لە باشوورەوە: به ڕۆحی ئیرادەی ئیمڕاڵی و بەرخۆدانی گەلەکەمان سەرکەوتن بەدەستدەهێنین

لە ٢٦ەمین ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات لە دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان لە شاری سلێمانی بەست و ڕایانگەیاند، "به ڕۆحی ئیرادەی ئیمڕاڵی و بەرخۆدانی گەلەکەمان سەرکەوتن بەدەستدەهێنین".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، دژی پێلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئاپۆ، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی بەست و ڕایگەیاند، به ڕۆحی ئیرادەی ئیمڕاڵی و بەرخۆدانی گەلەکەمان سەرکەوتن بەدەستدەهێنین

 

بەیاننامەی کۆمیتەکە لەلایەن حەکیم عەبدولکەریم، ئەندامی کۆمیتەکە خوێندرایەوە و وێرای پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ـی شووباتی ١٩٩٩ـی شەرمەزارکردووە و ڕایگەیاندووە، هاوڵاتییانی کوردستان، هاونیشتیمانیانی ئازیز، وا پێ دەنێینە ٢٧ـەم ساڵی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بەردەوامی ئەم قۆناغە نا مرۆڤانەیە دوورە لە هەرچی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و نێوخۆییەکانی تورکیا و جیهان، لەبەر ئەوە به ڕۆحی ئیرادەی ئیمڕاڵی و بەرخۆدانی گەلەکەمان سەرکەوتن بەدەستدەهێنین.

 

ئاماژە بەوەشدراوە، سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری بە شێوازاێکی توند و بەردەوام درێژەی هەیە، ئەمەش مانای وایە گەورەترین شەڕ لە ئیمرالییە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە بەردەم بەرخۆدان و تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان شکستی خواردووە و لەبەردەم دەرگای ئیمڕاڵی داوای ئاشتی ئەکات، کەواتە ئەم پرسە ئەگەر سیناریۆش بێت، ئەوا ڕوونە فاشیزم بێچارەیە، ئۆجالان بە هێز و کەسی یەکەمی چارەسەری ئەبینێت.

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ڕێبەر ئۆجالان ڕێگای ئاشتی تەنها لە تورکیا بە گرنگ نابینێت، بەڵکو پێیوایە جگە لە ئاشتی و بە دیموکراتیکردنی کۆی ئەو وڵاتانەی کوردستانی تێدا دابەش کراوە چارەی تریان نییە لە ئاشتی ڕاستەقینە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی زیاتر، چونکە تاکە پارێزێکی ئەو قەوارانە ملدانە بۆ ماف و ئازادیی و دیموکراسی، ملدانە بۆ بە یاسایی کردنی چارەسەری و دورکەوتنەوە لە هەڵخەڵەتاندن و دوو ڕوویی.

 

کۆمیتەکە دەشڵێت: ئەمڕۆ گەلەکەمان لە باکووری کوردستان ڕێکخستنێکی جەماوەری کۆمەڵایەتی دەرخستووە، کە دەوڵەتی تورکیای بێچارە هێشتووەتەوە، پەیمانی یەکڕیزی و متمانە بە ڕێبەرەکەی بەو پەڕی مۆڕاڵەوە گرێداوە، لەم ڕووەوە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت “زەمینە هەبێت لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە دۆخەکە لە شەڕەوە دەگۆڕم بۆ ئاشتی بە شێوازی یاسایی و سیاسی، کەواتە ڕێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەری کێشەکانی نێو تورکیا و ناوچەکەیە بەگشتییە، لەو ڕوانگەیەوە کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بە پێویستی دۆخەکەی دەبینێت و بە زووترین کات ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان پێکبهێندرێت چونکە بنەمای سەرەکی چارەسەرییە بۆ کۆی پرسە کەڵەکەبووەکانی گەلانی ناوچەکە.