نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات دەستبەجێ قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە ئەفغانستان هەڵبگیرێت

بۆ ڕزگارکردنی ئایندەی ملیۆنان کچ دوای سێ ساڵ لە بێبەشکردنی خوێندن، یونیسێف داوای لە تاڵیبان کرد قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لەو وڵاتە هەڵبوەشێنێتەوe.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەفغانستان تاکە وڵاتی جیهانە کە خوێندنی کچان لە دوای پۆلی شەشەم قەدەغە دەکات، بە بیانووی ناتەبایی لەگەڵ لێکدانەوەکانی بۆ شەریعەتی ئیسلامی.

 

لە کاتێکدا ساڵێکی نوێی خوێندن لە ئەفغانستان بەبێ کچان لە دوای پۆلی شەشەم دەستپێدەکات، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) ئەمڕۆ ٢٢ی ئادار داوای لە تاڵیبان کرد کە دەستبەجێ قەدەغەکردنی بەردەوامی لەسەر خوێندنی کچان لە وڵاتەکەدا هەڵبگرێت، ئەمەش ئامانجی ڕزگارکردنی داهاتووی ملیۆنان کچە کە لە ساڵی ٢٠٢١ی تاڵیبانەوە لە مافی خوێندن بێبەش کراون.

 

ڕێکخراوەکە دووپاتی کردەوە کە قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لەدوای پۆلی شەشەمەوە، ٤٠٠ هەزار کچی لە مافی خوێندن بێبەش کردووە، بەمەش کۆی ژمارەی کچان گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کچ.

 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف ڕایگەیاند، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە مافی کچان لە ئەفغانستان پێشێل دەکرێت، دەبێت هەموو کچان لە ئێستاوە ڕێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە بۆ خوێندنگە، لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئەگەر خوێندنیان بەردەوام بێت، کاردانەوەکانی بۆ چەندین نەوە بەردەوام دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، قەدەغەکردنی خوێندنی کچان زیان بە ئایندەی ملیۆنان کچانی وڵات دەگەیەنێت، ئەگەر تا ساڵی ٢٠٣٠ بەردەوام بێت، زیاتر لە چوار ملیۆن کچ لە مافی خوێندن لە دەرەوەی خوێندنی سەرەتایی بێبەش دەبن، لێکەوتەکانیشی کارەساتبار دەبن.