لە دهۆک ژنێک لەلایەن براکەیەوە ئەشکەنجە دراو سووتێندرا

لە پارێزگای دهۆک، ژنێک لەلایەن براکەیەوە ئەشکەنجە درا و پاشان سووتێندراوە، بەهۆیەوە ٨٠%ی جەستەی سووتاوە و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

پۆلیسی دهۆک بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی ٢٥ی حوزەیران، لە گەڕەکی مالتا لە ناوەندی شاری دهۆک، پیاوێک ئەشکەنجەیەکی جەستەیی زۆری خوشکەکەی داوە و دواتریش ئاگری تێبەرداوە و سووتاندوویەتی، لەئێستادا تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.

 

پۆلیس ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو پیاوە بە توندی لە خوشکەکەی داوە، دوای ئەوەی ئاگری لە جەستەیشی بەرداوە، لە ماڵەوە جێیهێشتووە و هەڵهاتووە، پاش ئەوەی ژنەکەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە، دەست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کراوە، پاش چوار کاتژمێر تۆمەتبارەکە لە شارەدێی چەمانکێی سەربە شارۆچکەی ئامێدی دەستگیرکراوە.

 

ئەوەش ئاشکرا کراوە، ژنەکە، کە دایکی سێ منداڵە ٨٠%ی جەستەی سووتاوە و لەژێر چاودێری پزیشکدایە.

 

توندوتیژیی و قڕکردنی ژنان بەردەوامە و تا دێت ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت دڕندانەتر دەبێت، لە مانگی حوزەیراندا ئەمە دووەم ڕووداوی سووتاندنی ژنانە، لە ڕۆژی ٦ی حوزەیران، لە سلێمانی ژنێکی گەنج بەناوی ئاڤان جەزا، لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندراو گیانی لەدەستدا.