تەنها لە ٨ ڕۆژدا ....١٧٤ ژن و ٣٢٢ منداڵ لە غەززە کوژران
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئافرەتان لە فەلەستین، ماریس گیمۆن دووپاتی کردەوە کە ژنان و منداڵان نزیکەی ٪٦٠ی قوربانیان پێکدەهێنن پاش دەستپێکردنەوەی شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە ١٨ ی ئادار.

ناوەندی هەواڵ
شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیان تێدایە، ئەمەش ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەم جەنگە قورسایی لەسەر ئەوان بەجێهێشتووە.
ماریس گیمۆن، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئافرەتان لە فەلەستین ،دوێنێی ڕۆژی هەینی ٢٨ ی ئادار ڕایگەیاند ، ٨٣٠ هاوڵاتی لە کەرتی غەززە کوژراون کە ١٧٤ ژن و منداڵیان تێدایە ، ١٧٨٧ هاوڵاتی لەنێوان ١٨_٢٥ ی ئاداردا بریندار بوون، ئەمە واتای ئەوەیە کە ڕۆژانە ٢١ ژن و زیاتر لە ٤٠ منداڵ دەکوژرێن، ئەمە زیانی لاوەکی نییە، بەڵکو جەنگێکە کە ژنان و منداڵان بەرگەی دەگرن.
ژنان و منداڵان نزیکەی ٦٠٪ی قوربانیانی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرتی غەززە پێکدەهێنن ، ئەمە بەڵگەیە لەسەر سروشتی هەرمەکی ئەم توندوتیژییە.
ماریس گیمۆن هۆشداریدا لە دەرەنجامی خراپ بۆ ژنان و ژنانی گەنج لە غەززە ،بەهۆی ڕووخانی ئاگربەست ناسک لە کەرتی غەزە وردەکارییە ترسناکەکانی قوربانییەکان دەردەخات ،تەنها لە ماوەی هەشت ڕۆژدا لەوەتەی هێزەکانی ئیسرائیل جەنگی جینۆساید دەستپێکردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی غەززە لەوەتەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ١٨ ی ئادارەوە دەستیان بە شەڕ کردووەتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل ٨٩٦ هاوڵاتی مەدەنی کوشتوون و هەزارو ٩٨٤ کەسی دیکەش بریندار بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ.
شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە ٧ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکردو زیاتر لە ١٦٤ هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن و زیاتر لە ١٤هەزار هاوڵاتی بێسەروشوێن بوون.