منداڵان و ژنانی دووگیان پاش چەند مانگێک دیلکردن، ئازاد کران
پۆلیسی ناوخۆی نێجیریا ڕایگەیاندووە، کە زیاتر لە ٩٠ بارمتە لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی جیادا لە باکوری ڕۆژئاوای نێجیریا ڕزگارکراون کە منداڵان و ژنانی دووگیانیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ
ئەیوبا ئەلکانا، بەرپرسی پۆلیسی باکوری ڕۆژئاوای ویلایەتی زامفەرە، ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە گوسۆی پایتەختی ویلایەتەکە ڕایگەیاند، کە ڕۆژی دووشەممە ٩٧ ڕفێندراو بە منداڵ و پەرستار و ژنانی دووگیان کە بەدیل گیرابوون ئازاد کران.
پۆلیس ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو کەسانە دوو مانگە بە دیل گیراون و حەوت ژنی دووگیانیان تێدا بووەو منداڵی تەمەن نێوان دوو تا حەوت مانگ و ١٦ منداڵی تەمەن دوو تا حەوت ساڵیشیان تێدا بووە.
زامفەرە و هاوسێکانی باکوری ڕۆژئاواش چەند مانگێکە لەژێر گەمارۆدان لەلایەن چەکدارانەوە کە لەناوخۆدا ناسراون بە "چەتە" کە زنجیرەیەک ڕفاندنیان لە هەرێمەکە ئەنجام داوە.