کاردانەوەی ژنانی چالاکوان و بەرپرس بۆ سوتاندن و گیان لەدەستدانی شنیار

دوای سوتاندنی "شنیار هونەر" لە لایەن هاوژینەکەیەوەو گیان لەدەستدانی، ژنانی چالاکوان و بەرپرس کاردانەوەیان بەرامبەر ڕووداوەک نیشاندا و ئاماژە بەوەدەکەن، شنیاریش مرد و دۆخی فاشیەت بەرامبەر ژنان هەر بەردەوامە. ناوەندی هەواڵ

دوای سوتاندنی "شنیار هونەر" لە لایەن هاوژینەکەیەوەو گیان لەدەستدانی، ژنانی چالاکوان و بەرپرس کاردانەوەیان بەرامبەر ڕووداوەک نیشاندا و ئاماژە بەوەدەکەن، شنیاریش مرد و دۆخی فاشیەت بەرامبەر ژنان هەر بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ٢٠ ئەم مانگە شنیار هەونەر لەلایەن هونەر ڕەشیدی هاوژینیەوە سوتێنرا، دوای ٢٤ کاتژمێر و هەوڵی ڕاکردن "هونەر ڕەشید" دەستگیرکرا، بەڵام دوای چوار ڕۆژ مانەو لە نەخۆشخانە کە ٨٥٪ی جەستەی سوتابوو گیانی لەدەستدا.

 

ژنانی چالاکوان و خاوەن بەرپرسیاریەتی لەسەر ڕوداوەکە کاردانەوەیان نیشانداو داوا دەکەن تۆمەتباران بە سزای خۆیان بگەیەندرێن، شنۆ عوسمان مامۆستا و چالاکوان لەو بارەیەوە دەڵێت: " ٩٠ساڵ لەمەوبەر كیژۆڵەیەك بەناوی سەبیحە شێخ داود ویستی ببێت بە یەكەم ژنە پارێزەر لە عێراق، بەڵام لەبەرئەوەی كچی پیاوێك بوو كە ئەوكاتە وەزیری ئەوقاف بوو، دەنگی گەورە رووبەڕووی بووەوە كە نابێت ژن ئەو كارەبكات و دەبێت لەماڵەوە بێت، بەڵام باوكی كە وەزیری ئەوقاف و شێخێكی گەورە بوو بە رووی هەموو دەنگەكاندا وەستایەوە و وتی: شانازییە كچم بێتە پارێزەر وناوی لەمێژوودا تۆماربكرێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە لە سەرەتاكانی سەدەی پێشوو كۆمەڵێ ژن روودەكەنە حەپسەخانی نەقیب و داوای لێدەكەن كە پشتگیرییان بكات لە خوێندنی كچان، حەپسەخانی نەقیب پێیان دەڵێت: "ژن بە چاوی عیلم و پەروەردە و خوێندنەوە دەتوانێت سەربكەوێت، عەسڕی نەخوێندەواری بەسەرچوو"، شنۆ عوسمان وتوشیەتی: "كەچی ئێستا هەم لە عێراق و هەمیش لەكوردستان هەوڵێكی گەورە دەدرێت ژن بشكێنرێت، هەوڵدەدرێت ڕستەی ژنان خۆیان تۆمەتباری كوشتنیانن زەقبكرێتەوە، دۆخێكی فاشی و هەڵەبەكارهێنانی دین و كلتور و مامەڵە بەرامبەر ژنان ڕاستبووەتەوە، دۆخێك ژن ناچاردەكات دەست بەكڵاوی خۆیەوە بگرێت،

شنیار دوا قوربانی نابێت لەبەرئەوەی ئێمە پەروەردەمان لاوازە گۆڕینی بیركردنەوە لە ژن وەك مرۆڤێكی خاوەن پێگە و مانا كە هیچ جیاواز نەبێت، دەبێت لە سیستەمی پەروەردەوە بناغە داكوتێت، دەبێت منداڵەكان فێربكەین كە چۆن دیالۆگ بكەنە ڕۆحی هەڵسوكەوتی رۆژانە".

