قەرزی هاوسەرگیری و منداڵبوون ڕێگایەکی نوێ بۆ چەوساندنەوەی ژنان لە ئێران

کاتێک جەستەی ژن وەک سەرمایە بۆ بازرگانی نەک مرۆڤایەتی پێناسە دەکرێت، ئیتر هاوسەرگیری هەڵبژاردە نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ مانەوە، بە تایبەت لە ئێراندا کە سیاسەتەکانی هاندانی ژنانی گەنجان لە سووڕێکی زۆرەملێ هاوسەرگیری دووگیانی گیریان خواردووە.

نەسیم ئەحمەدی

 

کرماشان- لە ژێر سیستەمی پیاوسالاریدا، ژن هەر لە لەدایکبوونەوە وەک کاڵایەک سەیر دەکرێت، هەندێک خێزان لەدایکبوونی منداڵی کچ وەک دەرفەتێک بۆ قازانج و بازرگانی سەیر دەکەن، ئەم تێڕوانینە بەدرێژای ساڵان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی هاوسەرگیری زۆرەملێ بە بیانووی وەک مارەی، پارەی خوێن، یان پاساوی ئابووری و کۆمەڵایەتی دیکە.

 

لەگەڵ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی حکومەت بە ئامانجی هاندانی هاوسەرگیری و منداڵبوون لە ڕێگەی هاندان و یارمەتییەکانەوە، شێوازی نوێی چەوساندنەوە سەری هەڵداوە، زۆرێک لە منداڵانی کچان بۆ وەرگرتنی قەرز و هاوکاری ناچار دەکرێن پێشوەختە هاوسەرگیری بکەن، نەک هەرئەوە بەڵکو ناچار دەکرێن زوو دووگیان بن، کە ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر دەکات و بەردەوامی دەدات بە کاڵاکردنی جەستەیان لە چوارچێوەی سیستەمێکدا کە دان بە مافە تاکەکەسییەکانیاندا نانێت.

 

قەرزی هاوسەرگیری: ئامرازێک بۆ سەوداگەری نێوان منداڵانی کچان

سیاسەتەکانی حکومەت لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردودا کە بووەتە هۆی قەیرانی ئابووری و لەناوچوونی ژێرخانی تەندروستی و دامەزراوەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی، بووەتە هۆی دابەزینی ڕێژەی منداڵبوون و لەدایک بوون، ئەمەش نیگەرانیەکانی بەساڵاچوون لە ئێراندا دروستکردووە. بۆیە دەسەڵاتداران هەوڵیان داوە بە دابینکردنی زەوی و خانوو، قەرزی منداڵبوون و زیادکردنی بەهای قەرزی هاوسەرگیری، ئارەزووی کۆمەڵگا بۆ هاوسەرگیری و لە ئەنجامدا منداڵبوون زیاتر بکەن. بەڵام هەموو ئەم ڕێوشوێنانە کە دەسەڵاتداران وەک ئامرازێک بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگا لە پیربوون سەیری دەکەن، بوونەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە کچان ببنە قوربانی سیاسەتە باوەکان کە ئامانجیان ڕێنماییکردنی کۆمەڵگایە بەرەو کۆمەڵگایەکی پیاوسالاری. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە قەرزی هاوسەرگیری و منداڵبوون و زیادکردنی بەهای قەرزەکان وایکردووە گروپە کەمداهاتەکان لە کۆمەڵگادا ئەم سوود و قەرزانە وەک سەرچاوەیەکی دارایی کە لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە بەردەستە سەیر بکەن. بە هیوای بەدەستهێنانی ئەم قەرزانە، کچەکانیان لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا ناچار دەکەن بچنە ناو خولێکی قازانجەوە. بە ناچارکردنیان بۆ هاوسەرگیری و منداڵبوون، بڕە پارەیەکی زۆر بەدەست دەهێنن لەگەڵ گەڕاندنەوەی درێژخایەن.

