کەژار: ڕژێمی ئێران ڕێبازی جیاوازی گرتووەتە بەر بۆ هێرش کردنە ژنان

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر چالاکوانان و پارێزوانانی مافی ژنان شەرمەزار دەکات، چونکە ڕژیمی ئێران جەندین سیاسەتی بۆ لاواز کردنی ژنان و کۆمەڵگا گرتوەتەبەر.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر چالاکوانان و پارێزوانانی مافی ژنان شەرمەزار دەکات، چونکە ڕژیمی ئێران جەندین سیاسەتی بۆ لاواز کردنی ژنان و کۆمەڵگا گرتووەتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەیاننامەیەکدا کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵات کوردستان - کژار، هێرشکردنە سەر بنەماڵەی چالاکوانانی مەدەنی و پارێضەرانی مافی ژنان شەرمەزار دەکات و داوا دەکات کە چیدیکە لە ئاست هێرشەکانی رژێمی ئێران بێدەنگ نەبن وەکو چۆن تا ئێستا بێدەنگ نەبوون.

 

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

وەکو کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵات کوردستان - کژار هێرش بردنە سەر بنەماڵەی چالاکوانانی مەدەنی و پارێزەرانی مافی ژنان لە لایەن مۆرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بە تووندی شەرمەزار دەکەین .

 

جاریکی دیکە عەقڵییەتی دژ بە ژنی ڕژێمی ئێران ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست و ئەم جارە بۆ زیاتر چاوترسێن کردنی ژنان و چەوساندنەوەی ژنان و بۆ ئەوەی زیاتر بیانخزێنێتە سووچی ماڵەکان، بە دروست کردنی گرووپی چەتە و بڵاوە پێ کردنیان لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامانجی دەستدرێژی و سووکایەتی بە ژنان دەیەوێت بگاتە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی.

 

ڕژێمی ئێران بەو سیاسەتانەی کە پێشتر بۆ لاواز کردنی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان کە پیادەی دەکرد ڕانەوەستاوە و ئەم جارە ڕێبازی جیاوازی گرتووەتە بەر بۆ هێرش کردنە سەر دینامیک و سەر چاوەی ژیان کە ژنانن، ئەم سیاسەتانە تەنیا لە ناو شارەکان یان خود دەرەوەی شارەکان نییە بەڵکوو ناوەندەکانی خوێندنیشی کردوەتە ئامانج و هەر لەم ڕۆژانەی دوایی دا شاهیدی ئەوە بووین کە هەر لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی قوتابخانەکان لە لایەن پەروەرەدەکارانەوە واتە مامۆستایانەوە کە دەستپەروەردەی هەمان عەقڵیەتی پاوانخواز و سنوربەزێنی خودی دەوڵەتی ئێرانن دەستدرێژی دەکرێتە سەر مناڵان و ئازاری جنسی دەدرێن، لە بەر ئەوەی دەزانن کە ئەم مناڵانە داهاتووی ئەو کۆمەڵگایەن و دەیانەوێت بەم شێوازانە هەر لە سەرەتاوە لە بواری دەروونییەوە بیان ڕووخێنن و کە دواجار کۆمەڵگایەکی ڕووخاوی لێ بیتە بەرهەم، بەتایبەت وەک ڕوون و ئاشکرایە ئەم هێرشانە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا زیاتر و بەرچاوترە کە بەداخەوە لە بەر ئەو داب و نەریتەی باو و زاڵە بەسەر کۆمەڵگا کە ژن وەکوو نامووس و مۆڵکی خۆیان دەبینن بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ژنان نەتوانن هیچ باسێک لەو توندوتیژی و دەستدرێژییانەی کە لە لایەن ئەو باندە مافیایانەی دەوڵەت بەرامبەریان کراوە نەکەن و ئەو ئازارە لە ناویاندا پەنگ بخواتەوە و کاریگەری لە سەر دەروونیان بکات و دوا جار پەنا بەرنە بەر خۆکوشتن .

 

وەک ئاماژەمان پێدا ڕژێمی ئێران هەر لە ڕێگای ئەو باندانەوە دەیەویت پەرە بدات بە کوشتن و خۆکوشتنی ژنان و بێ دەنگ کردنیان، کە لە ئێستادا ئەو سیاسەتە چەپەڵەی لە شاری سەردەشت و دەورووبەری پیادە دەکات کە دەکەوێتە چوارچێوەی شەڕی تایبەت، لێرەدا جێگای خۆشحاڵییە بە هۆی ئاستی بەرزی وشیاری گەل و بەتایبەت ژنان ڕژیم نەیتوانی و ناتوانێت بگات بە ئامانج و وەک دیتمان لە لایەن چالاکوانانی ژنەوە ناوی ئەو کەسانەی کە لە ناو ئەو باندە مافیا و  سنور بەزێنانەدا بوون ئاشکرا کراوە، کە ئەمەش بووتە هۆکاری توڕە بوونی دەسەڵات و خۆی پێڕانەگیرا و بەداخەوە بە شێوازێکی دڕندانە هێرشیان کردوەتە سەر بنەماڵەی ئەو چالاکوانانە کە لە بەرامبەری ئەو هێرشەدا گەل بێدەنگ نەبووە و کاردانەوەی زۆر بەهێزیان هەبوو و ڕژانە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتیان هەم لە بەرامبەری هەبوونی ئەو باندانە و هەمیش هێرش کردنە سەر بنەماڵەی ئاشکرا کەرانی گرووپە سنوربەزێنەکانەوە بەرز کردەوە کە دیسان بەداخەوە شاهیدی ئەوە بووین کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگریان لێ کرا و بە بەهانەی تێکدانی ئەمنییەتی شار بڵاوەیان پێ کرا، لێرەدا ئەو پرسیارە لە دەسەڵاتی ئێران دەکەین کە ئایا باندی تەجاوزکار ئەمنییەت و ژیانی خەڵک تێک دەدات یان ئەو کەسانەی کە داکۆکی لە مافی گەل و ژیانی خۆیان دەکەن .

 

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار

٢٧/٩/٢٠٢١