سەرچاوەکانی نوژنها: دەستگیرکردن دەستیپێکردووە و ئینتەرنێت پچڕاوە
دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتی بەربڵاو لە شارەکانی سنە و سەقز، دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەران دەستیپێکرد، سەرچاوەکانی ئاژانسی نوژنها باس لەوە دەکەن کە ئینتەرنێت لەو شارانە پچڕاوە.
ناوەندی هەواڵ
دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی سەقز، لە شارەکانی سەقز، سنە و شارەکانی دیکەی ئێران، گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دەستیپێکرد و داوای سزادانی بکوژانی ژینا ئەمینی دەکەن.
دوای بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی، خەڵکی ناڕازی سەقز لە بەردەم پارێزگاری ئەم شارە گردبوونەوە و بە دروشمی سیاسی دژی ڕژێمی ئێران داوای سزادانی بکوژانی ژینایان کرد.
ههروهها ئێوارهی دوێنێ، ١٧ی ئەیلول خۆپیشاندان له شاری سنه دهستیپێكرد و هاوڵاتیان و چالاكوانانی مهدهنی هاوسۆزی و پشتیوانییان لە خۆپیشاندان و داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی شاری سهقز هاتنه مهیدان.
بەپێی زانیاری سەرچاوەکانی ئاژانسی نوژنها لە دوێنێوە دەستگیركردنی بەربڵاوی هاوڵاتیانی ناڕازی و بەتایبەت گەنجان لە شارەکان دەستیپێکردووە و سپرای بیبەر و گازی فرمێسکڕێژ بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهێنراوە، هاوکات چەندین خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.
دوو لەو ژنانەی لە مەیدانی ئازادی شاری سنە وێنەی ژینایان بەرزکردبووەوە و وەک نیشانەی ناڕەزایەتی بە بێدەنگییەکی دانیشتبوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بە زۆرەملێ دەستگیرکراون، ناسنامەی ئەو دوو ژنە بۆ سەرچاوەکانمان تا ئێستا پشتڕاست نەکرایەوە.
ههروهها سەرچاوەکانی نوژنها خستیانەڕوو کە ئینتەرنێت لە شارەکانی سنە و سەقز بچڕاوە و دوای زیاتر له ١٢ کاتژمێر له پچڕانی، تهنها له ناوچهكانی دهوروبهری ئینتەرنێت گرێدراوه و له ناوهندی شارهكانی سنە و سهقز هێشتا دۆخەکە بەردەوامە.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ناڕەزایەتی بەربڵاو لە تاران بەڕێوەچوو و بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لەیلا میرغەفەری چالاکی مەدەنی و زانیار محەمەد نژاد چالاکی مەدەنی دانیشتووی تاران لە لایەن پۆلیسی تاران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
ژینا ئەمینی خەڵکی سەقز لە کاتی گەشتکردن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە تاران لەلایەن دەوریەی ئێرشاد- پۆلیسی ڕەوشت دەستبەسەر و لێیدرا و دوای دوو ڕۆژ مانەوەی لە کۆمادا لە نەخۆشخانەی کەسرەی تاران گیانی لەدەستدا.