"ئازادی مەیدانەکان" چیرۆکی ژنانی تۆپی پێی لیبیایە کە بەربەستی ترسیان شکاند

لە چوارچێوەی زنجیرەیەک نمایشی فیلم کە لەلایەن دامەزراوەی "دار بێلارج"ەوە لە مەراکشی مەغریب ڕێکخرابوو، فیلمی دیکۆمێنتاری "ئازادی مەیدانەکان" لەلایەن نەزیهە عەرەبی، دەرهێنەری لیبیا نمایشکرا، فیلمەکە بەدواداچوون بۆ خەباتی منداڵانی کچانی لیبیا دەکات بۆ بەدەست

رەجا خەیرات

 

مەغریب- بەشداربووانی نمایشی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ئازادیی مەیدانەکان" جەختیان لە گرنگی خۆڕاگری و سەرپێچی لە بەرامبەر ئەو سنووردارکردنە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕێگرن لە بەشداریکردنی ژنان لە تۆپی پێدا، هەروەها ئەو وێنە کۆنەپەرستانەیان ڕەتکردەوە کە ڕواڵەتی جەستەیی بە لێهاتوویی یاریزانەکانەوە دەبەستێتەوە، وتیان: تۆپی پێی ژنان سەرنجی بەرفراوان بەدەستدەهێنێت و کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر دیمەنی وەرزشی دروستکردووە.

 

دامەزراوەی "دار بەلارج" کە گرنگی بە کولتوور و میراس دەدات، وۆرکشۆپێکی فیلمی لەسەر "خەونە ڕێگەپێدراوەکان" سازکرد، کە لەو ماوەیەدا فیلمی دیکۆمێنتاریی "ئازادی مەیدانەکان" لەلایەن نەزیهە عەرەبی، دەرهێنەری لیبیا، ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەم، لە بارەگای دامەزراوەکە لە شاری کۆنی مەراکیش نمایشکرا، فیلمەکە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لەلایەن بینەرانەوە پێشوازی لێکرا، لەنێویاندا دوو یاریزانی یانەی تۆپی پێی ژنانی "قەقنەس" لە شاری مەراکش، کە ئەزموونی خۆیان لە بەدواداچوونی تۆپی پێی پیشەگەرانەدا باسکرد سەرەڕای ئەو ئاڵەنگاری و سەختییانەی کە لەلایەن کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارەوە سەپێنراون کە تا ئێستاش لێهاتوویی ژنانی یاریزان بە کەم دەزانن.

 

فیلمی "ئازادی مەیدانەکان" لە لیبیای دوای شۆڕشە، کە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی عەقید موعەمەر قەزافی، ئەو سەردەمەی وڵاتەکە بە ئاژاوەگێڕی و ململانێی ناوخۆییەوە گیرۆدە بوو، لەناو ئەم ڕاستیە پڕ لە گێژاوەدا کۆمەڵێک ژنانی گەنجی لیبیا سەرهەڵدەدەن، کە بڕیاریان داوە لە بەرامبەر کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگە یاخیببن و خەبات بکەن بۆ مافی یاریکردنی تۆپی پێ و بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان.

 

فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر گەشتی سێ ژنی گەنج کە سەرپێچییان لە بێدەنگی کرد و بوونی خۆیان لە تۆپی پێی ژنان دووپاتکردەوە، سەرەڕای ڕادەستبوونی فیدراسیۆنی تۆپی پێی لیبیا بۆ فشارەکانی بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرست کە بە زۆر یاساکانی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاند، بەڵام ئیرادە و کۆڵنەدانیان وایان لێدەکات ئەو ئاڵەنگاریانە تێپەڕێنن کە لەسەر ڕێگاکەیان دانراون، بەشداری پاڵەوانێتییەکی عەرەبی دەکەن کە لە لوبنان بەڕێوەدەچێت، بە سەرپێچیکردن لە سنووردارکردن و قەدەغەکردنەکان.

