"پێویستە ژنان خۆیان لەسەر مانیفێستۆی ‘کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک’ ڕێکبخەن"
سەبارەت بە هێرش و فشارەکان لەسەر ژنان، مامۆستایانی ژن لە کامپی پەنابەرانی مەخموور قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ڕایانگەیاند کە ژنان پێویستە خۆیان لەسەر مانیفێستی "کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک" ڕێکبخەن و پێکەوە دەنگیان دژی هێرشەکان بەرز بکەنەوە.

بەرژین کارا
مەخموور – ژمارەی حاڵەتەکانی کوژرانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا زیاد دەکات. لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن و تووشی توندوتیژی و هەراسانکردن و دەستدرێژی دەکرێنەوە، بە واتایەکی تر ڕووبەڕووی بێبایەخکردن دەبنەوە. ڕۆژێک تێناپەڕێت کە ژنان ڕووبەڕووی ئەم فشارە و عەقڵیەتی جینۆسایدی پیاوان نەبنەوە لە ماڵ و شەقام و گوند و شارەکانیاندا. بەڵام لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە ئەو یاسایانەی کە پێویستە دژی ئەم فشارە بوەستن و بکوژانی ژنان بپارێزن. بە واتایەکی تر، شانبەشانی هێرشی پیاوان، دەوڵەت بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکاتە سەر ژنان، بەتایبەتی ژنانی سیاسەتمەدار و چالاکوان و بەرخۆدێر، ئێستا گەیشتۆتە دۆخێک کە حکومەت یان دەوڵەت کە بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە بکوژان و ژنکوژان دەکات، ئێستا بە هەندێک زەمینەی یاسایی بە شێوەیەکی شەرعی بەرگری لە خۆی دەکات. جگە لەوەش ئەوانەی دەیانەوێت ژنان بپارێزن و دژی هێرش بۆ سەر ژنان بوەستنەوە، دەبنە ئامانجی دەسەڵات.
بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو فشار و ئەشکەنجە و کوشتارانە، ژنان لە هەموو شوێنێک بەردەوامن لە خەبات بۆ ئازادی و پێکەوە دەنگ بەرز دەکەنەوە لە دژی هەموو هێرشەکان.
سەبارەت بە ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان و هێرش و فشارەکان لەسەریان، مامۆستایانی ژن لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"ئەوان دەیانەوێت دەنگ و ڕەنگ و ڕێکخستنی ژنان نەهێڵن"
ماریا بۆزان بەم ڕستانە باسی لە فشار و هێرشکردنە سەر ژنان کرد و وتی: ئەگەر سەیری دنیا بکەیت بۆت دەردەکەوێت کە عەقڵیەتی پیاو زاڵە و ئەمەش دەیەوێت خۆی بەردەوام بکات، ڕەنگە هێرشەکانی دەوڵەت بۆ سەر ژنان ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام نەدرێت، بەڵام ڕێکخراوەکانی خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا دروست دەکەن بۆ کوشتن و بێدەنگکردنی ژنان دەیانەوێت دەنگ و ڕەنگ و ڕێکخستنی ژنان نەهێڵن، لە کوردستانیش هەمان شتە. لە باکووری کوردستان و بە تایبەتی لە تورکیا، ڕەنگە هێرشەکانی دەوڵەت بۆ سەر ژنان ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجام نەدرێت، بەڵام دەستی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوەکان لەناو کۆمەڵگەدا بۆ کوشتن و بێدەنگکردنی ژنان. هەوڵ دەدات دەنگ و ڕەنگ و ڕێکخستنی ژنان بە تایبەت لە ڕێگەی ئایین و بیروباوەڕەوە نەهێڵێت.
"ئەوان بە کوشتنی ژنان کۆمەڵگە دەکوژن"
ماریا بۆزان لە درێژەی قسەکانیدا بە ڕاکێشانی سەرنج بۆ پراکتیکەکانی ڕژێمی ئێران دژی ژنان و وتی: لە ئێران حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان زیادیان کردووە، بە شێوازی جیاواز وەک لە سێدارەدان، بەردبارانکردن هێرش دەکەنە سەر ژنان و ژن دەهێننە ئەو ئاستەی کە ڕێگای مردن هەڵبژێرن، ئەوان دەیانەوێت ژنێک بێدەنگ بکەن کە دەیەوێت بەشداری لە سیاسەتدا بکات بەم شێوەیە دەیانەوێت شێوازی دەسەڵاتداری خۆیان بکەنە جێی قبوڵکردنی ژنان، ئەو کارە بە کوشتنی ژن دەکەن، واتە بە کوشتنی ژن کۆمەڵگە دەکوژن، لە باشووری کوردستانیش بە هەمان شێوە هێرش دەکرێتە سەر ژنان و ناچارن خۆیان بکوژن. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەرچەندە ئێستا ژنان لەگەڵ شۆڕشدا دەنگیان پەیداکردووە، بەڵام لە سووریا ژنان ئەوانەن کە زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت و بەهۆی شەڕی ئێستاوە هێرشیان دەکرێتە سەر.
