سوهەیلە حەسەن وەیسی بەگ؛ چیرۆکی ژنێک لە نێوان خەبات و دایکایەتیدا

لە نێوان سەختییەکانی شاخ، سەرما و دڵەڕاوکێی پاراستنی منداڵ، سوهەیلە حەسەن وەیسی بەگ بە یادەوەری و وێنەکانی، بەشێک لە مێژووی خەباتی ژنانی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ هەندێک وێنە تەنها یادگاریی ڕابردوو نین، بەڵکو پەنجەرەن بۆ سەر مێژووی ژنانێک کە لە نێوان خەبات و دایکایەتیدا، لەگەڵ سەختییەکانی ژیاندا بەردەوام بوون، سوهەیلە حەسەن وەیسی بەگ، پێشمەرگەیەکی دێرین، بە وێنەو یادەوەرییەکانی، چیرۆکی ئەو ساڵانە دەگێڕێتەوە؛ لە ڕۆژانی خەباتی نهێنی لە شارەوە تا سەختییەکانی ژیان لە شاخ، لە کاتێکدا کە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی خەبات، لەگەڵ چاودێریکردنی منداڵ و ڕووبەڕووبوونەوەی نەهامەتییەکانی ژیان تێکەڵ بووە، ئەو ئێستا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مێژووی خەبات و تێکۆشانی ژنان دەبێت بنووسرێتەوو بۆ نەوە نوێیەکان بگوازرێتەوە، تاکو بەشێک لە مێژوو لەبیر نەکرێت.

 

سوهەیلە حەسەن وەیسی بەگ، پێشمەرگەی دێرین، لە ساڵی ١٩٥٦، لە شاری کفری لە دایکبووە، بەشی ژمێریاری لە شاری سلیمانی تەواو کردووە، پاشان لە ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندی بە کۆمەڵەی مارکسیلینی  کردووە، پاشان لە ناو کۆمەڵەکەدا ڕێکخراوی شەهید لەیلا قاسم دروستکراو بەشداری لەو ڕێکخراوەدا کردووە، کە ڕێکخراوەکە لەسەر دەستی وەزیرە شێخ جەلال خوشکی شەهید ئارام و وەسیە بنوس بونیاد نرابوو، پاش ئاشکرابوونی لە خەباتی ناوشاردا لە ساڵی ١٩٨٠ بەشداری خەباتی شاخی کرد.

 

"بوومە پێشمەرگە و خەباتم بۆ ئازادی خاک و ژن کرد"

