شنیار ئەنوەر: لەبەر عەیبە و لۆمەی کۆمەڵگە کچەکەت جێمەهێڵە بۆ کوشتن و سوتاندن
سوتاندنی شنیار هونەر کۆمەڵگەی هێناوەتە دەنگ، هۆکاری سوتاندن و کوشتنی ژنانیش بۆ ئەقڵیەت و دابونەریتی کۆمەڵگە دەگەڕێننەوە، شنیار ئەنوەری چالاکوان سەبارەت بە سوتاندن و گیان لەدەستدانی شنیار هونەر دەڵێت "تکادەکەم لە خێزانەکان، لە کۆمەڵگە بەرلەوەی کچەکەت خۆی بکوژرێت یان بکوژرێت یان شوێنێکی بشکێنرێت لەبەر عەیبە و لۆمەی کۆمەڵگە کچەکەت جێمەهێڵە".
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/02/20220306-shinyaranwar-jpg9d7bf8-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
شنیار ئەنوەر، چالاکوان، سەبارەت بە سوتاندنی شنیار هونەری ٢١ی ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی بڵاویکردووەتەوە، "ماوەیەکی زۆر لە کەیسی ژناندا کارم کردووە و چیرۆکی زۆر تراژیدیم لایە، بەڵام لەماوەی ئەو هەموو ساڵە کارکردنەمدا هەموو چیرۆکەکان لەیەک شتدا یەک دەگرنەوە، ئەویش ئەوەیە کە دەبیستی ژنێک کوژرا، سوتێنرا، خۆی کوشت، بەدەیان جار پێش کۆتا قۆناغی توندوتیژی، هەراسانکراوە، سوکایەتی پێکراوە، وە هەروەها لێیدراوە".
شنیار ئەنوەر ئاماژە بەوەشدەکات، بۆیە کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دەستپێکی توندوتیژی لانی کەم هاوڕێیەک، خوشکێک کەسوکاری قوربانیەکە دەزانن کە ژیانی هاوسەریان پڕە لە کێشە و گرفت، کە کچەکەت ئەتۆرێت و یەتەوە بەردەرگات بە عەیبە عەیبە ڕاوی مەنێرەوە.
شنیار ئەنوەر داواش دەکات کە "خێزانەکان و کۆمەڵگە بەرلەوەی کچەکەت خۆی بکوژرێت یان بکوژرێت یان شوێنێکی بشکێنرێت لەبەر عەیبە و لۆمەی کۆمەڵگە کچەکەت جێمەهێڵە، خوشکەکەت مەخەرە ناوتارمای توندوتیژی، جیابوونەوە هێندە بە شتێکی زۆر قورس و گران مەبینن. زۆرکات ئەو ژنانەی ڕووبەرووی توندوتیژی دەبوونەوە پێمدەوتن تۆ دەیان جار شکێنراویت ئیتر بیر لە لۆمەی کۆمەڵگە مەکەرەوە، هەر پیاوێک یەک جار دەستی لێبەرزکردیتەوە چاوەڕێی دەیەم جاریش بکە."
"هەر کەسێک لە ئێوە پێش ئەوەی بڕیاربدەن و حوکم بدەن لەسەر ژنێکی جیابووەوە ئەوا بۆ یەکجار خۆت بخەرە شوێنی. تکایە بەرلەوەی منداڵەکانتان بگەنە ئەم رۆژە پڕ ئازارە چارەسەرێک بۆ پەیوەندیە نەگونجاوەکان بدۆزنەوە. بەزۆر و لەبەر عەیبە عەیبە دوو کەس کە ناگونجێنن مەیانلکێنن بەزۆر بەیەکەوە، بۆی نەگەی نە ئەم خاڵەی کۆتای".
لە کۆتایشدا شنیار ئەنوەر نمونەی ژنێکی گەنج باس دەکات و نووسیویەتی، "شەش ساڵ لەمەوپێش کچێکی هاتەلام و باسی بۆکردم کە چۆن خەسوی و مێردەکەی سوتاندوویانە. بەدەیان جەلسەی چارەسەری پزیشکیش هێشتا سوتی ئاگرەکە بەسەردەست و سنگیەوە مابوو. ئەم کەیسەی شنیار دەیان چیرۆکە ناخۆش و تاڵەکانی کارکردنمی بیرهێنامەوە کە دڕندەی مرۆڤ سنوری نیە".
ت.پ