سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق ئەنجامنامەی خۆی ڕاگەیەند

سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق  بە درووشمی "بە تێکۆشانی یەکگرتوویی لە دژی کۆمەڵکوژیی، ببە دەنگی خۆپاراستن" بەڕێوەچوو، بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامنامەیەک کۆتایی هات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە هۆڵی قەسری سەدر، بە پێشەنگایەتی ڕابیتەی ژنانی عێراق، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی-تاژێ، ڕێکخراوی ئۆری کولتووری بۆ ژنان و منداڵان، بە دروشمی "بە تێکۆشانی یەکگرتوویی لە دژی کۆمەڵکوژیی، ببە دەنگی خۆپاراستن" بە بەشداری زیاتر لە ٣٠٠ ژنە ڕووناکبیر، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی ڕێکخراوەکان لە هەموو ناوچەکانی عێراقەوە، سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق دەستی پێکرد.

 

لە پاش کۆتاییهاتنی سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق، لەلایەن وتەبێژی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدیی، سوهام شنگالییەوە، ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەی خوێندەوە بەمشێوەیەی خوارەوە:

 

جینۆساید و کۆمەڵکوژیی بەسەر شنگال و گەلی ئێزدیی و عێراقدا هات، بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراق، کە کۆمەڵکوژیی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ بە جینۆساید بناسێنێت.

 

بانگەوازیی لە هەموو ئەوکەسانە دەکەین کە لە نزیکەوە ئاگاداری جینۆسایدی سەر ئێزدییەکانن و ڕێکخراوەکان و چالاکوانان دەکەین لە تەواوی عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بۆ دادگاییکردن و بە سزاگەیاندنی چەتەکانی داعش و هاوکارەکانیان، هەوڵ و تێکۆشانی جدی بدەن.

 

لە جینۆسایدی ٣ـی ئابدا، سێ هەزار و ٥٠٤ ژن و ٨٦٩ پیاو و ژمارەیەکی زۆر منداڵ و بەگشتیی نزیکەی ٧٠٠٠ ئێزدیی بەدیل کەوتنە دەست گرووپە چەتەکانی داعش، هێشتا هەزاران ژن ومنداڵی ئێزدیی لەدەست چەتەکانی داعشدا ماون و چارەنووسیان نادیارە، بۆ ڕزگارکردنی ئێزدییەکانی دەست داعش بانگەوازی لە جیهان و ژنان و کۆمەڵگای عێراق دەکەین، تێبكۆشن و هەوڵی جدی بدەن.

 

لە پاش ساڵی ٢٠١٧وە چەندین جار دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی جەنگیی و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شنگالیان بۆردوومان کردووە، ئەم هێرشانە بەردەوامیدانە بە جینۆسایدی سەر ئێزدییەکان و داواکارین لە حکومەتی عێراق بەزووترین کات ئاسمانی شنگال بەڕووی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا دابخەن.

 

مرۆڤ تەنها لەسەر زێدی خۆی دەتوانێت پارێزگاری لە کەلتوور و ئاین و کۆمەڵگای خۆی بکات، بەهۆی جینۆسایدی شنگالەوە هەزاران ئێزدی لە واری خۆیان هەڵکەندران و ئاوارەی کامپەکانی هەرێمی کوردستان بوون، بۆیە بانگەوازیی لەهەموو ئاوارەکانی ئێزدیی دەکەین کە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

 

داواکارین لە هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە لەپێناو مافی مرۆڤ و دیموکراسییدا تێدەکۆشن، پشتگیری لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شنگال بکەن، هەروەها داواکارین لە حکومەتی عێراق کە خۆبەڕیوەبەریی شنگال بە گوێرەی دەستوور بە فەرمی بناسێنێت و دانی پێدا بنێت.