کەژەکە: دانانی قەیوم بەسەر شارەوانی واندا هێرشی هێزەکانی دژە چارەسەرە
کەژەکە ڕایگەیاند، "دەبێت ئەو قەیومەی کە بۆ شارەوانی وان دانراوە، وەک هێرشی هێزەکانی دژبەری چارەسەر ببینین و بەرخۆدان بۆ ئازادی لە سەرتاسەری کوردستان دەست پێبکەین، وان کوردستانە و بەرخۆدان بەرخۆدانی ئازادی کوردستانە".
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250215-20250215-20250215-20250215-kjk-jpg1878eb-image-jpg71c9c1-image-jpg6096bd-image-jpgb2afde-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی کەژەکە ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی سەبارەت بە دانانی قەیوم لە گەورە شارەوانی وان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بە تووڕەیییەکی زۆرەوە پێشوازی لە ٢٦ ساڵەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات دەکەین دژی ڕێبەر ئاپۆ و بەڵێن دەدەین لە ڕێگەی بەرخۆدانەوە پیلانەکە پووچەڵ بکەینەوە، پیلانگێڕانیش شەرمەزار دەکەین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات ئەو ڕۆژەیە کە گەلی کورد سزای جینۆسایدی بەسەردا سەپێندرا و بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ لە داوی جینۆسایددا مایەوە، ئەو ڕۆژەیە کە ڕووبەڕووی دڕندەترین تاریکی مێژووی کرایەوە. ئەو ڕۆژە مێژووییەی شێخ سەعیدی پیرانی تیادا دەستگیرکرا، ڕێبەرایەتیمان ڕادەستی تورکیا کرا، ئەو ڕۆژە درێژەپێدەری سیاسەتی جینۆسایدی لەناوبردنی پێشەنگەکانی گەلی کورد و گەلی کورد بوو، درێژەپێدەری پێگەی کۆلۆنیالیزمی نێودەوڵەتی سەدەیەک بوو کە لەسەر بنەمای پەیمانی لۆزان دامەزرابوو. لە بەرامبەر ئەمەدا گەلی بوێری کورد، گەنجانی قارەمانی کورد، ژنانی دڵسۆزی کورد، دۆست و هەڤاڵانی شۆڕشگێڕ و ئینتەرناسیۆنالیست، بە دروشمی "ناتوانن ڕۆژی ئێمە تاریک بکەن"، ڕاپەڕینێکیان لە دژی پیلانگێڕی ١٥ی شوبات دەستپێکرد و بەرخۆدانی قارەمانانەیان بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ ڕێگری لە پیلانگێڕان کرد بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان.
هەروەها ئاماژەشیان بەوەدا، ئەو کەسەی نەیهێشت جینۆساید و پیلانگێڕی بگاتە ئەنجام، ئەو کەسەی کە پیلانەکەی پووچەڵ کردەوە، کوردی لە سیستەمی 'تەڵەی جینۆسایدی کورد' ڕزگار کرد و فەلسەفەی 'بژین و بیان ژیەنن"ی پێشکەش بە گەلان کرد، ڕێبەر ئاپۆیە. بۆ ئەمەش ڕێبەر ئاپۆ گۆڕانکارییەکی گەورەی پارادایمی جێبەجێ کردووە، یەکگرتوویی یەکسان و ئازادی بۆ هەموو لایەک بەدەست هێناوە و چەندین جار پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری بەرەوپێش بردووە و شکستی بە ڕژێمی جینۆساید هێناوە. ڕێبەر ئاپۆ لەناو تاریکییەکی بێ ئامان و نامەرددا وەک ڕووناکییەکی نوێ بۆ گەلەکەمان لەدایک بووەتەوە. ئەم ڕووناکیە هەرگیز تاریک نابێت، ئەم ڕووناکییە وەک سەرچاوەی ژیانی هەتاهەتایی بۆ گەلان و ژن و گەنجانی ئەم خاکە لەدایک دەبێت.
