بەلەمێکی کۆچبەران بە ٣٠ سەرنشینەوە ژێرئاو کەوت

لە دەریای ئیجە و نزیک لە سنوورەكانی یۆنان، بەلەمێكی كۆچبەران بە ٣٠ سەرنشینەوە ژێرئاوكەوت و بەشێک لە کۆچبەران ڕزگارکراون، بەڵام هێشتا چارەنووسی بەشێكی دیكەیان نادیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

توانا عومەر، ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆی بواری كۆچبەران سەبارەت بە ژێرئاو کەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تییدا هاتووە: لە كەناری دوورگەی فارماكۆنیسی دەریای ئیجە، بەلەمێكی كۆچبەران بە ٣٠ سەرنشینەوە ژێرئاو كەوت و تواندرا ١٩ كۆچبەر ڕزگار بكرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا هەوڵەكان بۆ گەڕان بەدوای چارەنووسی بەشێک لە كۆچبەران بەردەوامیی هەیە، كە گومان لە بێسەروشوێنبوونی بەشێكیان هەیە و هەر لەو ڕووداوەشدا، پیاوێك خنكاوە و تەندروستی دوو منداڵیش ناجێگیرە.

 

ئەوەشیختەروو، لە ئێستادا بەهۆی هەوڵە چڕەكانی تیمی گەڕان و پشكنینی تایبەت بە دۆزینەوەی بەشێك لە كۆچبەران، ناسنامەی كۆچبەرەكان ئاشكرا نەكراوە كە لە نێو بەلەمەكەدابوون.