نەتەوە یەکگرتووەکان: لە دوو ناوچەی سوودان قاتوقڕی ڕاگەیەندراوە
بەگوێرەینەتەوەیەکگرتووەکان، قئێستا ٤٥٪ی دانیشتووانی سودانبەدەست نائاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن و لە دوو ناوچەی وڵاتەکە قاتوقڕی ڕاگەیەندراوە.
ناوەندی هەواڵ
بەرنامەی خۆراکی جیهانی "WFP"کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، هۆشدارییەکی توندی دا لەبارەی قەیرانی برسێتی لە سوودان و رایگەیاند، دوو ساڵ و نیو شەڕی ناوخۆ، زیاتر لە ٢١.٢ ملیۆن کەسی رووبەڕووی برسێتیی توند کردووەتەوە و قاتوقڕی لە دوو ناوچەدا بە فەرمی پشتڕاستکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەکرد، قەیرانی برسێتیی سوودان، لەلایەن مرۆڤەوە دروست کراوە و لە ئەنجامی ململانێوەیە، ئێستا ٤٥٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە بەدەست نائاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن و ٣٧٥ کەس رووبەڕووی برسێتیی کارەساتبار بوونەتەوە.
رێکخراوەکە پشتڕاستی کردەوە، خەڵک لە دوو ناوچەدا تووشی قاتوقڕی بوون: شارەکانی فاشیر و کادوگلی. هەردوو ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دابڕاون.
شۆن هیوز، هاوئاهەنگیکاری فریاگوزاریی هەرێمی لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی وتی: دوو کێشەی سەرەکیمان هەیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی زۆرترین کاریگەریی ململانێیان لەسەرە، وەک ویلایەتەکانی دارفوور و کۆردۆفان، یەکەم کێشە، دەستڕاگەیشتنە، کە کاریگەریی لەسەر شارەکانی وەک فاشیر و کادوگلی هەیە. دووەم کێشە، کەمیی سەرچاوەیە. ئێمە مانگانە یارمەتیی ٤ بۆ ٥ ملیۆن کەس دەدەین، بەڵام زۆربەیان بەشەخۆراکی کەمکراوە وەردەگرن و تاوەکو مانگی کانوونی دووەم، هیچ سەرچاوەیەکمان نابێت بۆ بەردەوامبوون.