٢٥٠ پارێزەر لە ""OHDو بارۆی ئامەد بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن لە ناوەندەکان دەبن

گیزەم میران، هاوسەرۆکی لقی ئامەدی ""OHD ڕایگەیاند، کە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا، ٢٥٠ پارێزەر بۆ ئاسایشی ئامەد تەرخان دەکرێن و وتی: ئەو ڕۆژە لە هەموو قوتابخانەکان لە هەموو سندوقێکدا دەبین، دەنگدەران دەبێت لە کەشێکی سەلامەتدا دەنگ بدەن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد-گەلی باکوری کوردستان و تورکیا ڕۆژی یەکشەممە دەچنە بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان، ئەو بابەتەی کە لە بەرنامەی ئەم پرۆسەیەدا بوو، ئاسایشی هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان بوو، لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بۆ پاراستنی دەنگەکان بە وریاییەوە کار دەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕۆژی دەنگدان بە شێوەیەکی ڕوون بەڕێوەدەچێت، بە هەمان شێوە، پارێزەران لە هەموو ئەو قوتابخانانەدا کە دەنگیان تێدا دەدرێت کاردەکەن، پارێزەرانی ئامەد خۆیان بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن ئامادە دەکەن و چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکەن لە بنکەکانی دەنگدان،٢٥٠ پارێزەر لە کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی "OHD" و کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد لە ڕۆژی هەڵبژاردن بەشدار دەبن.

 

"ئێمە نیگەرانین لە ئاسایشی هەڵبژاردن"

گیزەم میران، هاوسەرۆکی لقی ئامەدی ئۆهەدە ئاماژەی بەەکرد سەرەڕای هەموو نیگەرانییەکان لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ئەوان لە بنکەکانی دەنگدان دەبن وتی: پێویستە گەل لە کەشێکی سەلامەتدا دەنگ بدەن،  OHD و بارۆی ئامەد بۆ ماوەی چەند مانگێکە کار دەکەن و ڕاهێنان دەکەن بۆ ئاسایشی هەڵبژاردنەکان، وتی: ١٢٠  پارێزەری OHD دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە داوای ئاسایشی هەڵبژاردن بکەن لە هەر قوتابخانەیەکدا، پێش ئەمە، پێویستە چەمکی ئاسایشی هەڵبژاردن ڕوون بکەینەوە. ئاسایش تەنها ئەوە نییە کە هەموو کەسێک ئەو ڕۆژە دەنگ بدات بەبێ ترس و نیگەرانی. ئەو ترس و نیگەرانییەی کە چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان دروست بوو، بەداخەوە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئاسایش دروست دەکات.

 

"ئۆپەراسیۆنەکان نیگەرانییەکانی ئێمەی زیاد کرد"

گیزەم میران ڕایگەیاند یەکێک لەو شتانەی ئەم نیگەرانییەی بەرزکردەوە ئۆپەراسیۆنەکانی دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن بوو لە ٢٥ی نیسان و دواتر کە چوار لە هاوڕێکانیان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستگیرکراون، وتیشی: ئۆپەراسیۆنەکە هیچ سوودێکی نییە جگە لە بەرزکردنەوەی نیگەرانییەکان، لە هەموو پڕۆسەیەکدا پارێزەران و ئەوانەی لە پێناو دیموکراسیدا دەجەنگن لە مەیدانەکاندا کار دەکەن، هەروەها ئێمە بەپێی ئەوە کارەکانمان ڕێکخست، ئەو جۆرە نیگەرانییانەمان نەبوو چونکە بارودۆخێکی ئاسایی بوو، بەڵام لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییانەدا، ئێمە نیگەران بووین. لە کۆی ١٤٥ دەستبەسەرکراو، ٤٩ کەس دەستگیرکران، لە ناو دەستگیرکراوەکاندا سێ پارێزەر و پێنج ڕۆژنامەنووس هەبوون، دوای ئۆپەراسیۆنی ئامەد لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرەش ئەنجامدرا. ئەمەش نیگەرانییەکانی ئێمەی زیاتر کرد.

 

"ئێمە لە بنکەکانی دەنگدان دەبین بۆ سەلامەتی سندوقەکانی دەنگدان"

گیزەم میران ئاماژەی بەوەکرد وەک پارێزەرەکانی OHD، ئەوان لە هەموو قوتابخانەکان دەبن لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بۆ سەلامەتی سندوقەکانی دەنگدان و داوای لە دەنگدەران کرد بچن بۆ دەنگدان، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە جارێکی دیکە داوا لە دەزگاکانی دادوەری دەکەین. واز لە ئۆپەراسیۆنی سیاسی و نایاسایی بهێنن کە کاریگەری لەسەر ئیرادەی گەل هەیە، پێویستە هەموو کەسێک بچێت بۆ دەنگدان بۆ دیموکراسیترین مافی خۆی، دوور لە نیگەرانی و ترس، ئێمە ئەو ڕۆژە وەک پارێزەر ئامادە دەبین و ئاگاداری هەموو سندوقەکانی دەنگدان دەبین، ئێمە بەپێی یاسا کاردەکەین و بۆ ئەو کێشانەی دێنە ئاراوە سندوقەکانی دەنگدان دەپارێزین.