توندوتیژی دیجیتاڵی؛ ڕووخسارێکی نوێی باڵادەستی پیاوسالاری بەسەر ژناندا

چەند ژنێک لە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپاتیان کردەوە: لە کایەی دیجیتاڵیدا ڕووبەڕووی شێوەی نوێی توندوتیژی دەبنەوە، وەک هەڕەشە، هەرانسکردن،بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت و هەراسانکردنی سێکسی- درێژکراوەی هەژموونی پیاوسالاری لە ڕێگەی ئاماژە سەردەمیەکانەوە.

نەسیم ئەحمەدی

 

کرماشان-ئەمڕۆ شوێنی دیجیتاڵی بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی هەمووان، لە کاتێکدا ئەم شوێنە ئاسۆی نوێ بۆ ژنان دەکاتەوە بۆ پەیوەندیکردن و فێربوون و بەشداریکردن لە کۆمەڵگەدا، هاوکات مەترسی زیاتری لەسەر دروست دەکات، نزیکەی هەموو ژنێک بە لانیکەم جارێک بەرکەوتەی جۆرێک لە توندوتیژی یان هەڕەشەی ئۆنلاین دەبێت، لەگەڵ هەموو ڕەهەندە فراوان و ئاڵۆزەکانیدا.

 

ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بۆنەیەکی ساڵانەیە بۆ بیرکردنەوە لە ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاواردن و توندوتیژی دژی ژنان، ئەمساڵ چالاکییەکانی لەسەر توندوتیژی دیجیتاڵی دژ بە ژنان بوو، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە جیهان چووەتە قۆناغێکی نوێ لە خەبات دژی نایەکسانی، قۆناغێک کە سنوورەکانی لە شەقام و ماڵەوە سنووردار نەماون، بەڵکو درێژبوونەتەوە بۆ ئەوەی شوێنی دیجیتاڵی و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی لەخۆ بگرن.

 

نەبوونی میکانیزمی بەدواداچوون، توندوتیژی دیجیتاڵی مەترسیدارتر دەکات

ژنان زیاتر تووشی جۆرە نوێیەکانی توندوتیژی بوون کە لە سەردەمی دیجیتاڵیدا سەریان هەڵداوە، ئەم کارانە بریتین لە هەراسانکردن و هەڕەشەکردن لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە، پەیامی بێڕێزیکردن، هاندانی ڕەگەزی و هاوبەشکردنی وێنە و زانیاری کەسی بەبێ مۆڵەت، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی کە لە جیهانی دیجیتاڵی سەردەم دژی ژنان ئەنجام دەدرێن.

 

ئەم توندوتیژییە ئامانجی دوورخستنەوە یان سنووردارکردنی بوونی ژنانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا و درێژکراوەی ڕاستەوخۆی ئەو بیرکردنەوەن کە هەوڵدەدەن ژنان لە جیهانی ڕاستەقینەدا پەراوێز بخەن، لە کاتێکدا کە ئاماری ورد و لێکۆڵینەوەی زانستی گشتگیر سەبارەت بە توندوتیژی دیجیتاڵی دژ بە ژنان لە ئێراندا کەمی هەیە، ڕاپۆرتەکانی ڕاگەیاندن ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە ٧٠٪ی ژنانی ئێرانی ڕووبەڕووی جۆرێک لەم توندوتیژییە بوونەتەوە یان ئەزموونیان کردووە.

 

لە ئاستی جیهانیدا، زانیارییەکانی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکەن کە نزیکەی ٧٣٪ی ئەو ژنانەی کە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن تووشی ئەم جۆرە دەستدرێژییە بوون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سروشتی بەربڵاو و ڕاستەقینەی دیاردەیە.

سودابە.ر ، پسپۆڕی دەروونناس و چالاکوان لە کرماشان، وتی: توندوتیژی دژ بە ژنان لە ژیانی ڕاستیدا لە شوێنێکدا ڕوودەدات کە دەتوانرێت بەدواداچوون بۆ ڕەفتارەکان بکرێت و بە ئاسانی بگاتە ئەنجامدەرانی، بەڵام زۆرێک لە پیاوان لە ئەنجامدانی ئەم توندوتیژییە کەمترخەمنین، ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران لە ئاستی جیهانیدا، لە توندوتیژی دژی ژنان پلەی بەرزی هەیە، ئەگەر ئەم ڕاستیە بگوازرێتەوە بۆ جیهانی دیجیتاڵی، کە میکانیزمی چاودێری و لێپرسینەوە لەوێدا نەبوون بێت، بێ گومان دۆخەکە مەترسیدارتر دەبێت.

