موشەک و درۆن لە کەرکوک و زاخۆو کەوتنە خوارەوە

سێ موشەک لە کەرکوک کەوتنە خوارەوەو درۆنێکی بۆمبڕێژکراویش لە کامپیدەرکارێ لە سنووری شارەدێی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتە خوارەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 

کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١ی تەمووز، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە کامپی دەرکارێ لە سنووری شارەدێی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتە خوارەوە، جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.

 

کامپەکە تایبەتە بە کوردانی ئێزدی کە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی هێرشی دڕندانەی داعش لە شنگال ئاوارە بوون، درۆنەکە بەر خوێندنگەی کامەکە کەوتووەو سێ کابینە سووتاون.

 

هەروەها شەوی ڕابردوو ٣٠ی حوزەیران کاتژمێر١١:٣٠ خولەک، سێ موشەک لەجۆری کاتیۆشا ئاڕاستەی شاری کەرکوک کرا، دووانیان لە فڕۆکەخانەی کەرکوک کەوتنە خوارەوەو یەکێکیش بەر ماڵێک لە گەڕەکی عروبە کەوتووە.

 

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، موشەکەکانی کەرکوک لەناوی عێراقەوە ئاڕاستە کراون.