"ماریا" لە لایەن براکەیەوە کوژرا
دوای ئەوەی تەرمی "ماریا" لە شەقامێکی هەولێر دۆزرایەوە، دواتر دەرکەوت لە لایەن برایەکیەوە کوژراوەو دوای دوو ڕۆژ لە ڕوداوەکە دەستگیرکرا.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/03/20220310-screenshot-2022-03-10-091050-jpg564bd2-image.jpg)
دوای ئەوەی تەرمی "ماریا" لە شەقامێکی هەولێر دۆزرایەوە، دواتر دەرکەوت لە لایەن برایەکیەوە کوژراوەو دوای دوو ڕۆژ لە ڕوداوەکە دەستگیرکرا.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٧ی ئادار، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەکرد کە تەرمی ژنێکی گەنج بەناوی "ئیمان سامی مەغدید" ناسراو بە "ماریا" لە شەقامی ١٠٠ مەتری دۆزراوەتەوە".
شەوی ڕابردوو لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئەوەیخستەڕوو کە دوای لێکۆلینەوەو بەدواداچوونێکی وورد، دوێنێ ٩ی ئادار هێزەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک و نەهێشتنی تاوانی کەرکوک و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک بەهەماهەنگی توانیان بکوژەکە لەشاری کەرکوک بەناوی "ا. س. م." و کەسێکی تر کەتۆمەتباری داڵدەدان بوو دەستگیر بکەن، لەئێستادا تۆمەتباران دەستبەسەرن و لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوکیش دەستگیرکردنی بکوژی ماریای پشتڕاستکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد کە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر هەڵهاتنی بکوژی "ماریا" بۆ شاری کەرکوک و لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق و بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی کەرکوک، بکوژی سەرەکیی دەستگیرکرا.
دوای کوشتنی ماریا، ڕەخنە لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان گیراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرش بۆ سەر ڕێکخراوەکان هەیە بەوەی کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی ژنان ئازادبن، لە بەرامبەر تۆمەتبارکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان شادیە نەوزاد، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: "تۆمەتبار کردنی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی مرۆڤ و ژنان بەوەی ئەوانن هۆکاری کوشتنی ماریا، وەک ئەوە وایە سەرت بێشێت پەنجە گەورەی قاچت بسوتێنیت".
شادیە نەوزاد ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو هێرشەی دەکرێتە سەر ڕێکخراوەکان "لەگەڵ هەموو تێبینییە بەجێکانیش" بێ مەرام نییە، بەڵکوو بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکی تاڵ و شەرم هێنە، ئەویش بەرزبونەوەی بێهاوتای ڕێژەی کوشتنی ژنانە لەم ٦۷ڕۆژەی سەرەتای ساڵدا.
دەشڵێت: "گەر ئەو تۆمەتانە وەک سوتاندنی پەنجە گەورەکەی قاچ بێت، لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆ سوتاندنی پەنجەتوتەکەیە، وەزیری ناوخۆ تەنیا ئەوەندە مابوو بڵێت ڕێنماییەک دەردەکەین بۆ چۆنیەتی پەیڕەوکردنی ئازادییەکانی تاک، کە دەبوو لەجێی ئەوەی بەو شێوەیە بدوێ لانی کەمی زۆر کەم داوای لێبوردنی بکردایە کە لەناوەندی پایتەختی ئارامی و لە یەکێک لە شەقامە جەنجاڵەکاندا کچێک دەکوژرێت".