 

سیاسەتەکانی حکومەت لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردودا، بووەتە هۆی قەیرانی ئابووری و لەناوچوونی ژێرخانی تەندروستی و دامەزراوەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی، بووەتە هۆی دابەزینی ڕێژەی منداڵبوون و لەدایک بوون، کە ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی پیربوون لە ئێراندا دروستکردوە، بۆیە دەسەڵاتداران هەوڵیان داوە بە دابینکردنی زەوی و خانو، قەرزی منداڵبوون و زیادکردنی بەهای قەرزی هاوسەرگیری، ئارەزووی کۆمەڵگە بۆ هاوسەرگیری و لە ئەنجامدا منداڵبوون زیاتر بکەن، بەڵام هەموو ئەم ڕێوشوێنانە کە دەسەڵاتداران وەک ئامرازێک بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە پیربوون سەیری دەکەن، بوونەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە منداڵانی کچان ببنە قوربانی سیاسەتە باوەکان کە ئامانجیان ڕێنماییکردنی کۆمەڵگەیە بەرەو کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە قەرزی هاوسەرگیری و منداڵبوون و زیادکردنی بەهای قەرزەکان وایکردوە گروپە کەمداهاتەکان لە کۆمەڵگەدا ئەم سوود و قەرزانە وەک سەرچاوەیەکی دارای سەیر بکەن کە لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە بەردەستە، بە هیوای بەدەستهێنانی ئەم قەرزانە، منداڵە کچەکانیان لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا ناچار دەکەن بچنە ناو خولێکی قازانجەوە، ئەویش بە ناچارکردنیان بۆ هاوسەرگیری و منداڵبوون، بڕە پارەیەکی زۆر بەدەست دەهێنن لەگەڵ گەڕاندنەوەی درێژخایەن.

 

"هاندانی فەرمی هاوسەرگیری پێشوەختە"

بەپێی ھەموارەکانی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ قەرزی ھاوسەرگیری لە ئێران، ھاوژینان ئەگەر ژنێکی خوار تەم ٢٣ ساڵ و گەنجێکی خوار تەمەنی ٢٥ ساڵیان ھەبێت، ٧٠٠ میلیۆن تمەن قەرزیان پێدەدرێت، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی هۆکاری ئەم جیاکاریە دەگەڕێنێتەوە بۆ خواستی دەسەڵاتداران بۆ هاندانی هاوسەرگیری پێشوەختە وەک ئامرازێک بۆ هاندانی منداڵبوون و بەرپەرچدانەوەی دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی منداڵبوون و زیادبوونی دانیشتووان لە وڵاتدا.

 

"ئامارێکی شۆککەر لەسەر هاوسەرگیری منداڵان"

تەیبە سیاواشی، ئەندامی پەرلەمان بە پشتبەستن بە ئاماری بانکی ناوەندی ڕایگەیاند، دوای زیادبوونی کتوپڕی بڕی قەرزی هاوسەرگیری بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧، تەنها لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا، ژمارەی ئەو داواکارانەی کە تەمەنیان لە خوار ١٥ ساڵەوەیە و قەرزیان وەرگرتووە، ٩٠ ئەوەندەی ساڵی ٢٠١٧ زیاتر بووە، قەرزی هاوسەرگیری و زیادبوونی هاوسەرگیری منداڵان بە هەمان ئاراستەدا دەڕوات، کە بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی ئابووری ساڵانی ڕابردو و بڵاوبوونەوەی هەژاری، بێ گومان زیاتر لە قۆناغەکانی پێشو گەشەی کردوە، بەڵام ناچارکردنی منداڵانی کچان بۆ هاوسەرگیری بەمەبەستی وەرگرتنی قەرز بەوەوە کۆتای نایەت، هەروەها سوودەکانی منداڵبوون وایکردوە زۆرێک لە منداڵانی کچان لە تەمەنێکی بچوکدا توشی چەندین دووگیانی ببن، دوای ئەوەی توشی هاوسەرگیری زۆرەملێ بوون.

 

"لەدایکبوونی یەک لە دوای یەک لە منداڵیدا"

ڕۆیا نەهالی (ناوی خوازراو)، پەرستارێک کە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان کاردەکات، ئەزمونی خۆی دەگێڕێتەوە، وتی: لە ماوەی ساڵانی کارکردنم لە نەخۆشخانەکەدا، شاهیدی زۆرێک لە لەدایکبوونی منداڵانی کچانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ بووم، بەڵام ئەوەی بە تایبەتی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا سەرنجی ڕاکێشام، دووبارەبوونەوەی لەدایکبوونی ئەو منداڵە کچانە بوو بەبێ هیچ ماوەیەکی بەرچاو، بۆ نمونە لەم دواییانەدا بەشداریم لە لەدایکبوونی ژنێکی گەنجی ٢٠ ساڵان کرد کە منداڵی سێیەمی لەدایک دەبوو، بە کارمەندانی پزیشکی وت کە  ناتوانێت تێچووی نەخۆشخانەکە بدات، کاتێک لێمان پرسی بۆچی سەرەڕای بارودۆخە ئابووریە سەختەکەی بەردەوامە لە منداڵبوون، وەڵامی دایەوە کە هیوادارە دەسەڵات زەوی یان یەکەیەکی نیشتەجێبوونی پێببەخشێت لە بەرامبەر ئەوەی کە منداڵی زیاتری هەیە.

