"هاوپەیمانی ژنان دەستکەوتی ژنان مسۆگەر دەکات"

ئاریا مەلا ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کانتۆنی جزیرە، دووپاتی کردەوە کە ئامانجی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ژنان پاراستنی دەستکەوتەکان و کولتووری بەرخۆدانی ژنانە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لەگەڵ شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا-ڕۆژئاوا، ژنان لە زۆر بواردا دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێنا، ئەو ژنانەی بە هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی، کە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ واژۆ کرا، پێشەنگایەتی بەرگریکردن لە بەهاکانی شۆڕش لە هەموو بوارەکانی سەربازی، سیاسی و هەموو بوارەکانی ژیاندا دەکەن، لە ڕێگەی خەباتەوە مافەکانیان مسۆگەر کرد، بنیادنانی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ژنان خاڵێکی گرنگە کە لە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیدا پێناسە کراوە.

 

 

ئاریا مەلا ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کانتۆنی جزیرە، باسی لە گرنگی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ژنان کرد و وتی: هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لە کاتێکی زۆر هەستیاردا واژۆ کرا، هاوپەیمانیەکە لەسەر بنەمای ئازادی ژنان دامەزراوە و ژنان ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان تێدا گێڕا، بەو هاوپەیمانییەی کە پشکی ژنان لە سیستمەکەدا ٪٥٠ بوو، بڕگەیەکی زۆر لەخۆدەگرێت بۆ یەکسانی نێوان ژن و پیاو، پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان، سیستمی هاوسەرۆکایەتی، دامەزراندنی ئەنجومەنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە بڕگەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی ڕایانگەیاندووە کە ژنان سیستمی خۆیان بنیاد دەنێن، بۆ ئەوەش پێویستی بە ئامادەکردنی هاوپەیمانییەکی کۆمەڵایەتی هەیە بۆ ژنان، بۆ ئەوەی بتوانن بەپێی ئەو هاوپەیمانییە خۆیان ڕێکبخەن و ماف و دەستکەوتەکانیان بپارێزن.

 

"سیستمی ژنان لە دژی سیستمی حوکمڕان بنیاد دەنرێت"

ئاریا مەلا ئەحمەد ڕایگەیاند، دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان پەیوەستە بە دامەزراندنی سیستمی ژنان و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەپێی گرێبەستی کۆمەڵایەتی پێویستە لە ئێستاوە سیستمی کۆنفیدراسیۆنی ژنان ڕێکبخرێت و گرێبەستی کۆمەڵایەتی ژنان بنووسرێتەوە، دونیا بە سیستمێکی ڕەگەزگەرایی و فەرمانڕەوا و دیکتاتۆر و حاکم بەڕێوە دەچێت، بۆیە پێویستە ژنان سیستمی خۆیان بنیاد بنێن، سیستمێکی دیموکراسی کە هەموو ئەندامان بتوانن بە ئازادی بژین و کۆمەڵگە بە پێشەنگایەتی ژنان و هۆشیارییان پەرەی پێبدرێت، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ژنان بۆ پاراستنی بەها و دەستکەوت و مافەکانیانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئێمە دەمانەوێت هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هاوپەیمانییەکی ژنان بێت لە سووریا، کە مافەکانیان لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک پارێزراو بێت و بەو پێیەش خۆیان ڕێکبخەن.

 

"لە سەدەی بیست و یەکەمدا ژنان پێداگری لەسەر هاوپەیمانی ژنان دەکەن"

ئاریا مەلا ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کە سەدەی ٢١ ژنان چەندین هەنگاوی گرنگ و سەرکەوتوویان ناوە و وتی: ژنان لەم سەدەیەدا بە بەردەوامی باس لە ئامادەکردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان دەکەن، ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە کە ژنان لە ڕێگەیەوە دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن و دەستکەوتەکانیان بپارێزن و کۆمەڵگەکەیان بە عەقڵێکی ئازاد بەڕێوەببەن، هەنگاوێکی لەم شێوەیە بۆ ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پیرۆز دادەنرێت، بۆیە دەمانەوێت هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ژنان بنووسرێتەوە و ببێتە هاوپەیمانی نەک تەنها لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێت، بەڵکو دەمانەوێت هاوپەیمانی ژنان بێت لە هەموو سووریا بەگشتی، چونکە ژنان لە هەر شوێنێک بژین، هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەین بۆ پاراستنی مافەکانیان.

 

"هاوپەیمانی ژنان دەبێتە نموونە و چارەسەر بۆ هەموو جیهان"

ئاریا مەلا ئەحمەد سەرنجی بۆ بەئامانجکردنی ژنان و هێرشەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "لەو کاتەوەی هاوپەیمانیە کۆمەڵایەتییەکە نووسراوە، هێرشەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیادیان کردووە، ئەم هێرشانە دژی هاوپەیمانییەکەیە و بێ گومان هێرشی زۆرتر ڕوودەدات، چونکە دەوڵەت و دەسەڵاتە هەژموونگەرەکان و دەسەڵاتدارەکان سیستمێکی دیموکراسی قبوڵ ناکەن کە یەکسانی مرۆڤ و ژنان تێیدا جەوهەری بێت، دەبینین هاوپەیمانی ژنان دەبێتە چارەسەر و ئومێدێک بۆ هەموو گەلی سووریا و نموونەیەک بۆ هەموو جیهان.