 

ئەم شیکارییە ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە توندوتیژی دژی ژنان تەنها لە کایەی کۆمەڵایەتی یان ناوماڵدا سنووردار نییە، بەڵکو شێوازی نوێ و ئاڵۆز لە شوێنی دیجیتاڵیدا وەردەگرێت، نەبوونی چاودێری و سەختی لێپێچینەوەی یاسایی تاوانباران بوێر دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرەها توندوتیژی وەک هەڕەشە و بێڕێزی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە، یان بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیاری کەسی بەبێ ڕەزامەندی، ئەم پراکتیزانە پەڵەی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر ژنان بەجێدەهێڵن، بە بەراوردکردنی ڕاستی و تۆڕیکۆمەڵایەتی، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە سەرەڕای ئەگەری پەنابردنی یاسایی لە ژیانی ڕۆژانەدا، ژنان لە جیهانی دیجیتاڵیدا زیاتر بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە و کەمتر توانای بەرگریکردنیان هەیە.

 

تۆڕی کۆمەڵایەتی شمشێرێکی دوودەمە

نیدا.ک ئەزموونەکەی دەگێڕێتەوە، کە لەلایەن هاوژینەکەی پێشووەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا هەڕەشەی لێکرابوو، وتی: زۆرێک لە وێنە تایبەتیەکانی منی لەبەردەستدایە، ڕۆژێک هەژمارێکی تایبەتی ئینستاگرام فۆڵۆوی کردم، سەرەتا داواکەیم ڕەتکردەوە، بەڵام ئەو نامەیەکی نارد و داوای لێکردم وێنەکان لە پەیجەکەی ببینم، لەبەر کنجکاوی فۆڵۆویم کردەوە، وە تووشی شۆک بووم کاتێک بۆم دەرکەوت کە ڕوخساری منی لە وێنەکاندا شاردووەتەوە بەڵام بە ئەنقەست جەستەی منی لە چیرۆکەکانیدا نیشانداوە، سەدان پیاو بینەری بوون، پاشان هەڕەشەی لێکردم کە ئەگەر داوای مارەیی بکەم، وێنە تەواوەکانم بە ڕووخسارمەوە بڵاودەکاتەوە، جگە لە ناونیشان و ژمارەی تەلەفۆنەکەم.

 

بەڵام ئەزموونەکەی تایبەت نییە، زۆرێک لە ژنان لەلایەن کەسانی نامۆوە کە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵیاندا نییە، تووشی توندوتیژیی ئۆنلاین دەبن، ئەم توندوتیژییە بە شێوەی جیاواز دەردەکەوێت، لەوانە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ، بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت بەبێ مۆڵەت، قسەی ناشرین و پەیامی بێڕێزیکردن.

 

هەرچەندە تۆڕی کۆمەڵایەتی دەرفەتی بەرفراوانی بۆ پەیوەندیکردن و دەربڕین دەڕەخسێنێت، بەڵام زۆرجار دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ بەکارهێنان و فشاری دەروونی دژی ژنان، کە پارێزراوی کەسی بە ئاسانی پێشێل دەکرێت و زیانلێکەوتووەکان خۆیان لەبەردەم هەستی ترس و بێدەسەڵاتیدا دەبیننەوە، ئەمە جگە لە لێکەوتەی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی.

 

جۆرەکانی هەراسانکردن لە شوێنی دیجیتاڵیدا شاراوەن

میترا. د لە کرماشانەوە ئەزموونی خۆی لە توندوتیژی ئۆنلاین باس کرد و ڕوونیکردەوە کە زۆربەی ئەو هەراسانکردنانەی کە لە شوێنی دیجیتاڵیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، شێوەی بانگهێشتکردنە بۆ ئەوەی کە بە "چاتە سێکسییەکان" ناسراون، هەروەها هەندێک کەس بە ستایشکردنی من یان خۆیان وەک پێشەکییەک دەستپێدەکەن، هەندێکی دیکەش ڕاستەوخۆ دەگەنە سەر مەبەستەکە، وێنەی خۆیان دەنێرن و دەڵێن سەیرکە، حەزت لێیە؟

ئەم شایەتحاڵییە ئاشکرای دەکات کە توندوتیژی ئۆنلاین دەتوانێت لە سادەترین شێوەکانی پەیوەندی ڕۆژانەدا ڕووبدات و ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە باشبوونی دەروونی و کۆمەڵایەتی ژنان بکات، پەیامی نەخوازراو و وێنەی ڕوون نەک هەر پێشێلکردنی ڕوونی تایبەتمەندییە، بەڵکو هەستی دڵەڕاوکێ و بێدەسەڵاتی لە زیانلێکەوتووەکان دروست دەکات.

