ماری پێلێریان، ڕۆژنامەنووسێک کە ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ خەبات بۆ ئازادی ژنانی ئەرمەنستان
ماری پێلێریان، ڕۆژنامەنووس و نووسەر، لە ڕێگەی گۆڤاری «ئاردمێس»ەوە خەباتی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی ئابووری ژنان کرد و دەنگی ژنانی ئەرمەن و داواکارییەکانیانی گەیاندە گوێی خەڵک.
ناوەندی هەواڵ
ماری پێلێریان، ڕۆژنامەنووس و نووسەر و چالاکوانی مافی ژنان ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و مافەکانی ژنانی ئەرمەنستان، لە بەرامبەر سەرکوتی دەسەڵاتدارانی عوسمانیدا، ناچار بوو دەربەدەر بێت، لەوێش بەردەوام بوو لە خەباتی خۆی بۆ گەورەکردنی دەنگی ژنان لە ڕێگەی گۆڤاری "ئەردمیس"ەوە، کە لە قاهیرە بڵاوی کردەوە.
ماری پێلێریان لە ساڵی ١٨٧٧ لە شاری ئیستەنبوڵ لە تورکیا لەدایکبووە، لە ساڵانی خوێندنیدا دەستی بە نووسین کردووە بۆ ڕۆژنامەی "ئارێڤێلک" لە ژێر ناوی خوازراوی "کالیپسۆ"، وەک مامۆستا لە قوتابخانەکانی ئەرمەنستان کاری کردووە، هەوڵی بۆ ڕێکخستن و بەهێزکردنی ژنان دەدا بۆ گەیشتن بە ئازادییەکانیان، هەروەها لە ژێر کاریگەری بیرۆکەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی هونچاکدا بووە و وەک پەیامنێر لە ڕۆژنامەی "هونچاک"ی ئەو حیزبەدا کاری کردووە.
لە ساڵی ١٨٩٥دا لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانێک بوو لە پۆرتی سابلایم، کە ئامانج لێی تیشک خستنە سەر ئەو سەرکوتکردنە بوو کە ئەرمەنییەکان لە ئەنادۆڵ تووشی بوون و داوای چاکسازیان کردن، دوای خۆپیشاندانەکە، دەسەڵاتداران دەستیان کرد بە گەڕان بەدوایدا، ماری پێلێریان ناچاربوو بەردەوام شوێنی نیشتەجێبوونی بگۆڕێت و تەنانەت گۆڕانکاری لە ڕوخساریشدا بکات بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێت.
دەنگی ژنانی دەربەدەری گەورە کرد
لە ساڵی ١٨٩٦ ماری پێلێریان ڕووی لە میسر کردووە و لەوێ وەک مامۆستا و نووسەر لە ئەسکەندەریە کاری کردووە، دواتر لە قاهیرە نیشتەجێ بوو و لە بواری ڕۆژنامەگەریی ئەرمەنیدا درێژەی بە کارەکانی دا.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٠٢ گۆڤاری "ئاردمیس"ی دەستپێکرد، کە تیشکی خستە سەر مافەکانی ژنان و پرسە کۆمەڵایەتییەکان و سەربەخۆیی ئابووریی ژنان.
لە ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکەدا، ماری پێلێریان پێشکەشی خوشکەکانی کرد و داوای لە ژنان کرد کە پشتگیری بکەن و پابەندبن پێیەوە، ڕووماڵەکەی لە ژنانی شارەکان زیاتر بوو، چارەسەری ئەو کێشانەی کرد کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە ناوچە گوندنشینەکان، لە ڕێگەی گۆڤارەکەوە ژنانی شارە جیاوازەکان ئەزموون و داواکارییەکانیان باسکرد، سەکۆیەکی بۆ دەنگەکانیان دابینکرد.
بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە، گۆڤارەکە لە ساڵی ١٩٠٣دا دوای ٢٠ ژمارە دەرچوونی وەستا.
لە کاتی جینۆسایدی ئەرمەنستان لە ساڵی ١٩١٥ کوژرا
ماری پێلێریان لە ساڵی ١٩٠٨ گەڕایەوە ئیستەنبوڵ و دەستی بە کاری مامۆستایی و ڕۆژنامەگەری کردەوە، بۆ ماوەی چوار ساڵ قوتابخانەی حریپسیمیانت لە ئیزمیری بەڕێوەبردووە و بۆ ڕۆژنامەی تاشینک نووسیویەتی و پەرتوکێکی شیعری بە ناوی ”Tebi Ver” چاپ کردووە.
لە ساڵی ١٩١٣ خەونی وانەوتنەوە لە ناوچە گوندنشینەکان بەدیهێنا و ڕووی لە یۆزگات کرد، بەڵام لە کاتی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە ساڵی ١٩١٥ کوژراوە و تا ئێستا شوێنی مردنەکەی نادیارە.
ماری پێلێریان لە ڕێگەی ڕۆژنامەگەرییەکەی و گۆڤاری ئاردمیسەوە جێپەنجەیەکی نەسڕاوەی لەسەر مێژووی ژنانی ئەرمەنی بەجێهێشت، خەباتی بۆ دەنگی ژنان و سەربەخۆیی ئابووری و توانای ڕێکخستن و کارکردنی پێکەوەیی بە گیانی هاودەنگی کرد.