تەرمی ژنێک دەست و ملی بە تەلی ئاسن گرێدراوە لە زێی گەورە دۆزرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ ڕایگەیاند، تەرمی ژنێک لە زێی گەورەدا دۆزرایەوە، كە تەلى ئاسن لە قاچ و ملى ژنەکە گرێدراوە و پێى خنکێنراوە و دواتر خراوەتە زێى گەورەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ، بنکەى پۆلیسى کەڵەک ئاگادارکرایەوە لەوەى، کە لە زێى گەورە لە سنوورى گوندى زەنگل، تەرمى ژنێک دەرکەوتووە و دواتر تیمەکانمان ڕۆشتنە شوێنەکە و تەرمی ژنەکەیان دەرهێنا.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ژنەکە تەلى ئاسن لە قاچ و ملى گرێدراوە و پێى خنکێنراوە و دواتر خراوەتە زێى گەورە، بەهۆى ئەوەى ماوەیەکى زۆر بەسەر خنکانیدا تێپەڕیوە، تەرمی ژنەکە کۆن بوە و ناناسرێتەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تەرمی ژنەکە ڕەوانەى پزیشکى دادى هەولێر کراوە بۆ دیاریکردنى ناسنامە و شێوازى کوشتنەکەى، هاوکات بە بڕیارى دادوەر و بەپێى مادەى ٤٠٦ لە یاساى سزادان، دۆسێیە بۆ ڕووداوەكە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە دەستىپێکردووە.