نەتەوەیەكگرتووەكان ئاوارەبوونی ٩٠٪ی دانیشتووانی غەززەی ئاشکرا کرد

ئاژانسی فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین بڵاوی كردەوە، ٩٠٪ی دانیشتووانی غەززە لە سەرەتای شەڕەوە ناچاربوون ماڵەكانیان بەجێبهێڵن، بەجۆرێك هەندێكیان ١٠ جار یان زیاتر ئاوارە بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین سەبارەت بە ئاوارە بوونی دانیشتوانی غەزە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، لە ساڵی ١٩٤٨دا هەزاران فەڵەستینی لە شار و گوندەكانیان ئاوارە بوون، ئەمەش ڕووداوێكی زۆر سەخت بووە، دوای ٧٧ ساڵ هێشتا فەڵەستینییەكان بە زۆر ئاوارە دەكرێن.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕەوە لە غەززە، نزیكەی لە ٩٠٪ی دانیشتووان ناچاربوون ماڵەكانیان بەجێبهێڵن، بەجۆرێك هەندێكیان ١٠ جار یان زیاتر ئاوارە بوون.

 

لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە لە مانگی تشرینی یەكەمی  ٢٠٢٣ ـەوە بەهۆی بەردەوامی بۆردومانی ئاسمانی، گەمارۆ، كە بەسەر كەرتی غەزەدا سەپێندراوە زۆرینەی دانیشتوانی غەزە ئاوارەبوون.