەڕای هەلومەرج و سەرچاوە سنووردارەکان، هەوڵدەدات لە ڕێگەی پرەنسیپی یەکسانی و چەکداماڵینی تەواو و هەمیشەیی و جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنەی ستراتیژییەوە، پرسێکی قووڵ چارەسەر بکات.

 

وتی: "بێ گوێگرتن لە ئەکتەرە ڕاستەقینەکان بێباکانە دەمێنینەوە؟، بەبێ ئەوەی بۆچوونەکانیان بگەیەنین بە لیژنەکە؟، بەبێ ئەوەی کەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆ دابین بکەین؟، یان هەنگاوی بوێرانە دەنێین بۆ خێراکردنی پرۆسەکە؟"، پرسیاری کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ تورکیا پێویستی پێیەتی هەنگاوێکی سیاسی بوێرانەیە بۆ ئەوەی هەنگاوی یەکلاکەرەوە بەرەو چارەسەرکردن بنێت.

 

عائیشە گوڵ دۆغان جەختی لەوە کردەوە، ''هەمووان بە ڕاستی بەرپرسیارێتی خۆیان وەربگرن، هەروەها ئێمە گوتمان دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرین و بوێر بین، هەست بە پێویستی دووبارەکردنەوەی ئەم بانگەوازە دەکەین، دەبێت ئێستا لیژنەی پەرلەمان ئەم بابەتە بخاتە بەرباس، کە لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەوە گفتوگۆی لەسەردەکرێت، هەروەها دەبێت پارتی دەسەڵاتدار بەڕوونی هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەم بابەتە بخاتەڕوو بەبێ ئەوەی هیچ بوارێک بۆ مشتومڕ بهێڵێتەوە، بەپێچەوانەوە تەنها دەبێتە هۆی مشتومڕی زیاتر، وە جەختی لە پێویستی کارگێڕی سیاسی کردەوە کە بوێرانە لەم بارەیەوە مامەڵە بکات، ئەمە ڕێک ئەو دەنگەیە کە دەمانەوێت بیبیستین، ئەو دەنگەیە کە پێویستمانە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە گوێ لە ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان بگرین''.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، هیوای خۆی دەربڕی کە لیژنەی پەیوەندیدار سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکات و جەختی لەسەر گۆڕینی ئەو بارودۆخە کردەوە کە ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان تێیدا دەستبەسەرە، هەروەها وتیشت: باشترکردنی ئەو بارودۆخانە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ پێشکەوتن لە پرۆسەی سیاسیدا، داوای کرد ڕێوشوێنی کۆنکرێتی بگیرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و گوێگرتن لە لایەنانە پەیوەندیدارەکان لەو پرسە.