 

"ئامرازێک بۆ مانەوەی نەوەکان، لە چاوی حکومەتدا"

قەتیزکردنی بوونی ژن لە یەک ئەرکدا: منداڵبوون و هاوسەرگیری، یەکێک لە تایبەتمەندیە هەرە گرنگەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە لایەکی دیکەوە ئەوە سیستمی پیاوسالارییە کە بووەتە هۆی ئەوەی ژنان لە ئێراندا توشی ئازار و چەوساندنەوە بن و بە شێوازی نوێ و بێ خەیاڵیش بچەوسێنرێنەوە، ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتداران لە زیادکردنی ڕێژەی لەدایکبوون، لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دژە ژنان، ئەوە نیشان دەدات کە ڕۆڵی ژنان تەنها هۆکارێکە بۆ منداڵبوون و مانەوەی نەوەیەکە، گرنگیدانی دەسەڵاتداران بۆ منداڵبوون لە کاتێکدایە کە ژنانی دووگیان تەنانەت سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانی وەک پشکنینی پزیشکی نیە، لەبری ئەوەی مەرجی پێویستیان بۆ دابین بکەن، بێبەش دەکرێن.

 

"تەندروستی دایکان لە پەراوێزدا"

دوای تێپەڕاندنی یاسای پشتیوانی دانیشتوان و گەنجان و خێزان و بەپێی ماددەی ٥٣ی ئەم یاسایە، پشکنینی سکرینکردن بۆ ژنانی دووگیان قەدەغەکرا، ئەم قەدەغەکردنە وایکرد ئەم پشکنینانە کە لە سێ مانگی یەکەم و دووەمی دووگیانیدا ناچاری بوون بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی و نائاسایە ئەگەریەکانی کۆرپەلە، وەکو نەخۆشی داون، ئارەزوومەندانەن، کە ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەگەر دایک و باوک ئارەزووی ئەنجامدانی ئەو پشکنینانەیان نەکرد، ئەوا وەزارەتی تەندروستی پابەند نییە بە ئەنجامدانی ئەو پشکنینانە، ئەم پشکنینانە بە بەکارهێنانی کیتی دەستنیشانکردن ئەنجامدراون، کە وەزارەتی تەندروستی قەدەغەی کردوە (دەرکردنی مۆڵەتی بەرهەمهێنان و هاوردەکردن)، بە کردەوە ئەم بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی بەو واتایەیە کە لەدایکبوونی منداڵی نائاسایی بۆ دەسەڵات گرنگ نییە، و تاکە ئامانجیش زیادکردنی ڕێژەی لەدایک بوونە.

 

"سنووردارکردنی شاراوە و ئامانجی ئاشکرا"

دوابەدوای کاردانەوەی نەرێنی بەرامبەر ئەم بڕیارە، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند کە هیچ قەدەغەیەک نەبووە، بەڵام دەستڕاگەیشتن بەم کەرەستە سنووردارە سەرەڕای ئەو باوەڕە لەلایەن زۆرێکەوە دێت کە ئامانجی دەسەڵات لە پشت ئەم ڕێکارەوە ڕێگریکردنە لە لەباربردنی کۆرپەی شێواوی، لە ڕاستیددا دەسەڵات تەنها بەدوای زیادکردنی ژمارەی تازەلەدایکبوواندایە، لەکاتێکدا تەندروستی دایکان و منداڵان گرنگیەکی ئەوتۆی نییە.

