تیمی بالەی کچانی دەربەندیخان و سلێمانی بۆ چوارگۆشەی زێڕین سەرکەوتن

کێبڕکێی بردنەوەی نازناوی خولی بالەی لاوانی کچانی یانەکانی عێراق بەردەوامە، تیمی بالەی کچانی سلێمانی و دەربەندیخانیش یارییەکی دیکەیان بردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەردەوامی یارییەکانی خولی بالەی لاوانی کچانی یانەکانی عێراق، دەربەندیخان یاری لوتکەی لە ئەفرۆدێت بردەوە، هاوکات لە یارییەکی دیکە تیمی بالەی کچانی یانەی سلێمانی لە یانەی تەقتەقیان بردەوە.
 

لە خولی لاوانی عێراق بۆ تۆپی بالەی کچان، دەربەندیخان کۆتا یاری خۆی لە قۆناغی کۆمەڵەکان بەرامبەر یانەی ئەفرۆدێت ئەنجامداو توانی سێ گێمی بێوەڵام یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبهێنێت و بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین سەرکەوتن.

خاڵی گێمەکان بەم شێوەیە بوو، ٢١-٢٥، ١٥-٢٥، ١٧-٢٥،  کچانی یانەی دەربەندیخان تا ئێستا هیچ گێمێکیان لێ تۆمار نەکراوە سەرجەم یاریەکانیان ٣_٠ کۆتایی پێهێناوە.

 

تیمی بالەی کچانی یانەی سلێمانی بەردەوامن لە نوسینەوەی مێژویەکی پرشنگدار،  ئەمڕۆ لە یارییەکی دیکە پێنجەم سەرکەوتنی یەکلەدوای یەکیان لە خولی عێراقدا تۆمارکرد.

 

تیمی بالەی کچانی یانەی سلێمانی بە سێ سێتی بێبەرامبەر لە کچانی تەق تەقیان بردەوە و بوون بە پێشەنگی کۆمەڵەکەیان، هاوکات بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی لاوانی یانەکانی عێراق سەرکەوتن.