کۆڕێکی شعری بۆ ژنانی شاعیر بەڕێوەچوو

 لە کۆڕیکی شعیریدا باڵادەستی ژنان لە نوسینی شعردا نیشاندرا، سێ شاعیری ژن چەندین پارچە شعیریان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

سلێمانی

 

ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت سی دی ئۆ بە هاوبەشی یەکێتی گشتی قوتابیان ئەنجومەنی سلێمانی، پاشنیوەڕۆی دوێنێ کۆڕێکی شعری بۆ هەریەکە لە شاعیران "شەیدا مەعروف، ژیان قەرەداغی، دایکی پەرچەم" ڕێکخست.

لەو کۆڕەدا و بە ئامادەبونی هاوڵاتیان و هونەر دۆستان و ئەدیباب ئەو شاعیرانەوە چەندین پارچە شعر لە بابەتە جیاوازەکاندا پێشکەشکرا.

 

دایکی پەرچەم،یەكێک لە شاعیرەکانە، لە ساڵی ١٩٨٤ ەوە دەستی بە نووسین کردووە، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ژنها، باسی ئەوە دەکات کە هیچ خزمەتێک بە هونەری نوسینی شعر نەکراوە، دەڵێت"شاعیران خزمەتێکی پێویست نەکراون کە شایستە بێت، خزمەتێکبێت بۆ دەست و قەڵەم، کتێبەکانیش کە چاپ دەکرێت شاعیران لەسەر ئەرکی خۆیان چاپی دەکەن، تەنها کەسانێک لە دەسەڵاتدارانەوە نزیک بن هاوکاری دەکرێن".

هەرەوەها دایکی پەرچەم رەخنەی ئەوەی کرد، هیچ خزمەتێک بە ئەدەب و هونەری ڕۆشنبیری کوردی ناکرێت لە کوردستان بە تایبەت بۆ ژنان، بە ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری زانی کە هاوکاری شاعیران و نووسەران بن.

 

پایز وەرزێکی تایبەتە، بەپێی وتەکانی دایکی پەرچە، پایز لە ڕۆحی مرۆڤەکانەوە نزیکە ئەم نزیکایەتیەش لە شعرەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، کە وەرینی گەڵای درەختەکان و مردنی مرۆڤەکان ئاوێتەی یەکتردەبن.

 

ژیان قەرەداغی، یەکێکی دیکە لە شاعیرەکان ڕەخنەی ئەوەی کرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید١٩ خەڵکیش لە هونەر و کۆڕە شعرییەکان دوور کەوتووەتەوە، دەڵێت "ژنانێکی زۆر هەیە کە دەنووسن و توانا و لێهاتوویەکی باشیان هەیە، بەڵام دەرفەتییان پێنەدراوە و هاوکاری نەکراون و هەمیشە کاتێک بارودۆخە سەختەکان دێت ژنان دەبنە قوربانی".

 

 لە کۆتایی کۆرەکەدا یەکێتی گشتی قوتابیان ئەنجومەنی سلێمانی خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەشی هەریەکە لە شاعیران کرد.