 

سارە باراتی (ناوی خوازراو)، چالاکوانی ژنان لە کرماشان، وتی: هەموو بڕیارەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە گەنجانی، هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بوونی ژنان، بە شێوەیەکی کاریگەر ژنانیان کردوە بە ئامێری سەوداگەری و منداڵبوون، هەڵوەشاندنەوەی پشکنین دەبێتە هۆی لەدایکبوونی منداڵی توشبوو بە نەخۆشی، و بارگرانی چاودێریکردنی ئەو منداڵانە دەکەوێتە سەر دایک، بیهێنە بەرچاوت منداڵێکی کچ ناچارە هاوسەرگیری بکات، لە تەمەنی پانزە ساڵیدا و قەرزی هاوسەرگیریەکەی  بۆ هاوژینەکەی بێت، بۆ هەر منداڵێک کە لەدایک دەبێت، قەرزێکی زیادە یان دەرماڵەی نیشتەجێبوون دەدرێت بە سەرۆکی ماڵەکە کە بەزۆری پیاوە، لە کاتێکدا پیاو چێژ لە سوودەکانی هەبوونی ژن و منداڵ وەردەگرێت، بیهێنە بەرچاوت منداڵەکەی دیکەی بە نەخۆشیەکی دیاریکراو یان نائاسایی لەدایک ببێت، لەم بارودۆخەدا، ژنەکە دوای ئەوەی لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری دەکات و چەند منداڵێکی دەبێت، ناچار دەبێت چاودێری منداڵێکی کەمئەندام بکات کە کەمترین سەرچاوەی لەبەردەستدایە، قوربانی بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانە، لە ڕاستیدا هەموو بڕیارەکانی ئەم دوایەی پەیوەست بە گەنجان نوێنەرایەتی فۆرمێکی نوێی ژنکوژی دەکەن.

 

"قەرز و توندوتیژی و سەختی ژنان"

بەڵام ڕاستی ئەوەی کە یارمەتییەکانی منداڵبوون و قەرزی هاوسەرگیری سوودی بۆ پیاوان هەیە، تەنها بەشێکە لەو سیستەمەی کە ژنان دەچەوسێنێتەوە، زۆرێک لەو ژنانە لەگەڵ ئەوەی بەرگەی ئەو هەموو فشارە دەگرن، توشی توندوتیژی خێزانی دەبن، داریا. م، ٢٣ ساڵ، دایکی کوڕێکی تەمەن ٧ ساڵان، وتی: کاتێک هاوسەرگیریم کرد لەسەر ئامۆژگاری دایکم، پێیان وتم ئەگەر هاوسەرگیریت کرد، دەسەڵات پارەت پێدەدەن و دەتوانیت چەندین ملوانکەی زێڕین بکڕیت، بەڵام هاوژینەکەم هەموو ئەو قەرزەی کە وەرمانگرتبوو خەرجیکرد، ئێستا کە دوو منداڵمان هەیە، ڕۆژانە لێم دەدات و دەیوت کە ئێوە سێ کەس هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانمن و پێویستە لێت جیابببمەوە، هەروەها باوکم وتی: مارەییم نییە، لەبەر ئەوەی لەکاتی مارەییەکەم  پارەیەکی باشی لە هاوژینەکەم وەرگرتوە، مافی ئەوەم نییە ناڕەزایەتی دەرببڕم بەرامبەر بە ئازاردانی هاوژینەکەم و دەبێت بەرگەی بگرم، ئێستا هاوژینەکەم ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر لە ماڵەوە فڕێی دام و لەگەڵ منداڵەکانم لە لەوەڕگەی حەوشەی باوکمدا دەژیم و نازانم چ چارەنووسێک چاوەڕێم دەکات.

 

ئەزمونی داریا. م.تەنها بەشێکە لەم پرۆسەی قازانجبەخشەی هاوسەرگیری و منداڵبوون، کە سنوورەکانی لەلایەن پیاوانەوە دانراوە، لە ڕاستیدا ژنان وەک کاڵایەک لە نێوان خێزان و هاوژینەکانیاندا دەفرۆشرێن، دەسەڵات لە ڕێگەی ئەو یاسایانەی کە دایانناوە، توانیویەتی ئەم پرۆسەیە خێراتر بکات و ژنانی زیاتر ببنە قوربانی ئەم بازنەی ستەمکارییە، خولگەیەک کە پیاوسالاری دەباتە پێشەوە، ژنان وەک سوپایەکی تاریکی وان لە پاشخانی ژیاندا، کە تەنها مەبەستیان دابینکردنی پێداویستییەکانی پیاوانە، ئەگەر پێویست نەبن، بە ئاسانی لە ژیان دوور دەخرێنەوە و کەس باسیان ناکات.