 

فیلمەکە چرکەساتی زەحمەتکێشی سەرکەوتنی ژنان و شکاندنی ئەو زنجیرانەی نیشان دەدا کە داعش بە ناوی "یاسای ئیسلامی"دا هەوڵیدا بەسەر کۆمەڵگەی لیبیادا بیسەپێنێت، لەبەرامبەر ئەم ئایدۆلۆژیای توندڕەوەدا دەنگی ژنانی گەنج بەرزبووەوە و داوای ئازادییان دەکرد و جەختیان لەوە دەکردەوە، کە زۆرێک لەو وڵاتانەی پابەندن بە یاسای ئیسلامی تیپی تۆپی پێی ژنان هەیە، بەمەش ئەو بیانوویەی کە بۆ چەوساندنەوەیان بەکارهاتووە پووچەڵ کردەوە، یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ساتەکانی فیلمەکە لێدوانێکی یەکێک لە پاڵەوانەکانە و وتی: هەر جارێک لە یاریگادا ڕامکرد، بەربەستی ترسم دەشکاند.

 

"خەونی ڕێگەپێدراو"

لە پەراوێزی نمایشەکەدا، سارا مونیە کشیری، ڕێکخەری بەرنامەی فیلم ڕایگەیاند، کە ئەم نمایشە دەکەوێتە چوارچێوەی زنجیرەیەک فیلمی پەیوەست بە بەرنامەیەک کە تیشک دەخاتە سەر یەکسانی ڕەگەزی، هەروەها بەشێکە لە زنجیرە فیلمێک کە بەدواداچوون بۆ "خەونە ڕێگەپێدراوەکان" دەکەن، تیشک دەخاتە سەر خواستەکانی ژنان و تا چەند دەتوانن چێژ لە خەون بینینیان وەربگرن و بەدیبهێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرنامەکەدا پێشتر "دایکان"ی مریەم بەکر، دەرهێنەری مەغریبی نمایشکرا کە باس لە دیاردەی دایکانی تاقانە دەکات، نمایشی ئەمڕۆی "ئازادی مەیدانەکان"ە، کە ڕۆشنایی دەخاتە سەر تۆپی پێی ژنان لە لیبیا لە سەردەمی بەهاری عەرەبی و دواتر هەڵچوونە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، کۆتا فیلم کە هەفتەی داهاتوو نمایش دەکرێت "لە ژێر درەختی هەنجیر"ە، کە کارێکە بەدواداچوون بۆ خەونی گەنجان و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانیان دەکات.

 

تۆپی پێی ژنان: خۆڕاگری و سەرپێچی

ڕاویە بلموقەدەم، گۆڵپارێز، ئەزموونی تایبەتی خۆی باسکرد کە لەگەڵ پاڵەوانەکانی فیلمەکەدا یەکتر دەبڕێت و ئاماژەی بەوەدا، کە هاوبەشی زۆر هەیە لە نێوان ئەو وەک یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێی ژنان و پاڵەوانەکانی فیلمەکە،وتیشی: خۆڕاگری و سەرپێچیکردن سیفەتێکی بنەڕەتین بۆ یاریزانانی تۆپی پێی ژنان، بەتایبەتی لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا کە زۆرجار ژنان وەک دەستدرێژکارێک لە دۆمەینێکی نەریتی پیاوانەدا دەبینن.

 