"با لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان گەشە پێبدەین"
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لەسەر ئەو بنەمایە، سەرۆک ئاپۆ پرۆسەیەکی نوێی دیالۆگی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد پەرەپێداوە و پێشنیارەکانی خۆی بۆ چارەسەری بۆ هەموو لایەنەکان خستۆتە ڕوو. ئەو کفنەی کە لە مێژوودا بەدەوری کورددا پێچراوەتەوە، لەتێک کەوتووە و جیۆستراتیژییەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای ئازادی کورد سەریهەڵداوە. ڕێبەر ئاپۆ هیوایەکی گەورەی بۆ ژیانێکی یەکسان و ئازاد بۆ هەموو گەلان دروست کردووە، لە بەرامبەر ئەو پیلانگێڕانەی کە پێداگری لەسەر جینۆساید دەکەن.
بەڵام حکومەتی ئاکەپە لەم بارودۆخەی ئێستادا نیشانی داوە کە بڕیاری جینۆسایدکردنی گەلی کوردە. ئەمەش لە لایەن قەیوم و هێرشەکانی داگیرکەری بۆ سەر ڕۆژئاوا و تیرۆر و دەستگیرکردنەکانەوە دەرکەوت. لەم قۆناغەدا دوژمنایەتی ئاکەپە بەرامبەر بە کورد بووەتە دوژمنایەتی بەرامبەر تورکیا. ئەو هێرشە و قەیوم کە لە ١٥ی شوباتدا لەسەر شارەوانیی گەورەی وان سەپێنرا، نیشانی دەدات کە ڕژێم بە بێ سزایی بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی جینۆسایدی گەلی کورد و درێژە بە پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات دەدات. لە هەمووی گرنگتر ئەردۆغان پاسەوانێکیشی بۆ داهاتووی تورکیا داناوە. گورزێکی لە سیاسەتی داهاتووی تورکیا داوە. بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو ڕای گشتی ئەوەیە؛ سیاسەتی لەناوبردنی کورد، تورکیاش لەناو دەبات و هیچ دەرەنجامێکی دیکەی نییە. ئایندەیەکی شکۆمەند و ئازاد تەنها بە ژیانێکی شکۆمەند و ئازاد و یەکسان بۆ کورد دەستەبەر دەبێت. پێویستە هەمووان ئەمە ببینن و دژی ئەو وێرانکارییەی ئەردۆغان سەپاندویەتی بوەستن. بۆ ئایندەیەکی هاوبەش بۆ گەلەکانمان و ئاشتی لەم خاکانەدا، خەبات بۆ دیموکراسی ڕۆژانە دەگاتە لوتکە. بۆ ئەوەی جارێکی تر هیوای ئاشتی و ئاشتەوایی بێهودە نەبێتەوە، پێویستە هەموو پارتە سۆسیالیستەکان و ژنان و گەنجان چالاکانە و کاریگەرانە خەبات بۆ دیموکراسی بەرز بکەنەوە.
بانگەوازەکەمان بۆ گەلی بەرخۆدێر و ژنە ئازا و گەنجە قارەمانەکانمانە؛ مێژوو تۆی وەک نەتەوەی ئازادی سەردەم پێناسە کردووە. بە خوێن و ڕۆح و ماندووبوون و میهرەبانیت دەرفەتی ئازادیت خوڵقاند. ئێمە ئێستا چووینە ناو ئەو سەردەمەی تاجی وڵاتەکەمان بە سەرکەوتنی ئازادی دابنێین. پێویستە دانانی قەیوم بۆ شارەوانی وان وەک هێرشی هێزەکان لە دژی چارەسەر ببینین و بەشداری بەرخۆدان بۆ ئازادی لە سەرتاسەری کوردستان بکەین. وان کوردستانە، بەرخۆدان بەرخۆدانە بۆ ئازادی کوردستان، بەرخۆدان پێداگرییە لەسەر هێڵی چارەسەر و شکستی نەیارانی ئاشتی. لەگەڵ دانانی قەیوم ئەمڕۆ بۆ شارەوانی وان، نەک هەر گورزێک لە ئیرادەی گەلی کورد درا؛ ئەم کودەتایە پیلانێکی نوێی پیلانگێڕی و جینۆسایدە دژ بە پرۆسەکەیە، لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان زیاد بکەن و ئازادی لە دژی جینۆساید و داگیرکاری و کۆیلایەتی مسۆگەر بکەن".