نابیستان بۆ یەکەمجار لەبارەی باڵانسی جێندەرەوە بەشداری وۆرکشۆپێکیان کرد
بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی چینی نابیستان دەربارەی گرنگی ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری لە کۆمەڵگادا، بۆ یەکەمجار بەشداری وۆرکشۆپێکیان لەوە بارەیەوە کرد. سلێمانی
بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی چینی نابیستان دەربارەی گرنگی ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری لە کۆمەڵگادا، بۆ یەکەمجار بەشداری وۆرکشۆپێکیان لەوە بارەیەوە کرد.
سلێمانی
ئێوارەی دوێنێ لە باخچەی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت ڕێکخراوی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی خانزاد بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ئاماژە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی وۆرکشۆپێکیان بە ناوی "پاراستنی باڵانسی جێندەری لە کۆمەڵگادا" بۆ نابیستان ئەنجامدا.
لە وۆرکشۆپەکەدا لەلایەن بەختیار فەتاح، کۆمەڵناس باس لە باڵانسی جێندەری کرا، لەلایەن بەهار مەحمود سەرۆکی ڕێکخراوی ئاماژە بە زمانی ئاماژە بۆ ئامادەبوانی ۆرکشۆپەکەی وەرگێڕدرا.
بەهار مەحمود بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئاماژە باسی لە گرنگی باڵانسی جێندەری کرد و لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "ئەنجامدانی ئەو وۆرکشۆپانە بۆ نابیستان گرنگە، چونکە ئەوان یەکەم جارییانە بەشداری ئەو وۆرکشۆپانە بکەن، وەک کەسانی دیکە نەیانتوانیووە بەشداری خولەکانی گەشەپێدانی مرۆیی بکەن بەتایبەت بابەتەکانی وەک باڵانسی جێندەری".
هەروەها بەهار مەحمود ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری نابیستان نەیانتوانیووە بگەنە قۆناغی خوێندنی دوای ئامادەیی، بۆیە گرنگە لە ڕێی بەشداری سیمینار و خولەکانەوە ئاستی ڕۆشنبیرییان بەرز بکەنەوە، لە ڕێکخرەوەکەشیاندا هەوڵی پاراستنی باڵانسی جێندەرییانداوە.
گوڵزارعەبدوللە جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی ئاماژە ئاشکرای کرد، بابەتی ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری بۆ نابیستان بابەتێکی نامۆ و تازە بوو، بەهۆی ئاستەنگی زۆرەوە ژنان نەیانتووانویوە بەشداری خولی و سیمیناری لەو جۆرە بکەن، ئەوانیش وەک ڕێکخراوەکەیان بەردەوام هەوڵیانداوە تا نابیستان هۆشیاربکەنەوە وداکۆکی لە مافەکانیان بکەن.
ئەڤین ئەحمەد، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی خانزاد گوتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەوان وەک ڕێکخراوی خانزاد گرنگیدان بەو جۆرە چالاکیانە دەدەن، چونکە نابیستان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگان، پێویستیان بە هۆشیاری زیاتر هەیە.
سۆزان حاتەم، یەکێک لە نابیستانی بەشداربوانی وۆرکشۆپەکە کە خوێندکاری قۆناغی دووی زانکۆیە و بە زمانی ئاماژە باسی لەوە کرد، لە ڕێی ئەو وۆرکشۆپەوە زانیاری زیاتری لە بارەی بابەتە جێندەرییەکان و جیاوازییەکانی نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا وەگرتووە.
لە کۆتایی وۆرکشوپەدا بەشێک لە ئامادەبووان باسیان لەو ڕێگریانە کرد، کە بەهۆی جیاکاری جێندەری لەلایەن خێزانەکانیان و کۆمەڵگەوە بۆیان دروستبووە.