"دەبێت لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگە خۆمان ڕێکبخەین"
ماریە بۆزان وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە چۆن ژنان دەتوانن لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بوەستنەوە وتی: پێویستە ڕێکخراوێکی بەهێزی ژنانمان هەبێت، تا ڕێکخراوێکی بەهێزمان نەبێت، ناتوانین بەرەنگاری ئەم عەقڵیەتەی ئێستا ببینەوە، چونکە سیستمی ئێستای هەزاران ساڵە خۆی ڕێکخستووە و سیستمی خۆی بونیاد ناوە، بۆ ئەوەش دەبێت خۆمان لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگادا ڕێکبخەین، دەبێت خەبات بکەین بۆ زمان و کولتوور و خۆپاراستن.
"پێویستە دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆ بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە"
ماریا بۆزان لە کۆتایی قسەکانیدا سەرنجی بۆ ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەی مانیفێستی ‘ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’دا ڕاکێشا و وتی: لە ماوەی ئەو خەباتە ٥٠ ساڵەی کە تا ئەمڕۆ بەڕێوەچووە، خەباتێکی گەورە بۆ ژنان کراوە بۆ ئەوەی ببنە سەرکردە، ڕێبەر بە تایبەتی لە کتێبەکانیدا بە وردی باسی ئەم بابەتە دەکات. لە کۆتاییدا بە مانیفێستی ‘ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’، خەڵک دەبێت خۆیان پەروەردە بکەن و تێبگەن لەبەر ئەوەی ئەم مانیفێستە دیدگاکانی سەردەمی ئێستایە، ئێمە باشتر لەوە تێگەیشتوین کە بکوژانی ژنان لە سەردەمی بەردینی نوێوە تا ئێستا هاتوون، بۆ ئەوەی خەباتەکەمان بەهێز بکەین، پێویستە لەم دیدگایانە تێبگەین و پراکتیزەی بکەین.
"هەوڵ دەدەن پێش بە خەباتی ژنان بگرن"
ئەڤین تایبۆخا هەروەها باسی لە هێرشکردنە سەر ژنان کرد و وتی: لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو پڕۆسەیەی کە گەلی کورد پیشنەگایەتی دەکات، ژنان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی ئاگاداری بوونیان بوون. ئەوان ئاگاداری ئەو هەڵانە بوون کە لە مێژوودا کردوویانە، ئەو هێرشانەی کە کراوەتە سەریان. بە تایبەتی ئاگاداری ناسنامەی خۆیان بوون و ئەو نادادپەروەرییە قبوڵ ناکەن کە بەرامبەریان دەکرێت کە پێشەنگایەتی گۆڕانکاری و گۆڕینی کۆمەڵگە دەکەن ژنانن چونکە کۆمەڵگە لە دەوری ژن و دایک کۆدەبێتەوە، ئەمە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ڕاپەڕینەکەی ژینا ئەمینی دەرکەوتووە، هەروەها ئەو هێرشانەی کە دەستیان پێکردووە، ژنانیش زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بووە. ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن و دەستدرێژی دەکرێن و لە سێدارە دەدرێن. بە واتایەکی دیکە هەوڵدەدەن ڕێگری لە سەرهەڵدانی یاخیبوونێکی وەک ڕاپەڕینی ژینا ئەمینی بکەنەوە.
"هاوپشتییەکی بەهێزی ژنان پێویستە"
ئەڤین تایبۆخا لە کۆتایی قسەکانیدا بەم شێوەیە وتی: هاودەنگییەکی بەهێزی ژنان لە دژی ئەم هێرشانە پێویستە، یەک دەنگ نابیسترێت، ڕێکخستنی جەوهەرییە، کۆکردنەوەی ژنان و پەروەردەکردنیان و بەئاگاکردنەوەیان نەک هەر گرنگە، بەڵکو پێویستییەکی بنەڕەتییە، پێویستی بە ڕێکخستن و خۆپەروەردەکردن و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی کۆمەڵگە هەیە، تەنها ژنان نین کە دەبێت پێشنەگایەتی ئەم خەباتە بکەن، هەموو کۆمەڵگاکان کە بابەتن بۆ هێرشە جینۆسایدییەکان دەبێت تێبکۆشن.