وتیشی: یەکەم ژنە پێشمەرگە سەرنجی من و ژنانی دیکەی ڕاکێشابوو، ژنێک لە شاخ خەبات و تێکۆشان بۆ مافەکانی دەکات جێگەی دڵخۆشی بوو، وتی: کاتێک منداڵبووم دایکم و هاوڕێکانی لە کۆڵانەکەماندا وێنەی جۆج مارگرێتیان لە ژێر لەچکەکانیانەوە دەشاردەوەو باسی ئەو ژنە پێشمەرگەییەیان دەکرد، کە گوایە یەکەم ژنە بەشداری لە خەباتی پێشمەرگایەتییدا کردبێت، بۆیە خەونم بوو منیش خەبات بکەم، دواتر بوومە پێشمەرگە و خەباتم بۆ ئازادی خاک و ژن کرد،  پاش مارگرێت، لایەنە سیاسییەکانی دیکەش دواتر پێشمەرگەیان هەبوو، پاشان ژنان ڕوویان لە خەباتی شاخ کرد، دابونەریتی کۆمەڵگەکەمان ژنانی پێشمەرگەیان پێ قبوڵ نەدەکرا، ڕووبەرووی تانە و تۆمەتی خەڵک دەبووینەوە، بەلام ئێمەی ژن بەردەوامبووین لە خەباتمان، خانەوادەکانمان لە ناو ئەو کۆمەڵگەیەدا دەژیان، بەڵام بۆ پاریزراویمان و ڕزگاربوونی ژنان بە ڕوویەکی سەربەرزییەوە ئێمەیان ڕەوانەی شاخ دەکرد، لە دوای ئاشکرابوونمان لە خەباتی شاردا، من و خوشکەکەم لە شار لە لایەن خێزانەکەمەوە بەڕێکراین، پاشان بەڕێکەوتین بەرەو شاربااژێڕ، کاتێک گەیشتینە سنووری ئێران لە خڕی ناوزەنگ دابەزین، پاشان سەردانی ماڵی ڕووناکی شێخ جەنابمان کرد، ژیان و گوزەرانی ژنانی پێشمەرگە زۆر خراپ بوو،  ئێمەی ژنان کۆمەڵگە ڕووبەڕووی چەندین تانەوتەشەنی دەکردینەوە، بەڵام گوێبیستی تانەوتەشەنەکان نەدەبووین، هەروەها سەرەڕای ئەو سەختیانە ئیمە لە شاخدا منداڵیشمان لەگەڵدابوو، من لە وێنەیەکدا دیارا کە دووگیانم بە کچەکەم ، کار ئاسانی بۆ دایکێکی دووگیان سەختبوو، پێشمەرگەکانی هاوڕێم کارئاسانیان بۆ دەکردین بەڵام ئاسانکاری پزیشکی و تەندروستیمان نەبوو یان زۆر کەم بوو.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرگوزەشتەی وێنەکانی بۆ ئاژانسەکەمان گێڕایەوە، لە وێنەکانیدا خەباتی ژنانی پێشمەرگە لە ساڵەکانی ١٩٧٠ بۆ کۆتایی ساڵەکنی ١٩٨٠ دەبیندرێ، باس لە سەختی و ئاستەنگییەکانی ژیانیانی کردو وتی: لە یەکەم وێنەماندا چەند ژنێکین کە کەوتینەڕێ منداڵێکمان بە ناوی کوردەیە، بەڕێکەوتین لەگەڵ کۆمەڵێک پێسمەرگەی پیاودا، تا بگەینە شوێنی مەبەستمان، کەشوهەوا زۆر ساردبوو، خۆمان پێچابویەوە تا سەرمامان نەبێت لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خەمی کوردەمان بوو، بەڵام گەیشتینە شوێنی دیاریکراو، لە ئێستادا کوردە خاوەن شەریکەیەکی بەناوبانگە، لە کاتێکدا منداڵێک بوو لە شاخەکانی کوردستاندا ژیانی منداڵی بەسەربردووە.

 

دوو خوشکی خەباتکار

باسی لە خەباتی خۆی و خوشکەکەی کردو یەکەم وێنەی خۆی و خوشکەکەی بە ئاژانسی نوژنها پشان دەدات، وتی: یەکەم خەباتی شاخی من و خوشکەکەم لێرەوە دەستیپێکرد، هەردووکمان لە ڕێکخراوی شەهید لەیلا لە شاردا تێکۆشانمان دەکرد، بەڵام چوینە شاخ تا پارێزراوبین لەدەستی بەعسییەکان، دوای چەندین مانگ گەیشتینە خڕی ناوخەنگ، لەوێ پێکەوە وێنەیاکمان گرت، پاشان چوینە ماڵی ڕوناکی شێخ جەناب، لەوێ پشوماندا، من و خوشکەکەم ساڵێک پێکەوە لە شاخ بووین، بەڵام دواتر براکەمان هات بەشوێنماندا، ئەو چووە دەرەوەی وڵات و من لە سەرکردایەتیدا بەردەوام بووم لە خەباتی پێشمەرگایەتیم.

 

لە وێنەیەکی ساڵی ١٩٨٨دا باس لەوەدەکات، دووگیانە بە کچەکەی کە لە سکیدا حەوت مانگ بووە، وتی: لێرەدا دووگیانم بە کچەکەم، لە کانوونی یەکەمدا لە دایک بوو، بەڵام بە سەختییەکی زۆردا تێپەڕمان دەکرد، جارهەبوو پێشمەرگەیەکی زۆر سەردانی بنکەکانی دەکرد، ناچاردەبووین چێشتونانی زۆر بکەین، دواتر لە شاخدا بەردەوام پیادەڕەویمان دەکرد کە ئەمە ڕاستە بۆ تەندروستی زۆر باشە بەڵام زۆر هیلاک دەبووم.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە هەموو مێژوویەکی ژنان باس بکرێت و بنووسرێتەوە، نابێت ژنان خەبات و تێکۆشانەکانیان نەشارنەوە، بەڵکو لە ڕێگەی باس کردن و پێشانگاکانەوە بۆ نەوەی نوێ باس بکرێت.