دوو چالاکوانی کورد کە ٨ی ئاداریان پیرۆز کردبوو دەستبەسەر کران
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، دوو ژنە چالاکوانی کورد بە بیانووی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ٨ی ئادار، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ناوەندی هەواڵ
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، دوو ژنە چالاکوانی کورد بە ناوەکانی لەیلا پاشا لە سەققز و سوهەیلا مەتای لە دەولان بە بیانووی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژی ٨ی ئادار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
باس لەوەشکراوە، ئەو دوو چالاکوانە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە ڕۆژی ١٠ی ئادار، دوو چالاکوانی ژن بە ناوەکانی سۆما محەمەد ڕەزایی و باران سەعیدی، بە بیانووی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ٨ی ئادار، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کران.