 

" کچەکانتان فێربکەن بەھێز بن، سەربەخۆ بن"

هاوکات پزیشک هەڤین کەمال بیروبۆچونی خۆی لەسەر ڕوداوەکانی ژن کوشتن دەخاتەروو دەڵێت: "کێشە ھەمیشە لە پەروەردەدایە، کەی کچ توانرا وا پەروەردەبکرێت کە خوێندن و کارەکەی لا گرنگتر بێت لە خۆجوانکردن و خۆ ڕازاندنەوە بۆ دەستکەوتنی هاوژینێکی باش، کەی ئافرەت فێرکرا ھەبوونی ئابووریەکی سەربەخۆی کەم ھەزار جار باشترە لە دەستکەوتنی هاوژینێکی دەوڵەمەند، کەی خێزان فێربوو داڵدەیەکی ئارام بێت بۆ کچەکەی لەبری زیندانێک بۆ حەز و ئاواتەکانی، کەی فێربووین خۆشەویستی و بوونی کچەکانمان بە دڵخۆشی و ئاسوودەیی، ھەزارەھا جار گرنگترە لە قسەی خەڵکی و ڕای کۆمەڵگا، ئەوا دڵنیام ژنکوژی لەم کۆمەڵگایەدا کۆتایی پێدێت".

 

نووسیویشیەتی کە "کچەکانتان فێربکەن بەھێز بن، سەربەخۆ بن، ڕازی نەبن تێھەڵدان بخۆن و شکۆیان بشکێت، ھەزارەھا ژن لەم شارەدا وەکو شنیار نە سوتاون و نەمردوون، بەڵام ڕۆژانە شکۆیان دەشکێنرێت و ھەر ڕۆژەی بەشێکی ڕۆحیان و بەشێک لەھیواکانیان زیندە بەچاڵ دەکرێت، کوشتنی ڕۆح و ھیواو ئاوات ھیچ جیاوازیەکی نیە لە کوشتنی جەستە".

 

"شەرمەزارییە بۆهەموو ئەولایەنانەی کەبەکردار ڕێگە لەم تاوانانە ناگرن"

هەروەها د.جوان ئیحسان فەوزی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا دەکات کە پسپۆڕان و کاربەدەستان چاوێك بە "سیاسیەی جینائی"دا بخشێنەوە چونکە دۆخەکە بەرەو مەترسیەکی زۆر دەڕوات، دەڵێت: "هەواڵی لەدەستدانی شنيار خەمبارو دڵتەنگی کردم، بەتایبەتی کە بەتاوانێکی قێزەون و دڕندانە گیانی لەدەستدا، ئەم ڕوداوە کۆستێکی ترە بۆ هەموولایەك و شەرمەزارییە بۆهەموو ئەولایەنانەی کەبەکردار ڕێگە لەم تاوانانە ناگرن".

 

ئەوەشی خستەڕوو کە لەسەردەمێکی وەك ئەمڕۆدا لەساڵی ٢٠٢٢ داین و کەسانێکی دڕندە دەستیان دەچێتە خوێنی کەسانی بێ تاوان، وتیشی: "داواکارم له پسپۆران بە "سیاسیەی جینائی" دا بچنەوە و چاوێك بەسزاکاندا بخشێننەوه، چونکە ڕێژەی تاوانکردن لەکۆمەڵگە لەبەرزبوونەوەدایەو تاوانباران زۆر بێباکانە و بێ سڵەمینەوە دەستیان داوەتە تاوانکردن، لێرەوە داوا لەپەرلەمانی کوردستان دەکەم لەڕێگەی فراکسیۆنەکانی و لیژنە تایبەتییەکانییەوە بەدواداچوون بۆئەم جۆرە تاوانانە بکەن، بارودۆخەکە بەرەو مەترسییەکی زۆر دەڕوات، پێویستە هەموو ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کاریگەریان لەسەر بڕیار هەیە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبێت و بێدەنگ نەبن، لەبەرئەوە ئەم کێشانە دووبارە دەبنەوە و پێویستە بنەبڕبکرێت".