تاڵیبان ڕێگری لە ژنان دەکات بچنە زانکۆی کابوڵ
تاڵیبان ڕێگری لە ژنان دەکات بەشداری بکەن لە خوێندن و زانکۆکان، ڕایدەگەیەنێت، تا کەشێکی ئیسلامی باڵ نەکێشێ بەسەر وڵاتەکەدا ناهێڵێت بەشداری خوێندن بکەن.

ناوەندی هەواڵ
ژنان بە هۆی یاساکانی تاڵیبانەوە ناتوانن بەشداری زانکۆکان بکەن، محەمەد ئەشرەف بەڕێوەبەری نوێی زانکۆی کابوڵ ڕایگەیاند، ژنان ڕێگرییان لێدەکرێت بەشداری بکەن لە زانکۆکانی کابوڵ وەک مامۆستا یاخود خوێندکار.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەدا، بەرپرسانی تاڵیبان ڕایانگەیاندووە، تا ژینگەیەکی تەواو ئیسلامی ڕاستەقینە دروست نەبێت لە ئەفغانستان ڕێگە نادەن ژنان بەشداری خوێندن بکەن.
مامۆستایەکیش لەوبارەیەوە وتی: "زانکۆی کابول ماڵی گەلی ئەفغانستانە، لەم زانکۆیە پێویستە هەمووان بێ جیاوازی ببنە بەهرەمەند و ڕاهێنانیان پێبکرێت".
هەروەها حەمید عوبەیدی، وتەبێژی پێشووی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، سیستمی خوێندنی باڵا تەواو تێکچووە و هیچ هیوایەک نییە بۆ باشبوونی.
ئەو سیاسەتەی زانکۆی کابوڵ لە ئێستادا بەڕێوەی دەبات هەمان سیاسەتی ساڵی نەوەدەکانی تاڵیبانە کەلە ئەفغانستان بەڕێوەی دەبرد، لە ئێستادا دەیان هەزار خوێندکاری زانکۆ و خوێندنگەکان لە ماڵەوە ماونەتەوە بە هۆی ئەوەی قوتابخانەکانیان ڕووخاوە و ڕێگریان لێدەکرێت بۆ بەشداریکردنیان لە خوێندن.