تەندروستی جیهانی: ساڵانە بەهۆی خواردنەوەی کحولەوە ٢.٦ ملیۆن کەس گیان لەدەستدەدەن

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایکرد، ساڵانە بەهۆی خواردنەوەی کحولەوە ٢.٦ ملیۆن کەس لە جیهاندا گیان لەدەستدەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٥ی حوزەیران تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە راپۆرتێکیدا خستیەڕوو، بەکارهێنانی بەردەوامی خواردنەوە کحولییەکان زیان بە تەندروستیی مرۆڤەکان دەگەیێنێت، مەترسیی نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاتر دەکات، دۆخی تەندروستیی دەروونیش تێکدەدات.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ساڵانە بەهۆی خواردنەوەی کحولەوە ٢.٦ ملیۆن کەس لە جیهاندا گیان لەدەستدەدەن، لە هەر ٢٠ کەسێک کە گیان لەدەستدەدەن، یەکێکیان بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوەیە، سێ لەسەر چواری ئەو کەسانەی بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە گیان لەدەستدەدەن، پیاون، ٪١٣ تەمەنیان لەنێوان ٢٠ تا ٣٩ ساڵ دایە.

 

بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠١٩دا هەر کەسێکی سەرووی تەمەن ١٥ ساڵ ٥.٥ لیتر کحولی خواردووەتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠دا هەر کەسێک ٥.٧ لیتر کحولی خواردووەتەوە.