سێیەمین هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان لە غەززە دەستیپێکرد

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، سێیەمین هەڵمەتی کوتان دژ بە ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان لە غەززە دەستیپێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، سێیەمین هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان لە غەززە دەستیپێکردو سەرەڕای باران و سەرما، دایک و باوکان منداڵەکانیان هێناوە بۆ ناوەندەکانی ڤاکسین لێدان و تیمە گەڕۆکەکان بە چالاکی خۆیان گەیاندووەتە کۆمەڵگەکان، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە ٥٠٠ هەزار منداڵی ژێر تەمەن ١٠ ساڵان ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵانیان وەرگرتووە.  

 

ریچارد پێپەرکۆرن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە فەلەستین وتی: ئاگربەست یارمەتیدەرە لەوەی کارمەندانی تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو دەستگەیشتنی باشتریان هەبێت، جەخت لە دابینکردنی سەرچاوەی ئاوی پاک و ئاسان دەستگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە نەخۆشیە گوازراوەکان دەکەینەوە.

 

بە گوێرەی ڕێکخراوەکە، ئەم هەڵمەتەی کوتانە دوای دۆزینەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان لە سەرچاوەکانی ئاو دەستیپێکرد و لە یەکەم و دووەم هەڵمەتدا توانرا زیاتر لە ٩٥٪ی منداڵان ڤاکسینەکەیان پێبدرێت.