بەرزبوونەوەی نرخی نان، قەیرانێکی دیکەی ئێران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی نان لە خۆراسان بەڕێژەی ٤٠٪ بەرزبووەتەوە، نانەواخانەکان دەڵێن تاکە هاوکاری حکومەت بۆیان دابینکردنی ئاردە، تێچووەکانی دیکە لە گیرفانی بەڕێوەبەری نانەواخانەکەوە حیساب دەکرێت.

سویدا خۆراسانی

 

خۆراسان- بەرەبەیانی ئەمڕۆ، نرخی نان لە خۆراسان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرزبووەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی لێکەوتەوە.

 

هاووڵاتیەک کاتێک لە نانەواخانەیەک لە ڕیزدا وەستاوە بۆ کڕینی نان پرسیوویەتی بۆچی نانتان گرانتر کردووە؟ لە لکاتێکدا ماوەیەک پێش ئێستا نان گرانبووە، ئەو کوڕە گەنجەی لەوێ بەرپرس بوو وتی: "سەندیکا باجەکەی بە ئێمە دەدات و ئێمە تاوانبار نین."

 

سەردانی چەند نانەواخانەیەکی شارمان کرد، لە یەکێک لە نانەواخانەکان هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەمان پرسی، نانەواکەش باسی لەوە کرد کە هۆکاری گرانبوونی نرخی نان بەرزبوونەوەی نرخی هەویر و ئارد و خوێ بووە.

 

سەردانی نانەواخانەیەکی ترمان کرد، خەدیجە حوسێنی بەڕێوەبەری نانەواخانەکە، زیادبوونی کرێی دوکانەکان، زیادکردنی باجی ئاو، کارەبا و غازی بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نان زانی، " تاکە پشتیوانی حکومەت بۆ نانەواخانەکان دابینکردنی ئاردە، تەواوی تێچوونەکانی دیکەش لە گیرفانی بەڕێوەبەری نانەواخانەکەوە حیسابی بۆ دەکرێت، لەگەڵ ئەم گرانبوونی نرخە، تەنانەت ئەگەر حکومەت ئارد بەخۆڕایی لە نێوان نانەواخانەکاندا دابەش بکات، هێشتا خەرجی نانەواکان ناکات و لەو نێوەندەدا تەنها من زەرەرەکەی دەدەم، بەهۆی سەختی کارو هەڵاوسان نرخی ڕۆژانە بەرز دەبێتەوە، زۆرێک لە هاوکارەکانمان لە چەند ساڵی ڕابردوودا ناچار بوون کارەکانیان بگۆڕن."

 

نرخی نان لە خۆراسان ٤٠٪ زیادی کردووە و بە وتەی بەرپرسی سەندیکای نانەواکانی خۆراسان، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی چاوەڕواننەکراوی نرخی نان وتی: "بەرزبوونەوەی نرخی نان لە دەستی سەندیکا و بەرپرسانی ئەو شارەدا نییە، بڕیارێکی لەو شێوەیەش لە لایەن پایتەختەوە دراوە و بە هەماهەنگیی پارێزگای خۆراسان جێبەجێ کراوە، ئەم بەرزبوونەوەی نرخەش تایبەت نییە بە خۆراسان و پلانی بەرزکردنەوەی نرخی نانیش وردە وردە لە هەموو وڵات جێبەجێ دەکرێت".

 

بەرپرسی سەندیکای نانەواکانی خۆراسان جەختی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نان کردەوە، هەرچەندە بەرزبوونەوەی ٪٤٠ی نرخەکان تێچووی بەرهەمهێنانی نان کەمێک کەمدەکاتەوە، بەڵام هێشتا بەرهەمهێنانی نان قازانجی نییە.

 

نان سەرچاوەی سەرەکی خواردنە بۆ خەڵک و بە نیعمەتی سفرەکان ناودەبرێت، نیعمەتێک کە ئەوەندە گران بووە بە تێپەڕبوونی کات لەسەر سفرەی هەندێک ماڵ لادەبرێت یان لانیکەم لەسەر سفرەکان کەم دەبنەوە.

 

نان بە خواردنێکی سەرەکەی دادەنرێت و خەڵکی ناتوانن واز لە کڕینی بهێنن، چونکە خواردنی سەرەکیانە و ئەگەر لە ماڵەوە هیچیان نەبێت بیخۆن، لە هەموو ماڵێکدا پارچە نانێک بدۆزرێتەوە بۆ تێرکردنی گەدەیەکی برسی بەسە.

 

بەرزبوونەوەی نرخی نان هەندێک کەس نیگەران دەکات، ئەو خێزانانەی کە بەشێک لە داهاتەکەیان بۆ کڕینی نان خەرج دەکەن و لە ئەگەری گرانبوونی، کاریگەری لەسەر داهات و خەرجییەکانیان دەبێت.