گەنجانی بەشدار لە بەرخۆدانی وان: ئەم سیستەمە دەبێت بگۆڕێت
ژنانی گەنج کە بەشدارییان لە ئێشکگری بەردەم شارەوانی گەورەی وان کرد، وتیان: ئێمە بۆ داهاتوومان هاتووین بۆ ئێرە، دەبێت ئەم سیستەمە بگۆڕدرێت.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250215-20250214-img-9601-jpg5c07e4-image-jpgd26ad6-image.jpg)
مەدینە مامەدئۆغڵو
وان - دوای ئەوەی عەبدوڵا زێدان، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی وان سزای ٣ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە بەردەم بینای شارەوانی ئێشکگری دەستیپێکرد. ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنئ ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتیان و سەرۆک شارەوانییەکان هێشتا بەردەوامە و ڕۆژانە هەزاران کەس بەشداری لە ئێشکگریدا دەکەن و پەیامی بەرخۆدان دەنێرن، دەتوانرێت لە هەر شوێنێک لە ٧ بۆ ٧٠ کەس لە هەموو تەمەنێکدا ببینرێت کە بەشدارییان کردووە، بەرخۆدانیش تا دێت لەلایەن گەنجانەوە پێشەنگایەتی دەکرێت.
"ناتوانن ملیۆنان بە نەبوو هەژمار بکەن"
بەسنا ئابی (٢٤ ساڵ) یەکێکە لەو ژنانەی لە ڕۆژی یەکەمەوە لە ئێشکگریدایە، دەڵێت: ئێمە لە دژی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەم شوێنەداین، وتی: دەیانەوێت لێرە دەست بەسەر ئیرادەی ئێمەدا بگرن. ئێمە لێرەین بۆ گەلەکەمان. ساڵی ڕابردوو هەوڵیاندا دەست بەسەر ئیرادەی ئێمەدا بگرن، بەڵام شکستیان هێنا. ئەمڕۆ دەیانەوێت بەم سیاسەتە تۆڵەی ساڵی ڕابردوو بکەنەوە، بۆیە دەڵێین، ناتوانن ڕێز لە ئیرادەی گەل نەگرن.
بەسنا ئابی ئاماژەی بەوەشکرد، قەیومەکان خەڵکیان لە خزمەتگوزاری بێبەش کردووە، کەس نییە لەبارەی شەرعیەتی قەیوم و سیاسەتەکانیان لە شارەکاندا نەزانێت، قەیوم تەنها دزە. ئەگەر ئەم دەستبەسەرداگرتنە ئەنجام بدرێت ئێمە بەرەنگاری دەبینەوە. هاوسەرۆکانی شارەوانیمان ماوەی ١١ مانگە لە پۆستەکانیاندان. ئێمە لەوان و خزمەتەکانیان ڕازین.
"بەرخۆدان بەردەوام دەبێت"
سەمانور تۆسون (٢٢ ساڵ) داوای کرد داواکاری گەنجان لەبەرچاو بگیرێت و پرۆسەکە بەم شێوەیە بەرەو پێشەوە بچێت، وتیشی: وەک گەنجان ئێمە قەیوممان ناوێت، بۆیە گەنجان تەنانەت یەک هەنگاویش لە بەرخۆدان پاشەکشە ناکەین.
مێرڤەنور ئاکار (١٩ ساڵ) لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ یەکەمجار دەنگی دا و وتی: دەنگم بە دەم پارتی داوە، لە ڕۆژی هەڵبژاردنیشدا لە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان ئێشکگریمان کرد، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی دەنگەکانمان نەدزراوە، ئێستاش بۆ پاراستنی ئیرادەمان بەشداری ئێشکگریمان کردووە.
"دەبێت ئەم سیستەمە بگۆڕدرێت"
دیلان جان (٢١ ساڵ) ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەوەی سەر بۆ ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی ئاکەپە دانەنەوێنێت، بەشداریی لە ئێشکگری بەردەم شارەوانیدا کردووە، دیلان جان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو خزمەتەی کە لە لایەن شارەوانییەکانی دەم پارتییەوە پێشکەشکراوە و وتی: ئاکەپە ئایندەیەک بۆ گەنجان بنیاد نانێت، ئێمە لێرەین بۆ خۆمان و بۆ داهاتوومان، دەبێت ئەم سیستەمە بگۆڕدرێت، ڕێگە بە قەیومەکان نادەین کە دابنرێن.