چالاکوانانی باشووری کوردستان بۆ مەرگی ژینا دەنووسن

مەرگی ژینا ئەمینی کاردانەوە و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە لەلای ژنان، هاوڵاتیان، چالاکوانان، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان، نیاز عەبدوڵا وەک ڕۆژنامەنووسێک لە باشووری کوردستان بۆ مەرگی ژینا دەنووسێت و ئیدانەی ئەو کارە دەکات کە بەرامبەری ئەنجامدراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژینا ئەمینی ناسراو بە مەهسا، تەمەنی ٢٢ ساڵە خەڵکی شاری سەقزە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشتێک چووەتە تاران بە بیانووی نەپۆشینی لەچکی گونجاو دوای لێدانی لەلایەن کارمەندانی دەوریەی ئیرشادەوە رووبەڕووی بێهۆشی بووەوە و دواتریش گیانی لەدەستدا.

 

بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی ژنان و خەڵکی شاری سەقز خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و کاردانەوەی لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێکەوتەوە، لە بەرامبەردا چالاکوانان و ڕۆشنبیران لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ مەرگی ژینا دەنووسن و ئیدانەی ئەو شێوازە پێشێلکردنەی مافەکانی ژنان دەکەن.

 

نیاز عەبدوڵا وەک چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لە باشووری کوردستان بۆ مەرگی ژینا دەنووسێت و ئیدانەی ئەو کارە دەکات کە بەرامبەری ئەنجامدراوە.

 

ناوەڕۆکی نوسینەکەی بەم شێوەیە:

كۆماری ئیسلامی ئێران "شەرەف و كەرامەت"ی دین و حوكمڕانییەكەی لە جەستە و سەركوتكردنی ئازادییەكانی ژنان دەبینێتەوە، دەیان ساڵە بەناوی ئەخلاق پارێزی و نیشتیمان پارێزییەوە بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ و چالاكوانانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە سێدارە دەدات و تیرۆریان دەكات، ژن پارێزان ئەشكەنجە دەدات و لە زیندان دەستدرێژییان دەكاتەسەر، رۆژانە لەسەر شەقامەكان ژنانی ئازادیخواز ئەشكەنجە دەدات و سووكایەتییان پێدەكات بەناوی "پابەندنەبوون بە مەرجەكانی باڵاپۆشی" و "دەرچوون لە ئەخلاقی سەپێندراو".

 

كوشتنی كچە كورد ژینا ئەمینی ناسراو بە " مەهسا" لەژێر ئەشكەنجەی" پۆلیسی پارێزەرانی ئەخلاق " بەبیانوی پابەندنەبوون بە مەرجەكانی حیجاب و باڵاپۆشی، لوتكەی ترسنۆكی و بێشەرەفی حكومەتی ئێران و حوكمڕانەكانییەتی، كە هەموو هێز و سەپاندنی نێربوونی خۆیان لەشاردنەوەی دوو كەزییەكەی ژینا و پەرچەمی دەبیننەوە.

 

كۆماری ئیسلامی ئێران دژ بەهەموو بەهاكانی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەرییە، دژی مافی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی ئێرانە، رقی لە هەر ژنێكە بەرگری لە مافەكانی بكات و نەبووبێت بەجللادی كۆمار و سیستەمی عەمامە.