کەنەکە: ژینا ئەمینی قوربانییەکی دیکەی ڕژێمی ئێران

کەنەکە لەبارەی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینیی ٢٢ ساڵ لە سەقز بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا هەموو شێوازە جیاوازەکانی تاوان لەو وڵاتەدا لەلایەن دەزگا فەرمی و نانیزامییەکانی ڕژێمەوە بە بەرچاوی دنیاوە پەیڕەو دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لەبارەی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە وئاماژەی بەوەدا، داگیرکارانی کوردستان بۆ لەناوبردنی خەڵکی کوردستان لە هیچ شێوازێکی ئەشکەنجە و کوشتن سڵ ناکەنەوە، بە پاساو و بیانووی بێ بنەما لە ئەنجامدانی تاوانەکانیان بەردەوامن.

 

بەیاننامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەبارەی مەرگی ژینا ئەمینی؛

"داگیرکارانی کوردستان بۆ لەناوبردنی خەڵکی کوردستان لە هیچ شێوازێکی ئەشکەنجە و کوشتن سڵ ناکەنەوە، بە پاساو و بیانووی بێ بنەما لە ئەنجامدانی تاوانەکانیان بەردەوامن. ژینا ئەمینی-مەهسا کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی سەقز، لە گەشتێکدا بۆ تاران بە بیانووی سەرپۆش لەلایەن یەکەی بەدناوی پۆلیسی ناسراو بە پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی دەستگیر دەکرێت. دواتر لەژێر ئەشکەنجەدا شەهیدی دەکەن. تاوانێکی لەو چەشنە نەک هەر بە ئاشکرا ژێرپێخستنی مافەکانی مرۆڤە، بەڵکو کۆی یاسا و ڕێساکانی ڕژێمێکی دیکتاتۆر و دڕندە دەخاتە بەردەم پرسیار گەلی ئەخلاقی و یاسایی و سیاسیشەوە.

 

چەند رۆژێک پێش ئەو تاوانەش، خۆفرۆش و نۆکەرێکی رژێم لە شاری مەریوان ویستی دەستدرێژیی بکاتە سەر کچێکی گەنج، ئەویش بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆی، لە بانیژەيی ماڵەکەوە خۆی هاویشتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا، ئەم هەموو شێوازە جیاوازانەی تاوان لەو وڵاتەدا لەلایەن دەزگا فەرمی و نانیزامییەکانی ڕژێمەوە بە بەرچاوی دنیاوە پەیڕەو دەکرێن، ئەمانە سەرەڕای کپکردنی هەموو دەنگێکی ئازاد و دادپەروەر، بوون بە سیمای ڕژێمی ئێران.

 

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە توندی ئەو تاوانانە و ئەنجامدەرانی ڕسوا و شەرمەزار دەکەین. سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێ و دۆستانی قوربانیان دەکەین. داوادەکەین خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەک چۆن خەڵکی سەقز ڕژاونەتە شەقامەکان و لە دژی ئەو تاوانانە دەنگیان هەڵبڕیوە، بە هامانشێوە لە شوێنەکانی تریش ناڕەزایەتی پیشان بدەن و چیدی ئەو هێرش و دەستدرێژیانە قبوڵ نەکەن. بەتایبەتیش ژنان کە راستەوخۆ ئەم جۆرە تاوانانە رووی لە ئەوانە، بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبن".