شەنگالییەکان لەسەر ڕێگای چلبەکان-سنونێ ڕێگەیان لە هێزەکانی پەدەکە گرت

هاوڵاتیانی شەنگال ڕوویان لە دەروازەی سنونێ کردووە و لە دژی هێرشی هێزە چەکدارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە سەنگەریان لەسەر ڕێگای چلبکان گرتووە، ژنانی ئێزدیش دەڵێن پەدەکە شەنگالی فرۆشتووە و ناتوانێت بچێتەوە شەنگال.

شەنگال

 

بەڕێوەبەری خۆسەری شەنگال لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک ئاگاداری بەردەست کەوتووە کە هێزەکانی پەدەکە دەیانەوێت بە هێزی چەکداری بگەڕێنەوە بۆ شەنگال، لەو بارەیەوە دوێنێ بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە هەموو دەزگا و ڕێکخراوەکانی شەنگال لە ئامادەباشیدان و بەرخۆدانی دەکەن.

 

بەو بۆنەیەشەوە هاوڵاتیانی شەنگال کۆبوونەوە و بەرەو دەروازەی سنونێ کەوتنە ڕێ و چالاکیان ئەنجامدا، هاوڵاتیان لەسەر ڕێگای چلبکان سەنگەریان داناوە، کە پێشبینی دەکرێت هێزە چەکدارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە هێرش بکەنە سەر سنونێ، ئەو ژنانەی کە پێشەنگایەتی دەکەن ڕایانگەیاند، کە رێگا نادەن پەدەکە پێ بنێتەوە خاکی شەنگال.

 

"ئێمە گەنجانی ئێزدی ڕێگەنادەین پەدەکە بچێتە شەنگالەوە"

زەهیدە سلێمان، ژنێکی گەنجی بەشداربووی چالاکییەکەیە، دەڵێت: هەتا یەکێک لە گەنجانی ئێزدی بمێنێت ڕێگە نادەین ئەو هێزە بچنە شەنگالەوە، ئێمە ئێستا لێرە چاوەڕێین، با بێن و لێیان ناترسین.

 

"ئەوان پێشتر شەنگالیان فرۆشتووە، بە چ ڕوویەکەوە دێنەوە شەنگال"

ڕیحان خدر، دایکێکی بەشداری چالاکییەکەیە، دەڵێت هەتا دایکانی ئیزدی مابن ناهێڵین پەدەکە بێتە شەنگالەوە و وتی: بە چ ڕوویەکەوە دێنە ناو شەنگال، ئەوان شەنگالیان فرۆشت چۆن دێنەوە، مافیان نییە بێنە خاکی شەنگال و هەتا ئێمەی ژنان هەبین ناهێڵین ئەوان بگەڕێنەوە بۆ شەنگال.

ت.پ