کەسوکاری شنیار تەنها داوایان بە سزاگەیاندنی تاوانبارەکەیە

پاش چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ شنیاری ٢١ ساڵ گیانی لەدەستدا، لە گۆڕستانی تازەی شارۆچکەی سەیدسادق بەخاکپسێردرا، کەسوکارەکەشی داوای بە سزاگەیاندنی تاوانبار دەکەن، ژنانیش دەڵێن ئەگەر تاوانبارەکە بە سزا نەگات ئەوا ژن کوشتن بەردەوام دەبێت.

پاش چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ شنیاری ٢١ ساڵ گیانی لەدەستدا، لە گۆڕستانی تازەی شارۆچکەی سەیدسادق بەخاکپسێردرا، کەسوکارەکەشی داوای بە سزاگەیاندنی تاوانبار دەکەن، ژنانیش دەڵێن ئەگەر تاوانبارەکە بە سزا نەگات ئەوا ژن کوشتن بەردەوام دەبێت.

 

تەرزە تەها

شارەزوور- پاش چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە و ئازارێکی ناکۆتا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شنیار هونەری ٢١ ساڵ گیانی لەدەستدا.

 

لە شەوی ٢٠ ئەم مانگەدا شنیار هەونەر لەلایەن هونەر ڕەشیدی هاوژینیەوە سوتێنرا، دوای ٢٤ کاتژمێر و هەوڵی ڕاکردن "هونەر ڕەشید" دەستگیرکرا.

 

پاش گیانلەدەستدانی شنیار لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی، لە ماڵی باوکیدا لە شارۆچکەی سەیدسادق بە ڕێوڕەسمێک لە گۆڕستانی تازەی شارۆچکەی سەیدسادق نوێژی مردووی لەسەرکرا و بەخاک سپێردرا.

 

هونەر نامیق، باوکی شنیار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند ئەوان دەیانەوێت لە ڕێی یاساوە کەیسەکە یەکلایی بکرێتەوە و مافی کچەکەی نەخورێت، تاوانبار بە سزای خۆی بگات.

 

دواتر ژنان هاتنە سەر گۆڕی شنیار، مهران سدیق دایکی شنیار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی لەوەکرد، کە شنیار وتوویەتی "قەت گەردنی ئازاد نەبێت سوتاندمی"، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئەوان شەڕ و دەمەبۆڵەیان بووە، دواتر زۆری لێداوە و پاشان سوتاندوویەتی.

 

ڕێزان سدیق، یەکێک لە دراوسێکانی ماڵی باوکی شنیارە و تەرمی شنیاری شۆردووە، باسی ئەوەدەکات ئەوەی بینوویەتی زۆر ئازاربەخشبووە، "ئەو زوڵمەی لەو کچە کراوە لە هیچ کەسێکی تر نەکراوە، تاوانێکی زۆر قێزەونە، پێویست دەکات سزای ئەو کەسە بدەن".

 

چیا عەلی، پورزای شنیارە، بکەری ئەو تاوانە بە "دڕندە" ناودەبات، هیوادەخوازێت تاوانبارەکە بە سزای خۆی بگات، تا ببێت بە نمونە بۆ ئەو پیاوانەی کە ئازاری ژنەکانیان دەدەن، دەڵێت "دەبێت یاسا سەروەربێت، ئەگەر چاوپۆشی لەم کەیسە بکرێت، ئەوە چەندەها ژنی دیکە وەک شنیاری بەسەردێت".

 

شنیار گیانی لەدەستدا، پاش خۆی دوو منداڵ و خەفەت و ئازارێکی بێ کۆتاش بۆ دایک و باوکی بەجێهێشت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو هیچ ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان ئامادە نەبوون، بەشدارنەبوونیان و بێ هەڵوێیستیان ئەو پرسیارە دروستدەکات، لە بێ هەڵوێستی ڕێکخراوەکانی بەناو داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و ژن ئاخۆ جاری داهاتوو کەی شنیار و سێوانێکی دیکە دووبارە دەبنەوە.

 

ت.پ