ئیلاها تاواکلیان: بێدەنگی لە بەرامبەر خوێنڕشتنی ناڕەوا خیانەتە

ئیلاها تاواکلیان، یەکێکە لە ناڕازییەکان کە بەهۆی تەقەی ئەفسەرانی ڕژێمی ئێران لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان چاوێکی لەدەستدا، ڕایگەیاندووە کە بێدەنگی لە بەرامبەر خوێنڕشتنی ناڕەوا خیانەتە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیلاها تاواکلیان، یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا بە هۆی تەقەی ئەفسەرەکانەوە چاوێکی لەدەستدا، ئەمڕۆ بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام ڕایگەیاندووە کە "بێدەنگی لە بەرامبەر خوێنڕشتنی ناڕەوا خیانەتە" و "ئەو زیندووە بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوانە وێنا بکات و ئەم خیانەتە نیشان بدات".

 

ئیلاها تاواکلیان کە ئێستا بۆ نەشتەرگەری چاوی لە نەخۆشخانەیەکی ئیتاڵیایە، لە ژێر پۆستەکەی لە ئینستاگرام نووسیویەتی:" نەک هەر ئامادە نیم ئەم فیشەکی پڕ لە توڕەیی و ڕق و دڕندەیە لە سەرمدا بهێڵمەوە، بەڵکو ڕەفتاری توندوتیژی و دڕندەیی بەرامبەر گەلەکەم قبوڵ ناکەم و ناتوانم بێدەنگ بم جونکە بێدەنگی لەبەردەم خوێنڕشتنی ناڕەوا خیانەتە."

 

هەروەها دەربارەی نەشتەرگەری و دەرهێنانی فیشەکەکەی نووسیویەتی: " من بە مۆڵەتی شەخسی خۆم ڕەزامەندیم دەربڕیووە و مەترسی ئەوەم قبوڵکرد کە ئەم فیشەکە لە سەرم دەربهێنرێت و ئەوە نیشان بدرێت کە من و کەسانی دیکە بە کام فیشەک چاومان لەدەستداوە، وەک چۆن کیان و حەمیدرەزا و حەنانە و...ژیانی شیرینیان لەدەستدا...من ژیانم کڕیەوە کە ڕەنگە کۆتایی ژیانم بوایە.. بەڵام ناتوانم چاوم لە ماتەمینی دایکانی خەمبار دابخەم."

 

ئیلاها هەروەها بۆ بەرپرسانی ڕژێمی ئێران نووسیویەتی: " حەسەن کەرمی فەرماندە پێویستە بزانێت ئێمە ڕیکلام ناکەین بەڵکو پیشانتان دەدەین، ڕابەریش دەبێت بزانێت کە لە خۆپیشاندانەکاندا تەنها هێزە سەرکوتکەرەکانی فەرەنسا گەلەکەی کوێر ناکات."

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "من خۆم بەهۆی ئەم دڕندەیی و تاوانە لە ژێر فشاردام و ناتوانم بێدەنگ بم".