ڕوونیکردەوە، دەستپێکردنی لە جیهانی تۆپی پێدا ئاسان نەبووە، چونکە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توند بووەتەوە لەلایەن باوکیەوە، کە نەیتوانیوە ئەو بیرۆکەیە قبوڵبکات کە  کچەکەی وەرزشێک دەکات کە بە تایبەتی بە وەرزشی پیاوان دادەنرێت، بە توندی پێیوابوو تۆپی پێ بۆ ژنان گونجاو نییە، ئەمەش لە سەرەتای ژیانی وەرزشیدا ئاڵەنگاریەکی بەرچاوی بۆ دروست بوو، بەڵام وازی نەهێنا بەڵکو بە ئیرادەیەکەوە خۆی بە خەونەکەیەوە گرت، بەردەوام بوو لە مەشق و ڕاهێنان و بەشداریکردن تا پەیوەندی بە هەڵبژاردەی نیشتمانی ژنان کرد و لە چەندین پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیدا بەشداری کرد، ئەم سەرکەوتنە لە یاریگادا تەنها دەستکەوتێکی وەرزشی نەبووە، بەڵکو بەڵگەیەکی بەرجەستەی تواناکانی بووە، ئەمەش وایکردووە باوکی و هەموو ئەوانەی لە سەرەتادا دژی ببن و هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن و دان بەوەدا بنێن کە خولیای ئەو ناکوژێتەوە، هەروەها واز لە خەونەکەی ناهێنێت بە هەر شێوەیەک بێت یان هەر بارودۆخێک بێت.

 

سەرنجی بۆ بوونی ژنانی یاریزانە خێزاندارەکان بە منداڵەوە ڕاکێشا، کە ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت یاری تۆپی پێ ناکۆکی نییە لەگەڵ دایکایەتی و ژیانی خێزانی، داوای لە ژنانی گەنج کرد دەست بە خەونەکانیانەوە بگرن و گرنگی بەو ڕەخنانە نەدەن کە زۆرجار ژنان لەم بوارەدا دەکەنە ئامانج، وتی: تۆپی پێی ژنان چیتر پەراوێزخراو نییە، بەڵکو بووەتە هێزێکی بەهێز لە گۆڕەپانی وەرزشیدا، و چێژ لە شوێنکەوتوویەکی گشتی بەرفراوان وەردەگرێت کە پیاوانیش دەگرێتەوە.

 

گۆڕانکارییەک لە بیرکردنەوەکاندا

فاتیحە فاتیح، یاریزانی یانەی "قەقنەس" مەراکش، پشتڕاستیکردەوە کە لە تەمەنێکی بچووکەوە خۆی بینیوە کە لەگەڵ منداڵانی گەڕەکەکەدا یاری تۆپی پێ دەکات، لەوێ بەهرەکەی درەوشاوەتەوە، ئەمەش وایکرد دراوسێکانی ئامۆژگاری باوکی بکەن بۆ ئەوەی ناوی تۆمار بکات لە یانەیەکی پیشەگەرانەی تۆپی پێ، دوای ئەوەی باوەڕی بە بەهرە و خولیای کچەکەی بۆ ئەو وەرزشە کرد.

 

سەبارەت بە دوودڵی سەرەتایی هەندێک لە دایک و باوکان بۆ ڕێگەدان بە کچەکانیان بۆ تۆپی پێی پیشەگەرانە، جەختی لەوە کردەوە، کە بیرکردنەوەکان گۆڕانکارییەکی بەرچاویان بەسەردا هاتووە لە دوای بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ژنانی مەغریب لە دوایین مۆندیالدا، بەتایبەتی دوای سەرکەوتنە زۆرەکانیان، هەموو ئەمانە وایکردووە دایک و باوک باوەڕیان بە بەهرەی کچەکانیان هەبێت و تەنانەت هەوڵبدەن بۆ ناونوسکردنیان لە یانە پیشەگەرەکاندا.

 

دووپاتیکردەوە، کە چەندین توخمی هاوبەش لە نێوان یاریزانانی مەغریب و لیبیادا هەیە، لەوانەش ڕوانگەی خۆبەزلزانانەی یاریزانانی تۆپی پێی ژنان، بەڵام پاڵەوانەکانی فیلمەکە پەیامێکی بەهێزیان سەبارەت بە خۆڕاگری و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە خەونەکە گەیاند، لە ڕێگەی سەرپێچیکردنیان لە بارودۆخەکەیان، وەک چۆن پێشتر لە شەوان و لە نائاسایشییەکی تەواودا مەشق و ڕاهێنانیان دەکرد، ئەمەش وایکرد تۆپی پێ ببێتە سەرگەرمییەکی مەترسیدار بۆیان.