 

ئەم پێشێلکارییە دیجیتاڵیانە بەهۆی نادیاربوونی تاوانباران و فراوانی شوێنی تۆڕی کۆمەڵایەتی مەترسیدارتر دەبن و ڕووبەڕووبوونەوەیان قورستر دەکات، زۆرێک لە ژنانی زیانلێکەوتوو لە ترسی حوکمدانی کۆمەڵایەتی یان بەهۆی نەبوونی پشتیوانی یاسایی گونجاو بێدەنگ دەبن، ئەمەش بەشدارە لە بەردەوامبوون و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان.

 

ڕەشبگیری و پێشێلکردنی نهێنی بە پاڵنەری "ناوبانگ"

توندوتیژی لە شوێنی دیجیتاڵیدا تەنها بە هەراسانکردنی ناسیاوەکان یان بانگهێشتکردنی سروشتی سێکسی سنووردار نییە، لە کەسانی نامۆوە، لە هەندێک کەیسدا تاوانباران چەمکی "ناوبانگ" دەقۆزنەوە بۆ فشار و ڕەشبگیریکردنی ژنان، هەڕەشەی ئاشکراکردنی زانیاری کەسی یان بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت دەبێتە ئاماژەیەک بۆ کۆنترۆڵکردن و سەپاندنی داواکاری نایاسایی.

 

نسترین. ئا وتی: کەسێکی نەناسراو لەڕێگەی تێلێگرامەوە پەیوەندی پێوەکردم و لینکی بۆ ناردم و بانگەوازی کرد وێنە تایبەتیم لەوێیە، لە ترس و دڵەڕاوکێ، لینکەکەم کردەوە، ئەویش دەستی بە ناوەڕۆکی مۆبایلەکەم گەیشت، دواتر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی کرد ئەگەر پابەند نەبم بە داواکارییەکانی، لە ترسی ناوبانگەکەم، ناچار بووم پارە بگوازمەوە بۆ هەژمارە و دوور بکەومەوە لە هەموو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی.

 

ئەم ڕووداوە ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە چۆن توندوتیژی دیجیتاڵی دەتوانێت ترسی ژنان لە زیانگەیاندن بە ناوبانگ بقۆزێتەوە، تۆڕی کۆمەڵایەتی بکاتە گۆڕەپانێک بۆ ڕەشبگیری و فشاری دەروونی، کە تێیدا تایبەتمەندی تایبەت بە ئاسانی پێشێل دەکرێت و زیانلێکەوتووەکان ڕووبەڕووی ترس و بێدەسەڵاتی دەبنەوە.

 

توندوتیژی دیجیتاڵی کاریگەرییەکانی ترس و بێدەسەڵاتی دەروونی لەسەر ژنان گەورەتر دەکات

گێڕانەوەکان ئەوە دەردەخەن کە کۆمەڵگەی پیاوسالاری لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و جیهانی بەرجەستەدا قەتیس نییە، بەڵکو بوونی خۆی درێژدەکاتەوە بۆ ناو کایەی دیجیتاڵی، لەوێدا هەوڵدەدات بە شێوازی نوێ دەسەڵاتی خۆی چەسپێنێت، وەک چۆن ژنان لە ژینگە نەریتییەکان ڕووبەڕووی سنووردارکردنی کولتووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ڕووبەڕووی سەردەمیەت لە کۆنترۆڵکردن و ئازاردان دەبنەوە.

 

لە پشت ئەم پراکتیزانە بیرکردنەوەیەکی باڵادەست و بەسەرچووی پیاوسالاری هەیە، کە تەنها ئاماژەکانی گۆڕاون، لە سەردەمی دیجیتاڵیدا سیستمی پیاوسالاری ئاماژەی نوێی دۆزیوەتەوە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی، بە قۆستنەوەی تەکنەلۆژیا بۆ سنووردارکردنی بوونی ژنان و بێدەنگکردنی دەنگیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا.

 

ئەم توندوتیژییە تەنها درێژکراوەی شێوازە نەریتییەکانی زاڵبوونە، بەڵام لە جیهانی دیجیتاڵیدا، بەهۆی نادیاربوونی تاوانباران و فراوانی تۆڕەکانەوە، دەسەڵات و گەیشتنێکی زیاتر بەدەستدەهێنێت، بەمەش کاریگەرییەکانی گەورەتر دەکات و مەترسییەکانی لەسەر ژنان زیاتر دەبێت.