پێشێلکاری نوێ... هێزەکانی پشتیوانی خێرا زیاتر لە ١٠٠ کەسیان لە باکووری دارفور کوشت

لە شەپۆلێکی نوێی پێشێلکارییەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە دژی خەڵکی مەدەنی، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە گوندەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شاری فاشری پایتەختی ویلایەتی دارفۆری باکوور کوژران، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە ململانێ لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا و لە ئەنجامدا هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کوژران و برینداربوون، هەروەها ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتی لێکەوتووەتەوە.

 

کاترین ڕوسیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، پشتڕاستیکردەوە کە ڕێکخراوەکە زیاتر لە ٩٠ هێرشی بۆ سەر نەخۆشخانە و خوێندنگەکانی سودان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا بەڵگەدار کردووە.

 

بەپێی ئەوەی دوێنێ وتەبێژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی سودان بڵاویکردەوە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا پێشێلکاری نوێیان لە گوندەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شاری فاشری پایتەختی ویلایەتی دارفۆری باکوور ئەنجامدا و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، لەناویاندا ژن و منداڵ هەن.

 

نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر، هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستیانکرد بە هێرشکردنە سەر گوندەکانی ناوچەی ئوم کەدادا، لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی دارفۆری باکوور.

 

وتەبێژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی سودان ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە گوندی بروش لە ویلایەتی دارفۆری باکوور جینۆسایدێکی نوێیان ئەنجامداوە، بەو پێیەی زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنییان کوشتووە، لەناویاندا ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەن هەن، ئەمە جگە لەوەی کە دانیشتووانی گوندەکە بەرەو ناوچە سەلامەتەکان هەڵهاتن، هەروەها پێشێلکارییەکی بەرفراوان لە ناوچەکانی ئەبو جەربۆن و گۆلۆ و شەکرە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامدرا، لەوانە کوشتن و تاڵانکردن و دەستگیرکردنی دەیان گەنج.

 

زیاتر لە ٩٠ هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەو خوێندنگەکان

کاترین ڕوسیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە زیاتر لە ٩٠ هێرشی بۆ سەر نەخۆشخانە و خوێندنگەکانی سودان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا بەڵگە کردووە، ئەو هێرشەی کە نەخۆشخانەی سعودی لە شاری فاشر کردە ئامانج، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٦٥ کەس کە زۆربەیان گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی جددی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پێکدەهێنن، بەو پێیەی ژیانی منداڵان دەخەنە مەترسییەوە و ڕێگرییان لێدەکات لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان ئەم ڕووداوە بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان لە سودان.