ئەو ژنانەی جیابوونەتەوە کۆمەڵگە مافەکانیان زەوت دەکات

ئەو ژنانەی لە ژیانی هاوژینیدا جیابوونەتەوە کۆمەڵگە فشاریان دەخاتە سەر و دەیانچەوسێنێتەوە، هیچ بوارێکیان بۆ ناهێڵێتەوە بۆ چارەسەرکردنی لایەنی دەروونییەکانیان.

لینا خەتیب

 

ئیدلب- ژنانی جیابووەوە لە ئیدلب بەدەست فشاری کۆمەڵگەوە دەناڵێنن و بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی منداڵەکانیان بەتەنها لەئەستۆ گرتووە لە کاتێکدا خێزانەکانیان پاڵپشتیان ناکەن و فشاری دەروونیان دەخەنە سەر، بە تایبەت ئەگەر بژێوی ژیانیان نەبێت یان سەرچاوەی بژێوی ژیانیان نەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان.

 

"خێزانەکەم لە پاش جیابوونەوەم ڕێگری کارکردنیان لێدەکردم"

 

عالیا حەمود، تەمەنی ٢٩ ساڵە دەربارەی ژیانی خۆی دەڵێت: خەیاڵم دەکرد دوای جیابوونەوەم لە هاوژینەکەم ژیانم ئاسوودەتر دەبێت و ئازاد دەبم، چونکە لە ماڵی خۆمدا بەردەوام هاوژینەکەم لێی دەدام مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکردم بەڵام دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی و گەڕانەوەی بۆ ماڵی باوکی لە باکووری ئیدلب ژیانی بەرەو خراپتر دەڕۆیشت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دوو مانگ لە جیابوونەوەی باوکی ناچاری کردووە دەستبەرداری منداڵەکانی بێت و ڕەوانەی لای باوکیان بکات، بە بیانووی ئەوەی نەیتوانیوە بەرپرسیارێتیان هەڵبگرێت، هەروەها براکانی فشاریان خستووەتەسەر ژیانی و ڕێگری لێدەکەن لە کارکردن.

 

"خێزانەکەم پاڵپشتیم نەبوون و هەوڵیان دەدا بگەڕێمەوە لای هاوژینەکەم"

 

سەلمە کریدی تەمەن ٣١ ساڵ، خەڵکی شاری سرمدا لە باکووری ئیدلب، لە ماڵی هاوژینەکەی دەرکراوە، بۆیە لەگەڵ منداڵەکانیدا چووەتە سەر شەقام، ئاماژەی بەوەدا کە خێزانەکەیشی ئامادە نەبوون پشتیوانی بکەن، وتی: دوای ئازار و ژیانێکی پڕ لە کێشە پەنام بۆ ماڵی خێزانەکەم بردووە، بەڵام خێزانەکەم هەوڵیاندا بە زۆر بمگەڕێننەوە ماڵی هاوژینەکەم، کاتێکیش ڕەتمکردەوە بگەڕێمەوە، وەک تاوانبار و بەرپرسیار لە کێشەی ژیانی هاوژینیم سەیریان دەکردم، بۆیە بۆم دەرکەوت کە تاکە چارەسەر ئەوەیە کە بە تەنیا سەربەخۆ بم، گەڕام بەدوای کاردا.

 

ئاماژەی بەوەدا، ژنان پێویستیان بە خێزانەکانیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان و پشتگیریکردنیان لەڕووی ماددیی و دەروونییەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ژیانیان ڕێکبخەنەوە و سەرلەنوێ دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن.

 

"خێزانەکەم ناچاریان کردم دووبارە ژیانی هاوژینی پێکبهێنم"

 

عهود حاکور، تەمەنی ٢٢ساڵە، دەڵێت: دوای ئەوەی هاوژینەکەی گەشتی بۆ ئەڵمانیا کرد، لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، بۆیە باوکی ناچاری کردووە ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئامۆزاکەیدا پێکبهێنێت، هەرچەندە چوار منداڵی هەبووە، بەڵام هاوژینی یەکەمی چووە بۆ ئەڵمانیا، سەرم سوڕما کە وازی لێهێنام و بەبێ هۆکار جیابوومەوە، بەڵام باوکم بۆ ئەوەی بۆ ئەوەی کۆمەڵگە فشارم نەخاتە سەر و ژنێکم بە تەنیا بۆیە ناچاری کردم بچمەوە هەمان ژیان.

 

"پێویستە ژنان لە پێناو بنیاتنانی ژیانیان لە هەوڵدان نەوەستن"

 

مەرام حەسون، توێژەری کۆمەڵایەتی، وتی: کۆمەڵگە فشار دەخاتە سەر ژیانی ئەو ژنانەی جیابوونەتەوە، تا ئێستا بیری کۆنی کۆمەڵایەتی و دابونەریت بەسەر کۆمەڵگەوە زاڵە، بۆیە قورسە بۆ ژنان ئەو بارودۆخە لە بیر بکەن کە بەسەریاندا تێپەڕیووە.

 

بە پێیوستی دەزانێت ژنان متمانەبەخۆبوون لای خۆیان دروست بکەن هەوڵبدەن بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و تواناکانیان هەروەها کار بکەن بۆ دەستەبەرکردنی داهاتی ئابووری لەڕێگەی دامەزراندنی پڕۆژەی بچوکەوە، بۆ ئەوەی داهاتێک بۆ خۆیان بەدەست بهێنن و گوێ بە قسەی کۆمەڵگە نەدەن.